عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گەمارۆی ئۆرشەلیم 
1
«ئەی نەوەی بنیامین،
لە ئۆرشەلیم هەڵبێن!
لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن!
لەسەر بێت‌هاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن!
چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە
لە باکوورەوە دەرکەوتووە.
2
من سییۆنی کچ[a] لەناو دەبەم،
کچە جوان و نازدارەکە.
3
شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە[b] بۆ لای ئەو دێن،
ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و
هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.»
4
«جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن!
هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین!
بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو،
سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە.
5
کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین،
قەڵاکانی وێران بکەین!»
6
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«دار ببڕنەوە و
مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن.
دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت،
چونکە سەراپای پڕ ستەمە.
7
وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت،
ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت.
توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت،
هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە.
8
ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە،
نەوەک پشتم لە تۆ بکەم،
نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران،
ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.»
9
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە،
بە تەواوی وەک ڕەزەمێو،
با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت،
وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.»
10
بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟
کێ گوێم لێ دەگرێت؟
ئەوەتا گوێیان داخراوە
بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن.
فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی،
دڵیان پێی خۆش نییە.
11
لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان،
بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی.
ئینجا یەزدان پێی فەرمووم:
«تووڕەییەکەم بەسەر منداڵانی کۆڵاندا هەڵبڕێژە
بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان،
ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت،
پیر لەگەڵ بەساڵاچووان.
12
ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن،
کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە،
چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە
درێژ دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13
«لە بچووکیان هەتا گەورەیان،
هەموویان پەرۆشی قازانجن،
لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین،
هەموو ساختە دەکەن.
14
برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
دەڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“
بەڵام ئاشتی نییە.
15
ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
16
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«لەسەر ڕێگاکان بوەستن و تەماشا بکەن،
پرسیاری ڕێچکە کۆنەکان بکەن،
ڕێگا چاکەکە لەکوێیە، پێیدا بڕۆن،
حەسانەوە بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە.
بەڵام گوتتان: ”پێیدا ناڕۆین.“
17
چاودێرم بەسەرتانەوە دانا، گوتم:
”گوێ بۆ دەنگی کەڕەنا شل بکەن!“
بەڵام گوتتان: ”گوێ شل ناکەین.“
18
لەبەر ئەوە ئەی نەتەوەکان، گوێ بگرن،
ئەی شایەتەکان، بزانن چییان بەسەردێت.
19
ئەی زەوی، گوێ بگرە:
ئەوەتا من بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا دەهێنم،
بەروبوومی بیرکردنەوەکانیانە،
چونکە گوێیان بۆ وشەکانم شل نەکرد و
فێرکردنی منیان ڕەتکردەوە.
20
بەلامەوە گرنگ نییە، بخوور لە شەباوە بێت و
قامیشی بۆنخۆش لە خاکێکی دوورەوە؟
قوربانی سووتاندنەکانتان قبوڵ نین و
قوربانییە سەربڕدراوەکانتان لەلای من خۆش نین.»
21
لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«من کۆسپ بۆ ئەم گەلە دادەنێم،
باوکان و کوڕان پێکەوە ساتمەی لێ دەکەن،
دراوسێ و هاوڕێ لەناودەچن.»
22
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا! سوپایەک لە خاکی باکوورەوە دێت،
نەتەوەیەکی مەزن لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێت.
23
کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
دڵڕەقن و بەزەییان نییە،
دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
سواری ئەسپ دەبن،
وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی سییۆنی کچ.»
24
هەواڵی ئەوانمان بیست،
ورەمان ڕووخا،
تووشی تەنگانە بووین،
تووشی ئازار بووین وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
25
دەرمەچن بۆ کێڵگە!
بە ڕێگادا مەڕۆن!
چونکە دوژمن شمشێری پێیە،
لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.
26
ئەی گەلەکەم، جلوبەرگی گوش بپۆشە،
خۆت لە خۆڵەمێش بگەوزێنە،
شینی تاقانەیەک بۆ خۆت بگێڕە، بە لاوانەوەیەکی تاڵ،
چونکە لەناکاو تێکدەر بەسەرماندا دەدات.
27
«ئەی یەرمیا، تۆم لەنێو گەلەکەم دانا،
وەک تاقیکەرەوە و سەنگی مەحەک،
بۆ ئەوەی ڕەفتاریان بزانیت و
تاقییان بکەیتەوە.
28
هەموو یاخی و کەللەڕەقن،
بە پەلەن بۆ بوختانکردن،
ئەوان بڕۆنز و ئاسنن،
هەموو تێکدەرن.
29
مووشەی دێت مووشەدەمە[c]
بۆ ئەوەی بە ئاگر قورقوشم بفەوتێنێت،
بەڵام بێهوودە زێڕنگەر بێگەردی دەکات،
بەدکاران بێگەرد نابن.
30
پێیان دەگوترێت زیوی ناپەسەند،
چونکە یەزدان پەسەندی نەکردوون.»
  1. a. 6‏:2 ئۆرشەلیم.‏
  2. b. 6‏:3 مەبەستی لە پاشا و لەشکرەکانیانە.‏
  3. c. 6‏:29 ئامرازێکە بۆ فووکردنی هەوا بۆ گەرمکردنی ئاگر بەکاردێت.‏