عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نوێژی عیسا بۆ باوه‌ڕداران 
1
كه‌ عیسا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، چاوی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵبڕی و فه‌رمووی:
«باوكه‌، كاته‌كه‌ هاتووه‌. كوڕه‌كه‌ت شكۆدار بكه‌، تاكو كوڕه‌كه‌شت شكۆدارت بكات.
2
هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاتت پێداوه‌ به‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكدا، تاكو ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ بدات كه‌ پێت داون.
3
ژیانی هه‌تاهه‌تاییش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ بناسن، ته‌نها خودای ڕاسته‌قینه‌ و عیسای مه‌سیح، ئه‌وه‌ی كه‌ ناردووته‌.
4
من له‌سه‌ر زه‌وی شكۆدارم كردیت به‌ ته‌واوكردنی ئه‌و كاره‌ی پێت دابووم.
5
ئێستاش باوكه‌ له‌لای خۆت شكۆدارم بكه‌، به‌و شكۆیه‌ی پێش بوونی جیهان له‌لای تۆ هه‌مبوو.
6
«ناوی تۆم به‌وانه‌ ناساند كه‌ له‌ جیهاندا به‌ منت دان، هی تۆ بوون، خۆت به‌ منت دان و كاریان بۆ وته‌كانت كرد.
7
ئێستاش ئه‌وان ده‌زانن هه‌رچییه‌كت پێم داوه‌ له‌ خۆته‌وه‌یه‌.
8
ئه‌و وشانه‌م پێدان كه‌ تۆ پێت دابووم، ئه‌وانیش وه‌ریانگرت و به‌ ڕاستی زانییان له‌ تۆوه‌ هاتووم، باوه‌ڕیان هێنا كه‌ تۆ منت ناردووه‌.
9
بۆ ئه‌وان داوا ده‌كه‌م. بۆ جیهان داوا ناكه‌م، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ منت داون، چونكه‌ هی تۆن.
10
هه‌رچییه‌ك هی منه‌، هی تۆیه‌، هه‌رچییه‌كیش هی تۆیه‌، هی منه‌، من له‌ ئه‌واندا شكۆدار بووم.
11
ئه‌مان له‌‏جیهان ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام من تێیدا نامێنمه‌وه‌، چونكه‌ من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لای تۆ. ئه‌ی باوكی پیرۆز، به‌ ناوی خۆت بیانپارێزه‌ كه‌ به‌ منت داوه‌، تاكو ببنه‌ یه‌ك وه‌ك ئێمه‌ یه‌كین.
12
كاتێك له‌گه‌ڵیان بووم به‌و ناوه‌ی كه‌ تۆ به‌ منت دابوو ده‌مپاراستن و پاسه‌وانیم ده‌كردن. كه‌سیان له‌ناونه‌چوو كوڕی له‌ناوچوو[a] نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی نووسراوه‌ پیرۆزه‌كه‌ بێته‌ دی.
13
«ئێستاش دێمه‌ لای تۆ، به‌ڵام له‌ جیهاندا باسی ئه‌مه‌ ده‌كه‌م، تاكو شادی منیان به‌ ته‌واوی له‌ خۆیاندا هه‌بێت.
14
من وشه‌ی تۆم دایه‌ ئه‌وان و جیهان ڕقی لێیان بووه‌وه‌، چونكه‌ هی جیهان نین، وه‌ك منیش هی جیهان نیم.
15
داوا ناكه‌م له‌ جیهاندا بیانبه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ شه‌یتان بیانپارێزی.
16
ئه‌وان هی جیهان نین، وه‌ك منیش هی جیهان نیم.
17
به‌ ڕاستی خۆت پیرۆزیان بكه‌، وشه‌ی تۆ ڕاستییه‌.
18
وه‌ك بۆ جیهانت ناردم، منیش بۆ جیهانم ناردن.
19
بۆ ئه‌وان خۆم پیرۆز ده‌كه‌م، تاكو ئه‌وانیش له‌ ڕاستیدا پیرۆزكراو بن.
20
«ته‌نها بۆ ئه‌مان داوا ناكه‌م، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌مانه‌وه‌ باوه‌ڕم پێ ده‌هێنن،
21
تاكو هه‌موو یه‌ك بن، وه‌ك تۆ له‌ مندای و منیش له‌ تۆدام، ئه‌وانیش له‌ ئێمه‌دا بن، باوكه‌، تاكو جیهان باوه‌ڕ بهێنێت كه‌ تۆ منت ناردووه‌.
22
منیش ئه‌و شكۆیه‌م داونه‌تێ كه‌ تۆ به‌ منت داوه‌، تاكو ببنه‌ یه‌ك وه‌ك ئێمه‌ یه‌كین.
23
من له‌واندام و تۆ له‌ مندای، تاكو به‌ ته‌واوی یه‌ك بن، بۆ ئه‌وه‌ی جیهان بزانێت تۆ منت ناردووه‌ و ئه‌وانت خۆشویستووه‌ هه‌روه‌ك چۆن منت خۆشویستووه‌.
24
«باوكه‌، ده‌مه‌وێت ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ منت داون له‌كوێ بم له‌گه‌ڵم بن، تاكو شكۆمه‌ندییه‌كه‌م ببینن كه‌ به‌ منت داوه‌، چونكه‌ پێش دامه‌زراندنی جیهان منت خۆشویست.
25
«ئه‌ی باوكی ڕاستودروست، جیهان تۆ ناناسێت، به‌ڵام من تۆ ده‌ناسم، ئه‌وانیش ده‌زانن تۆ منت ناردووه‌.
26
ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان ده‌ناسێنم، تاكو ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی كه‌ بۆ منت هه‌یه‌ له‌وانیشدا بێت و منیش له‌واندا بم.»
  1. a. 17‏:12 مه‌به‌ست له‌ یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتییه‌ كه‌ له‌ناوچوو.