عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قسەی شەشەمی ئەیوب 
1
ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2
«هەتا کەی گیانم ئازار دەدەن و
بە قسە وردم دەکەن؟
3
ئەمە دەیەم جارە ڕیسوام دەکەن،
بەبێ شەرمی هێرشتان کردە سەرم.
4
گریمان بە ڕاستی گومڕا بووم،
گومڕاییەکەم بەسەر خۆم دەشکێتەوە.
5
ئەگەر بەڕاستی ئێوە خۆتان لە من بە گەورەتر دادەنێن و
شەرمەزارییەکەی من لە دژی خۆم بەکاردەهێنن،
6
ئەوا با لەلاتان زانراو بێت، خودا خۆی منی خوار کردووەتەوە و
تۆڕەکەی بەدەورمدا ڕاکێشا.
7
«هەرچەندە لەبەر ستەم هاوار دەکەم، بەڵام وەڵامم نادرێتەوە،
هاوار دەهێنم، بەڵام دادپەروەری نییە.
8
ڕێی لێ گرتم و ناپەڕمەوە،
تاریکی خستووەتە سەر ڕێڕەوم.
9
شکۆمەندییەکەمی لێم داماڵی و
تاجەکەی سەرمی لێکردەوە.
10
لە هەموو لایەکەوە منی ڕووخاند تاوەکو نەمێنم و
هیوای منی وەک دار هەڵکەند.
11
تووڕەیی خۆی بەسەرمدا داگیرساند و
بە دوژمنی خۆی دانام.
12
پەلاماردەرەکانی پێکەوە هاتن و
سەنگەریان لە دژی من لێدا و
لە دەوری چادرەکەم خۆیان دامەزراند.
13
«کەسوکاری منی لێم دوورخستەوە و
ناسیاوەکانم لێم بوون بە بێگانە.
14
خزمەکانم وازیان لێ هێنام و
ئەوانەی منیان ناسی لەبیریان کردم.
15
میوان و کارەکەرەکانم وەک بیانی دایاننام،
وەک نامۆیەک مامەڵەم لەگەڵ دەکەن.
16
بانگی خزمەتکارەکەی خۆمم کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە،
هەرچەندە بە دەمی خۆم لێی پاڕامەوە.
17
بۆنم ناخۆش بووە لەلای ژنەکەم و
قێزەونم لەلای جگەرگۆشەکانم.
18
تەنانەت منداڵانیش سووکایەتییان پێکردم،
کە هەستم، باسی من دەکەن.
19
هەموو دۆستەکانم ڕقیان لێم بووەوە و
ئەوانەی خۆشم دەویستن لە دژم هەڵگەڕانەوە.
20
ئێسکم بە پێست و گۆشتمەوە نووساوە و
بە خۆم و پووکمەوە دەرباز بووم.
21
«بەزەییتان پێم بێتەوە، بەزەییتان پێم بێتەوە ئەی هاوڕێیان،
چونکە دەستی خودا لێی داوم.
22
بۆچی ئێوەش وەک خودا ڕاوم دەنێن؟
لە گۆشتم تێر نابن؟
23
«خۆزگە وشەکانم دەنووسرانەوە،
خۆزگە لەناو تۆمارێکدا وێنەیان دەکێشرا،
24
خۆزگە بە پێنووسی ئاسن لەسەر قورقوشم دەنووسران یان
بۆ هەتاهەتایە لەسەر بەرد هەڵدەکۆڵران.
25
بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە[a] زیندووە و
لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە.
26
پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت،
هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم.[b]
27
ئەوەی من بۆ خۆم دەیبینم و
چاوەکانم تەماشا دەکەن، نەک یەکێکی دیکە،
لە ناخمەوە تامەزرۆی ئەوەم!
28
«ئەگەر ئێوە دەڵێن: ”چەند ڕاوی دەنێین،
چونکە ڕەگی کێشەکە لەلای ئەوە،“
29
لە خۆتان بترسن لە ڕووی شمشێر،
چونکە تووڕەیی سزای شمشێر دەهێنێت،
ئیتر دەزانن کە دادوەری هەیە.»
  1. a. 19‏:25 وەک کڕینەوەی کۆیلەیەک بۆ ئازادبوون.‏
  2. b. 19‏:26 لە عیبری دەگوترێت (لە جەستەکەمەوە)، هەروەها هەندێک لە وەرگێڕانەکان بە (جەستەم هەیە کە خودا دەبینم) وەریانگێڕاوە.‏