عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مردنی له‌عازر 
1
پیاوێك به‌ ناوی له‌عازر نه‌خۆش بوو كه‌ خه‌ڵكی بێت‌عه‌نیا بوو، هه‌مان گونده‌كه‌ی مریه‌م و مه‌رسای خوشكی[a] .
2
ئه‌م مریه‌مه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆی به‌ بۆن چه‌وركرد، به‌ پرچی پێیه‌كانی سڕییه‌وه‌، له‌عازری نه‌خۆشیش برای بوو.
3
خوشكه‌كان هه‌واڵیان بۆ عیسا نارد و گوتیان: «گه‌وره‌م، ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی خۆشتده‌وێ نه‌خۆشه‌.»
4
كاتێك عیسا ئه‌مه‌ی بیست فه‌رمووی: «ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بۆ مردن نییه‌، به‌ڵكو بۆ شكۆداری خودایه‌، تاكو به‌هۆیه‌وه‌ كوڕی خودا شكۆدار بێت.»
5
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی عیسا مه‌رسا و خوشكه‌كه‌ی و له‌عازری خۆشده‌ویست،
6
به‌ڵام كاتێك بیستی نه‌خۆشه‌، له‌و شوێنه‌ی لێی بوو دوو ڕۆژ مایه‌وه‌.
7
دوای ئه‌مه‌ عیسا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: «با بچینه‌وه‌ یه‌هودیا.»
8
قوتابییه‌كان پێیان گوت: «ڕابی، تۆزێك له‌مه‌وبه‌ر جوله‌كه‌كانی ئه‌وێ ده‌یانویست به‌ردبارانت بكه‌ن، دیسان ده‌چیته‌وه‌ ئه‌وێ؟»
9
عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئایا ڕۆژ دوازده‌ كاتژمێر نییه‌؟ ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژ بڕوات پێی هه‌ڵناكه‌وێت، چونكه‌ ڕووناكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌بینێت.
10
به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ شه‌و بڕوات پێی هه‌ڵده‌كه‌وێت، چونكه‌ ڕووناكی تێدا نییه‌.»
11
ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، پاشان پێی فه‌رموون: «له‌عازری دۆستمان نوستووه‌، به‌ڵام ده‌ڕۆم تاكو به‌خه‌به‌ری بهێنمه‌وه‌.»
12
ئینجا قوتابییه‌كان پێیان گوت: «گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌و نوستووه‌، چاكده‌بێته‌وه‌.»
13
عیسا باسی مردنی ئه‌وی كرد، به‌ڵام ئه‌وان وایانزانی باس له‌ نوستنی ئاسایی ده‌كات.
14
عیساش به‌ ئاشكرا پێی فه‌رموون: «له‌عازر مردووه‌.
15
له‌به‌ر ئێوه‌ دڵشادم كه‌ له‌وێ نه‌بووم، تاكو باوه‌ڕ بهێنن. وه‌رن، با بڕۆین بۆ لای.»
16
تۆماسیش كه‌ به‌ دووانه‌ بانگ ده‌كرا، به‌ قوتابییه‌ هاوه‌ڵه‌كانی گوت: «با ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بڕۆین تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بمرین.»
منم هه‌ستانه‌وه‌ و ژیان 
17
كاتێك عیسا گه‌یشت، زانی له‌عازر وا چوار ڕۆژه‌ له‌ گۆڕدایه‌.
18
بێت‌عه‌نیاش نزیكه‌ی پازده‌ تیرهاوێژ[b] له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ دوور بوو.
19
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ جوله‌كه‌كان هاتبوونه‌ لای مه‌رسا و مریه‌م تاكو سه‌ره‌خۆشی براكه‌یان لێ بكه‌ن.
20
كاتێك مه‌رسا بیستی عیسا هاتووه‌، به‌ره‌وپیری چوو، به‌ڵام مریه‌م له‌ ماڵ مایه‌وه‌.
21
ئینجا مه‌رسا به‌ عیسای گوت: «گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بوویتایه‌، براكه‌م نه‌ده‌مرد.
22
ئێستاش ده‌زانم هه‌رچی له‌ خودا داوا بكه‌یت، خودا ده‌تداتێ.»
