عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قسه‌ی شه‌شه‌می ئه‌یوب 
1
ئه‌یوبیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
2
«هه‌تا كه‌ی گیانم ئازار ده‌ده‌ن و
به‌ قسه‌ وردم ده‌كه‌ن؟
3
ئه‌مه‌ ده‌یه‌م جاره‌ ڕیسوام ده‌كه‌ن،
به‌بێ شه‌رمی هێرشتان كرده‌ سه‌رم.
4
گریمان به‌ ڕاستی گومڕا بووم،
گومڕاییه‌كه‌م به‌سه‌ر خۆم ده‌شكێته‌وه‌.
5
ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئێوه‌ خۆتان له‌ من به‌ گه‌وره‌تر داده‌نێن و
شه‌رمه‌زارییه‌كه‌ی من له‌ دژی خۆم به‌كارده‌هێنن،
6
ئه‌وا با له‌لاتان زانراو بێت، خودا خۆی منی خوار كردووه‌ته‌وه‌ و
تۆڕه‌كه‌ی به‌ده‌ورمدا ڕاكێشا.
7
«هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌ر سته‌م هاوار ده‌كه‌م، به‌ڵام وه‌ڵامم نادرێته‌وه‌،
هاوار ده‌هێنم، به‌ڵام دادپه‌روه‌ری نییه‌.
8
ڕێی لێ گرتم و ناپه‌ڕمه‌وه‌،
تاریكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ڕێڕه‌وم.
9
شكۆمه‌ندییه‌كه‌می لێم داماڵی و
تاجه‌كه‌ی سه‌رمی لێكرده‌وه‌.
10
له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ منی ڕووخاند تاوه‌كو نه‌مێنم و
هیوای منی وه‌ك دار هه‌ڵكه‌ند.
11
تووڕه‌یی خۆی به‌سه‌رمدا داگیرساند و
به‌ دوژمنی خۆی دانام.
12
په‌لامارده‌ره‌كانی پێكه‌وه‌ هاتن و
سه‌نگه‌ریان له‌ دژی من لێدا و
له‌ ده‌وری چادره‌كه‌م خۆیان دامه‌زراند.
13
«كه‌سوكاری منی لێم دوورخسته‌وه‌ و
ناسیاوه‌كانم لێم بوون به‌ بێگانه‌.
14
خزمه‌كانم وازیان لێ هێنام و
ئه‌وانه‌ی منیان ناسی له‌بیریان كردم.
15
میوان و كاره‌كه‌ره‌كانم وه‌ك بیانی دایاننام،
وه‌ك نامۆیه‌ك مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.
16
بانگی خزمه‌تكاره‌كه‌ی خۆمم كرد به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌،
هه‌رچه‌نده‌ به‌ ده‌می خۆم لێی پاڕامه‌وه‌.
17
بۆنم ناخۆش بووه‌ له‌لای ژنه‌كه‌م و
قێزه‌ونم له‌لای جگه‌رگۆشه‌كانم.
18
ته‌نانه‌ت منداڵانیش سووكایه‌تییان پێكردم،
كه‌ هه‌ستم باسی من ده‌كه‌ن.
19
هه‌موو دۆسته‌كانم ڕقیان لێم بووه‌وه‌ و
ئه‌وانه‌ی خۆشم ده‌ویستن له‌ دژم هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌.
20
ئێسكم به‌ پێست و گۆشتمه‌وه‌ نووساوه‌ و
به‌ خۆم و پووكمه‌وه‌ ده‌رباز بووم.
21
«به‌زه‌ییتان پێم بێته‌وه‌، به‌زه‌ییتان پێم بێته‌وه‌ ئه‌ی هاوڕێیان،
چونكه‌ ده‌ستی خودا لێی داوم.
22
بۆچی ئێوه‌ش وه‌ك خودا ڕاوم ده‌نێن؟
له‌ گۆشتم تێر نابن؟
23
«خۆزگه‌ وشه‌كانم ده‌نووسرانه‌وه‌،
خۆزگه‌ له‌ناو تۆمارێكدا وێنه‌یان ده‌كێشرا،
24
خۆزگه‌ به‌ پێنووسی ئاسن له‌سه‌ر قورقوشم ده‌نووسران یان
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌سه‌ر به‌رد هه‌ڵده‌كۆڵران.
25
به‌ڵام من زانیم ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مكڕێته‌وه‌[a] زیندووه‌ و
له‌ كۆتاییدا له‌سه‌ر زه‌وی ڕاست ده‌بێته‌وه‌.
26
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م پێسته‌م له‌ناوده‌چێت،
هه‌ر له‌ جه‌سته‌ی خۆم خودا ده‌بینم.[b]
27
ئه‌وه‌ی من بۆ خۆم ده‌یبینم و
چاوه‌كانم ته‌ماشا ده‌كه‌ن، نه‌ك یه‌كێكی دیكه‌،
له‌ ناخمه‌وه‌ تامه‌زرۆی ئه‌وه‌م!
28
«ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌ڵێن: ”چه‌ند ڕاوی ده‌نێین،
چونكه‌ ڕه‌گی كێشه‌كه‌ له‌لای ئه‌وه‌،“
29
له‌ خۆتان بترسن له‌ ڕووی شمشێر،
چونكه‌ تووڕه‌یی سزای شمشێر ده‌هێنێت،
ئیتر ده‌زانن كه‌ دادوه‌ری هه‌یه‌.»
  1. a. 19‏:25 وه‌ك كڕینه‌وه‌ی كۆیله‌یه‌ك بۆ ئازادبوون.
  2. b. 19‏:26 له‌ عیبری ده‌گوترێت (له‌ جه‌سته‌كه‌مه‌وه‌)، هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌ وه‌رگێڕانه‌كان به‌ (جه‌سته‌م هه‌یه‌ كه‌ خودا ده‌بینم) وه‌ریانگێڕاوه‌.