عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گه‌مارۆی ئۆرشه‌لیم 
1
«ئه‌ی نه‌وه‌ی بنیامین،
له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ هه‌ڵبێن!
له‌ ته‌قۆعه‌ فوو به‌ كه‌ڕه‌نادا بكه‌ن!
له‌سه‌ر بێت‌هاكاره‌م ئاگر وه‌ك نیشانه‌ هه‌ڵبكه‌ن!
چونكه‌ به‌ڵا و شكستێكی گه‌وره‌
له‌ باكووره‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌.
2
من سییۆنی كچ[a] له‌ناو ده‌به‌م،
كچه‌ جوان و نازداره‌كه‌.
3
شوانه‌كان به‌ مێگه‌له‌كانیانه‌وه‌[b] بۆ لای ئه‌و دێن،
ڕه‌شماڵه‌كان له‌ ده‌وری هه‌ڵده‌ده‌ن و
هه‌ركه‌سه‌ له‌ به‌شی خۆی ده‌له‌وه‌ڕێنێ.»
4
«جه‌نگێك له‌ دژی سییۆن ئاماده‌ بكه‌ن!
هه‌ستن به‌ نیوه‌ڕۆ هێرش ببه‌ین!
به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌، ڕۆژ ئاوا بوو،
سێبه‌ره‌كانی ئێواره‌ درێژبوونه‌وه‌.
5
كه‌واته‌ هه‌ستن به‌ شه‌و هێرش ببه‌ین،
قه‌ڵاكانی وێران بكه‌ین!»
6
یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«دار ببڕنه‌وه‌ و
مه‌ته‌رێز له‌ ده‌وری ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ دابڕێژن.
ده‌بێت ئه‌و شاره‌ سزا بدرێت،
چونكه‌ سه‌راپای پڕ سته‌مه‌.
7
وه‌ك كانییه‌ك ئاوه‌كه‌ی هه‌ڵبقوڵێت،
ئاوا خراپییه‌كه‌ی هه‌ڵده‌قوڵێت.
توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا ده‌بیسترێت،
هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌مم نه‌خۆشی و برینداری هه‌یه‌.
8
ئه‌ی ئۆرشه‌لیم، ئاگاداربه‌،
نه‌وه‌ك پشتم له‌ تۆ بكه‌م،
نه‌وه‌ك بتكه‌مه‌ خاكێكی وێران،
ئیتر كه‌سی تێدا نیشته‌جێ نه‌بێ.»
9
یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«با پاشماوه‌ی ئیسرائیل به‌ ته‌واوی بچنرێنه‌وه‌،
به‌ ته‌واوی وه‌ك ڕه‌زه‌مێو،
با ده‌ستت به‌سه‌ر لقه‌كاندا بگێڕیت،
وه‌ك كه‌سێك ترێ ده‌چنێته‌وه‌.»
10
بۆ كێ قسه‌ بكه‌م؟ كێ ئاگادار بكه‌مه‌وه‌؟
كێ گوێم لێ ده‌گرێت؟
ئه‌وه‌تا گوێیان داخراوه‌
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن گوێ شل بكه‌ن.
فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆیان بووه‌ به‌ ڕیسوایی،
دڵیان پێی خۆش نییه‌.
11
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پڕبووم له‌ تووڕه‌یی یه‌زدان،
بێزاربووم له‌ ده‌ستپێوه‌گرتنی.
«تووڕه‌ییه‌كه‌ی به‌سه‌ر منداڵی كۆڵانه‌كانیدا بڕێژه‌،
به‌سه‌ر تێكڕای كۆڕی گه‌نجان،
ژن له‌گه‌ڵ مێرد ده‌بردرێت،
پیر له‌گه‌ڵ به‌ساڵاچووان.
12
ماڵه‌كانیان بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ ده‌بن،
كێڵگه‌ و ژنه‌كانیان پێكه‌وه‌،
چونكه‌ ده‌ستم بۆ سه‌ر دانیشتووانی خاكه‌كه‌
درێژ ده‌كه‌م.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
13
«له‌ بچووكیان هه‌تا گه‌وره‌یان،
هه‌موویان په‌رۆشی قازانجن،
له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ هه‌تا كاهین،
هه‌موو ساخته‌ ده‌كه‌ن.
14
برینی گه‌له‌كه‌م به‌ سووكیه‌وه‌ چاك ده‌كه‌نه‌وه‌ و
ده‌ڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“
به‌ڵام ئاشتی نییه‌.