23
عیسا پێی فه‌رموو: «براكه‌ت زیندوو ده‌بێته‌وه‌.»
24
مه‌رساش پێی گوت: «ده‌زانم له‌ زیندووبوونه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌.»
25
عیسا پێی فه‌رموو: «منم زیندووبوونه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت زیندوو ده‌بێته‌وه‌.
26
هه‌روه‌ها هه‌ركه‌سێك كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت، هه‌رگیز نامرێت. باوه‌ڕ به‌مه‌ ده‌كه‌یت؟»
27
پێی گوت: «به‌ڵێ گه‌وره‌م. باوه‌ڕم هێناوه‌ كه‌ تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، كوڕی خودای، ئه‌وه‌ی بۆ جیهان دێت.»
گریانی عیسا 
28
پاشان كه‌ ئه‌مه‌ی گوت، چوو مریه‌می خوشكی بانگكرد و به‌ نهێنی گوتی: «مامۆستا لێره‌یه‌، بانگت ده‌كات.»
29
ئه‌ویش كه‌ ئه‌مه‌ی بیست خێرا هه‌ستا و هاته‌ لای.
30
عیسا هێشتا نه‌هاتبووه‌ ناو گونده‌كه‌، به‌ڵكو له‌و شوێنه‌ بوو كه‌ مه‌رسای لێ بینی.
31
ئه‌و جوله‌كانه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵی بوون و دڵنه‌واییان ده‌كرد، بینییان مریه‌م خێرا هه‌ستا و چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای كه‌وتن، وایانزانی ده‌چێته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ تاكو له‌وێ بگریێت.
32
كاتێك مریه‌م گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ی عیسای لێبوو و ئه‌وی بینی، به‌سه‌ر پێیدا كه‌وت و پێی گوت: «گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بوویتایه‌، براكه‌م نه‌ده‌مرد.»
33
عیساش كه‌ بینی ده‌گریێت و ئه‌و جوله‌كانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون ده‌گریێن، كاری له‌ ڕۆحی كرد و خه‌مبار بوو،
34
لێی پرسین: «له‌كوێتان داناوه‌؟» ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «گه‌وره‌م، وه‌ره‌ و ببینه‌.»
35
جا عیسا گریا.
36
له‌به‌ر ئه‌وه‌ جوله‌كه‌كان گوتیان: «سه‌یر بكه‌ن، چه‌ندی خۆشده‌ویست!»
37
به‌ڵام هه‌ندێكیان گوتیان: «ئه‌مه‌ كه‌ چاوی نابیناكه‌ی چاك كرده‌وه‌، ئایا نه‌یده‌توانی وای بكردایه‌ ئه‌میش نه‌مردایه‌؟»
زیندووكردنه‌وه‌ی له‌عازر 
38
دیسان عیسا له‌ ناخه‌وه‌ خه‌م دایگرت و هاته‌ لای گۆڕه‌كه‌ كه‌ ئه‌شكه‌وتێك بوو ده‌مه‌كه‌ی به‌ردێكی پێوه‌نرابوو.
39
عیسا فه‌رمووی: «به‌رده‌كه‌ لاده‌ن.»
مه‌رسای خوشكی مردووه‌كه‌ پێی گوت: «گه‌وره‌م، بۆنی كردووه‌، چونكه‌ چوار ڕۆژه‌.»
40
عیساش پێی فه‌رموو: «ئه‌ی پێم نه‌گوتی ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بكه‌یت شكۆی خودا ده‌بینیت؟»
41
ئه‌وسا به‌رده‌كه‌یان لابرد، عیساش چاوی هه‌ڵبڕی بۆ ئاسمان و فه‌رمووی: «باوكه‌، سوپاست ده‌كه‌م كه‌ گوێت لێ گرتم.
42
ده‌مزانی كه‌ تۆ هه‌میشه‌ گوێم لێ ده‌گریت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌م ناوه‌ ڕاوه‌ستاون ئه‌مه‌م گوت، تاكو باوه‌ڕ بكه‌ن كه‌ تۆ منت ناردووه‌.»
43
كه‌ ئه‌مه‌ی گوت به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: «له‌عازر وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!»
