عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ ناخه‌وه‌ قێزم له‌ ژیان ده‌بێته‌وه‌،
به‌ ئازادی سكاڵای خۆم ده‌رده‌بڕم،
به‌ دڵێكی برینداره‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌م.
2
به‌ خودا ده‌ڵێم: بڕیاری تاوانباریم به‌سه‌ردا مه‌سه‌پێنه‌!
تێمبگه‌یه‌نه‌ بۆچی دادگایم ده‌كه‌یت.
3
ئایا به‌لاته‌وه‌ باشه‌ سته‌م بكه‌یت،
ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ستی خۆت دروستت كرد، زه‌لیلی بكه‌یت؟
به‌ پیلانی به‌دكاران پێبكه‌نیت؟
4
ئایا چاوی گۆشتیت هه‌یه‌؟
ئایا وه‌ك چاوی مرۆڤ ده‌بینیت؟
5
ئایا ڕۆژگارت وه‌ك ڕۆژگاری مرۆڤه‌،
یان ته‌مه‌نت وه‌ك ته‌مه‌نی ئێمه‌ دیاریكراوه‌؟
6
بۆچی به‌دوای تاوانمدا ده‌گه‌ڕێیت و
چاو بۆ گوناهم ده‌گێڕیت؟
7
هه‌رچه‌نده‌ تۆ ده‌زانیت كه‌ من تاوانبار نیم و
كه‌سیش نییه‌ له‌ ده‌ستی تۆ فریام بكه‌وێت.
8
«ده‌سته‌كانی تۆ منیان پێكهێنا و دروستیان كردم،
ئایا ده‌ستت ده‌گێڕیته‌وه‌ سه‌رم و له‌ناوم ده‌به‌یت؟
9
له‌بیرت نه‌چێت كه‌ تۆ وه‌ك قوڕ شێوه‌ی منت كێشا،
ئایا ئێستا ده‌مگه‌ڕێنیته‌وه‌ بۆ خۆڵ؟
10
ئایا وه‌ك شیر منت نه‌چۆڕاند و
وه‌ك په‌نیر منت نه‌مه‌یاند؟
11
به‌ پێست و گۆشت منت پۆشی و
به‌ ئێسك و ماسوولكه‌ منت چنی.
12
ژیان و خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕت پێ به‌خشیم،
چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.
13
«به‌ڵام ئه‌مه‌ت له‌ دڵی خۆتدا شارده‌وه‌،
من زانیم كه‌ چیت له‌ دڵدایه‌.
14
ئه‌گه‌ر گوناه بكه‌م، چاودێریم ده‌كه‌یت و
له‌ تاوانه‌كه‌م بێبه‌ریم ناكه‌یت.
15
ئه‌گه‌ر تاوانبار بم، قوڕبه‌سه‌رم!
ئه‌گه‌ر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوه‌ بكه‌م،
چونكه‌ من تێرم له‌ شه‌رمه‌زاری و
زه‌لیلی خۆم بینی.
16
ئه‌گه‌ر سه‌رم به‌رز بكه‌مه‌وه‌ وه‌ك شێر ڕاوم ده‌كه‌یت،
ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ و سامی خۆتم نیشان ده‌ده‌یت.
17
شایه‌ته‌كانت له‌ دژم نوێ ده‌كه‌یته‌وه‌ و
تووڕه‌یی خۆتم له‌سه‌ر زیاد ده‌كه‌یت و
یه‌ك له‌دوای یه‌ك هێزه‌كانت ده‌نێریته‌ سه‌رم.
18
«ئیتر بۆچی له‌ سكی دایكمه‌وه‌ ده‌رتهێنام؟
خۆزگه‌ بفه‌وتامایه‌ و ئه‌و كاته‌ هیچ چاوێكیش نه‌یده‌بینیم.
19
وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بووبم، وا ده‌بوو،
له‌ سكی دایكمه‌وه‌ بۆ گۆڕ ده‌بردرام.
20
ئایا ڕۆژگارم كه‌م نییه‌؟
به‌رمده‌! وازم لێ بهێنه‌! با تاوێك زه‌رده‌خه‌نه‌ بێته‌ سه‌ر لێوم،
21
پێش ئه‌وه‌ی بڕۆم و ئیتر نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌،
بۆ خاكی ته‌مومژ و سێبه‌ری مه‌رگ،
22
خاكی تاریكی، وه‌ك شه‌وه‌زه‌نگ،
سێبه‌ری مه‌رگ و ناڕێكی،
خۆرهه‌ڵاتنیشی وه‌ك شه‌وه‌زه‌نگه‌.»