15
ئایا شه‌رمه‌زار بوون كاتێك كاری قێزه‌ونیان كرد؟
نه‌خێر! شه‌رمه‌زار نه‌بوون،
هه‌روه‌ها نه‌یانزانی شه‌رمه‌زاری چییه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناو كوژراوان،
له‌ كاتی سزادانیان تێكده‌شكێن.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
16
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«له‌سه‌ر ڕێگاكان بوه‌ستن و ته‌ماشا بكه‌ن،
پرسیاری ڕێچكه‌ كۆنه‌كان بكه‌ن،
ڕێگا چاكه‌كه‌ له‌كوێیه‌، پێیدا بڕۆن،
حه‌سانه‌وه‌ بۆ ده‌روونتان ده‌دۆزنه‌وه‌.
به‌ڵام گوتتان: ”پێیدا ناڕۆین.“
17
چاودێرم به‌سه‌رتانه‌وه‌ دانا، گوتم:
”گوێ بۆ ده‌نگی كه‌ڕه‌نا شل بكه‌ن!“
به‌ڵام گوتتان: ”گوێ شل ناكه‌ین.“
18
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ی نه‌ته‌وه‌كان، گوێ بگرن،
ئه‌ی شایه‌ته‌كان، بزانن چییان به‌سه‌ردێت.
19
ئه‌ی زه‌وی، گوێ بگره‌:
ئه‌وه‌تا من به‌ڵا به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌دا ده‌هێنم،
به‌روبوومی بیركردنه‌وه‌كانیانه‌،
چونكه‌ گوێیان بۆ وشه‌كانم شل نه‌كرد و
فێركردنی منیان ڕه‌تكرده‌وه‌.
20
به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌، بخوور له‌ شه‌باوه‌ بێت و
قامیشی بۆنخۆش له‌ خاكێكی دووره‌وه‌؟
قوربانی سووتاندنه‌كانتان قبوڵ نین و
قوربانییه‌ سه‌ربڕدراوه‌كانتان له‌لای من خۆش نین.»
21
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«من كۆسپ بۆ ئه‌م گه‌له‌ داده‌نێم،
باوكان و كوڕان پێكه‌وه‌ ساتمه‌ی لێ ده‌كه‌ن،
دراوسێ و هاوڕێ له‌ناوده‌چن.»
22
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌وه‌تا! سوپایه‌ك له‌ خاكی باكووره‌وه‌ دێت،
نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زن له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستێنرێت.
23
كه‌وان و ڕمیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌،
دڵڕه‌قن و به‌زه‌ییان نییه‌،
ده‌نگیان وه‌ك ده‌ریا هاژه‌ی دێت و
سواری ئه‌سپ ده‌بن،
وه‌ك یه‌ك پیاو ڕیز ده‌به‌ستن
بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر تۆ، ئه‌ی سییۆنی كچ.»
24
هه‌واڵی ئه‌وانمان بیست،
وره‌مان ڕووخا،
تووشی ته‌نگانه‌ بووین،
تووشی ئازار بووین وه‌ك ئازاری ژنی ژانگرتوو.
25
ده‌رمه‌چن بۆ كێڵگه‌!
به‌ ڕێگادا مه‌ڕۆن!
چونكه‌ دوژمن شمشێری پێیه‌،
له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ترس و تۆقین هه‌یه‌.
26
ئه‌ی گه‌له‌كه‌م، جلوبه‌رگی گوش بپۆشه‌،
خۆت له‌ خۆڵه‌مێش بگه‌وزێنه‌،
شینی تاقانه‌یه‌ك بۆ خۆت بگێڕه‌، به‌ لاوانه‌وه‌یه‌كی تاڵ،
چونكه‌ له‌ناكاو تێكده‌ر به‌سه‌رماندا ده‌دات.
27
«ئه‌ی یه‌رمیا، تۆم له‌نێو گه‌له‌كه‌م دانا،
وه‌ك تاقیكه‌ره‌وه‌ و سه‌نگی مه‌حه‌ك،
بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌فتاریان بزانیت و
تاقییان بكه‌یته‌وه‌.
28
هه‌موو یاخی و كه‌لله‌ڕه‌قن،
به‌ په‌له‌ن بۆ بوختانكردن،
ئه‌وان بڕۆنز و ئاسنن،
هه‌موو تێكده‌رن.
29
مووشه‌ی دێت مووشه‌ده‌مه‌[c]
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاگر قورقوشم بفه‌وتێنێت،
به‌ڵام بێهووده‌ زێڕنگه‌ر بێگه‌ردی ده‌كات،
به‌دكاران بێگه‌رد نابن.
30
پێیان ده‌گوترێت زیوی ناپه‌سه‌ند،
چونكه‌ یه‌زدان په‌سه‌ندی نه‌كردوون.»
  1. a. 6‏:2 ئۆرشه‌لیم.
  2. b. 6‏:3 مه‌به‌ستی له‌ پاشا و له‌شكره‌كانیانه‌.
  3. c. 6‏:29 ئامرازێكه‌ بۆ فووكردنی هه‌وا بۆ گه‌رمكردنی ئاگر به‌كاردێت.