عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە،
بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم،
بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.
2
بە خودا دەڵێم: بڕیاری تاوانباریم بەسەردا مەسەپێنە!
تێمبگەیەنە بۆچی دادگاییم دەکەیت.
3
ئایا بەلاتەوە باشە ستەم بکەیت،
ئەوەی بە دەستی خۆت دروستت کرد، زەلیلی بکەیت؟
بە پیلانی بەدکاران پێبکەنیت؟
4
ئایا چاوی گۆشتیت هەیە؟
ئایا وەک چاوی مرۆڤ دەبینیت؟
5
ئایا ڕۆژگارت وەک ڕۆژگاری مرۆڤە،
یان تەمەنت وەک تەمەنی ئێمە دیاریکراوە؟
6
بۆچی بەدوای تاوانمدا دەگەڕێیت و
چاو بۆ گوناهم دەگێڕیت؟
7
هەرچەندە تۆ دەزانیت کە من تاوانبار نیم و
کەسیش نییە لە دەستی تۆ فریام بکەوێت.
8
«دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم،
ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟
9
لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا،
ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟
10
ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند و
وەک پەنیر منت نەمەیاند؟
11
بە پێست و گۆشت منت پۆشی و
بە ئێسک و ماسوولکە منت چنی.
12
ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم،
چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.
13
«بەڵام ئەمەت لە دڵی خۆتدا شاردەوە،
من زانیم کە چیت لە دڵدایە.
14
ئەگەر گوناه بکەم، چاودێریم دەکەیت و
لە تاوانەکەم بێبەریم ناکەیت.
15
ئەگەر تاوانبار بم، قوڕبەسەرم!
ئەگەر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوە بکەم،
چونکە من تێرم لە شەرمەزاری و
زەلیلی خۆم بینی.
16
ئەگەر سەرم بەرز بکەمەوە وەک شێر ڕاوم دەکەیت،
دەگەڕێیتەوە و سامی خۆتم نیشان دەدەیت.
17
شایەتەکانت لە دژم نوێ دەکەیتەوە و
تووڕەیی خۆتم لەسەر زیاد دەکەیت و
یەک لەدوای یەک هێزەکانت دەنێریتە سەرم.
18
«ئیتر بۆچی لە سکی دایکمەوە دەرتهێنام؟
خۆزگە بفەوتامایە و ئەو کاتە هیچ چاوێکیش نەیدەبینیم.
19
وەک ئەوەی نەبووبم، وا دەبوو،
لە سکی دایکمەوە بۆ گۆڕ دەبردرام.
20
ئایا ڕۆژگارم کەم نییە؟
بەرمدە! وازم لێ بهێنە! با تاوێک زەردەخەنە بێتە سەر لێوم،
21
پێش ئەوەی بڕۆم و ئیتر نەگەڕێمەوە،
بۆ خاکی تەمومژ و سێبەری مەرگ،
22
خاکی تاریکی، وەک شەوەزەنگ،
سێبەری مەرگ و ناڕێکی،
خۆرهەڵاتنیشی وەک شەوەزەنگە.»