44
ئه‌وسا مردووه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ست و قاچی به‌ كفن به‌سترابوو، ڕووشی به‌ ده‌سماڵێك پێچرابوو.
عیساش پێی فه‌رموون: «بیكه‌نه‌وه‌، بهێڵن با بڕوا.»
پلانێك بۆ كوشتنی عیسا 
45
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ جوله‌كه‌كان كه‌ بۆ لای مریه‌م هاتبوون و ئه‌مه‌یان بینی كه‌ عیسا كردی، باوه‌ڕیان پێی هێنا.
46
به‌ڵام هه‌ندێكیان چوونه‌ لای فه‌ریسییه‌كان و ئه‌وه‌ی عیسا كردبووی پێیان ڕاگه‌یاندن.
47
له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كان سه‌نهه‌درینیان[c] كۆكرده‌وه‌.
گوتیان: «چی بكه‌ین؟ چونكه‌ ئه‌م پیاوه‌ په‌رجووی زۆر ده‌كات.
48
ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ لێیگه‌ڕێین هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن، ڕۆمانییه‌كانیش دێن، په‌رستگاكه‌مان ده‌ڕووخێنن و نه‌ته‌وه‌كه‌مان ڕاپێچ ده‌كه‌ن.»
49
یه‌كێك له‌وان، به‌ ناوی قه‌یافا، ئه‌و ساڵه‌ سه‌رۆك كاهین بوو، پێی گوتن: «ئێوه‌ هیچ نازانن،
50
تێناگه‌ن، باشتره‌ بۆتان كه‌ پیاوێك له‌ جیاتی گه‌ل[d] بمرێت، له‌وه‌ی كه‌ گه‌ل هه‌مووی له‌ناوبچێت.»
51
ئه‌و له‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ی نه‌گوت، به‌ڵكو له‌و ساڵه‌دا سه‌رۆك كاهین بوو، پێشبینیی كرد كه‌ عیسا خه‌ریكه‌ له‌ جیاتی گه‌ل ده‌مرێت،
52
نه‌ك ته‌نها له‌ جیاتی ئه‌و گه‌له‌، به‌ڵكو تاكو ڕۆڵه‌كانی خودا كه‌ په‌رته‌وازه‌ بوون كۆبكاته‌وه‌ و یه‌كیانبخاته‌وه‌.
53
ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ پیلانی كوشتنیان داڕشت.
54
له‌به‌ر ئه‌وه‌ چیتر عیسا به‌ ئاشكرا به‌ناو خه‌ڵكی یه‌هودیادا نه‌ده‌گه‌ڕا، به‌ڵكو له‌وێوه‌ چووه‌ ناوچه‌كانی نزیك چۆڵه‌وانی، بۆ شارێك ناوی ئه‌فرایم بوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ مایه‌وه‌.
55
له‌و كاته‌دا جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوله‌كه‌كان نزیك بوو، زۆر كه‌س له‌ گونده‌كانه‌وه‌ پێش جه‌ژن بۆ ئۆرشه‌لیم هاتبوون تاكو خۆیان پاك بكه‌نه‌وه‌[e] .
56
جا داوای عیسایان ده‌كرد، له‌ حه‌وشه‌كانی په‌رستگا ڕاوه‌ستابوون به‌ یه‌كتریان ده‌گوت: «ڕاتان چییه‌؟ ئایا بۆ جه‌ژن نایه‌ت؟»
57
كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كانیش فه‌رمانیان ده‌ركردبوو ئه‌گه‌ر یه‌كێك بزانێت ئه‌و له‌كوێیه‌، ده‌بێت ئاشكرای بكات، تاكو بیگرن.
  1. a. 11‏:1 \+xt بڕوانه‌ لۆقا 10‏:38‏-42‏\+xt*‏
  2. b. 11‏:18 نزیكه‌ی سێ كیلۆمه‌تره‌.
  3. c. 11‏:47 سه‌نهه‌درین: ئه‌نجومه‌نی باڵای جوله‌كه‌.
  4. d. 11‏:50 ببێته‌ كه‌فاره‌تی گوناهه‌كانی گه‌لی جوله‌كه‌.
  5. e. 11‏:55 \+xt بڕوانه‌ سه‌رژمێری 9‏:1‏-14‏\+xt*‏