عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وەڵامی یەکەمی چۆفەر 
1
چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:
2
«ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین،
یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆپاک دەبێت؟
3
ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات،
یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟
4
بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و
من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“
5
بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و
لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و
6
نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد،
چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە،
جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.
7
«ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟
ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بەتوانا؟
8
ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت،
لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟
9
پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و
لە دەریاش پانترە.
10
«ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و
تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟
11
بێگومان ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و
خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟
12
بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو
هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.
13
«ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و
دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،
14
ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و
نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،
15
ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و
چەسپاو دەبیت و ناترسیت.
16
چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و
وەک ئاوێکی تێپەڕیو یادی دەکەیتەوە.
17
ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و
تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.
18
دڵنیا دەبیت، چونکە ئومێدت هەیە،
دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.
19
خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و
زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.
20
بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و
پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛
ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»