عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پشتبەستن بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر 
1
ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
2
«لەناو دەروازەی ماڵی یەزدان بوەستە و لەوێ ئەم پەیامە ڕابگەیەنە و بڵێ:
«”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی هەموو گەلی یەهودا، ئەوانەی لەم دەرگایە بۆ کڕنۆش بردن بۆ یەزدان دێنە ژوورەوە.
3
یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ڕێگا و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و منیش لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم.
4
پشت بەم قسە هەڵخەڵەتێنەرە مەبەستن، بڵێن: ’ئەمە پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە!‘
5
چونکە ئەگەر بە تەواوی ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاککردەوە، ئەگەر لەنێو خۆتان بە تەواوی دادپەروەری پەیڕەو بکەن،
6
ئەگەر ستەم لە نامۆ و هەتیو و بێوەژن نەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان نەڕێژن، ئەگەر دوای خوداکانی دیکە نەکەون کە بۆ خراپەی خۆتانە،
7
ئەوا من لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم، لەو خاکەی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە بە باوباپیرانتانم داوە.
8
بەڵام ئێوە پشتتان بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر بەستووە کە بێ سوودە.
9
«”ئایا وا دەزانن دەتوانن بدزن، بکوژن، داوێنپیسی بکەن، سوێند بە درۆ بخۆن، بخوور بۆ بەعل بسووتێنن و دوای خوداکانی دیکە بکەون کە نایانناسن،
10
ئینجا بێن و لەبەردەمم لەم ماڵە بوەستن کە ناوی منی هەڵگرتووە و بڵێن: ’ئێمە پارێزراوین.‘ ئایا پارێزراون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەم هەموو کارە قێزەونانە؟
11
ئایا ئەم ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە، لەبەرچاوی ئێوە بووە بە ئەشکەوتی دزان؟ ئەوەتا خۆم بینیومە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12
«یەزدان دەفەرموێت: ”ئێستا بڕۆنە شوێنەکەم کە لە شیلۆیە، ئەوەی سەرەتا ناوی خۆمم لەوێ نیشتەجێ کرد، ببینن لەبەر خراپەی ئیسرائیلی گەلی خۆم چیم لێکردووە.
13
ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێوە ئەم کردەوانەتان کردووە، من پێشوەخت چەند جارێک قسەم لەگەڵتان کرد، بەڵام گوێتان نەگرت. بانگم کردن، بەڵام وەڵامتان نەدایەوە.
14
لەبەر ئەوە، چیم بە شیلۆم کرد،[a] ئاوا بەو پەرستگایە دەکەم کە ناوی منی هەڵگرتووە کە ئێوە پشتتان پێی بەستووە، ئەو شوێنەی دامە ئێوە و باوباپیرانتان.
15
لەبەردەمم دەرتاندەکەم، وەک چۆن براکانتانم دەرکرد، هەموو نەوەی ئەفرایم.“
16
«تۆش نزا بۆ ئەم گەلە مەکە، لەبەر ئەوان نوێژ و نزا بەرز مەکەوە و لێم مەپاڕێوە، چونکە گوێت لێ ناگرم.
17
ئایا نابینیت لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم چی دەکەن؟
18
منداڵان دار کۆدەکەنەوە، باوکان ئاگر دەکەنەوە و ژنان هەویر دەشێلن، بۆ ئەوەی کولێرە بۆ شاژنی[b] ئاسمان دروست بکەن. شەرابی پێشکەشکراو بۆ خوداکانی دیکە دەڕێژن بۆ ئەوەی پەستم بکەن.
19
بەڵام ئایا ئەم پەستکردنە لە دژی منە؟ ئایا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بۆ شەرمەزاری ڕووی خۆیان؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
20
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا تووڕەیی و هەڵچوونی من بەسەر ئەم شوێنەدا هەڵدەڕژێت، بەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و درەختی کێڵگە و بەروبوومی زەوی، گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.
21
«”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: قوربانی سووتاندنەکانتان بخەنە سەر قوربانییە سەربڕدراوەکانتان و فەرموون گۆشت بخۆن،
22
چونکە کاتێک لە خاکی میسرەوە باوباپیرانی ئێوەم دەرهێنا لەگەڵیان دوام، تەنها سەبارەت بە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو فەرمانم پێ نەکردن،
23
بەڵکو فەرمانی ئەم شتەم پێ کردن و فەرمووم: ’گوێم لێ بگرن، من دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من، بە هەموو ئەو ڕێگایەدا دەڕۆن کە فەرمانتان پێ دەکەم بۆ ئەوەی بۆتان چاک بێت.‘
24
بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان شل نەکرد، بەڵکو بە ڕاوێژ و کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆیان ڕێگایان گرتەبەر، جا دواکەوتن و پێش نەکەوتن.
25
لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانتان خاکی میسریان بەجێهێشت هەتا ئەمڕۆ، من بەردەوام یەک لەدوای یەک بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردوون.
26
بەڵام گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد و کەللەڕەقییان کرد، لە باوباپیرانیان زیاتر خراپەیان کرد.“
27
«جا تۆش بە هەموو ئەم پەیامە لەگەڵیان دەدوێیت، گوێت لێ ناگرن، بانگیان دەکەیت، وەڵامت نادەنەوە.
28
لەبەر ئەوە پێیان دەڵێیت: ”ئەمە ئەو نەتەوەیەیە کە گوێیان لە یەزدانی پەروەردگاریان نەگرت و تەمبێ نەبوون، ڕاستی نەماوە، لە دەمیان بڕاوەتەوە.
29
قژت ببڕە و فڕێیبدە، لەسەر گردۆڵکەکان شیوەن بگێڕە، چونکە یەزدان ڕەتی کردووەتەوە و وازی لەم نەوەیە هێناوە کە تووڕەییەکەی لەسەریەتی.“
دۆڵی کوشتن 
30
«یەزدان دەفەرموێت: ”نەوەی یەهودا لەبەرچاوم خراپەیان کردووە، بتە قێزەونەکانیان لەناو ئەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە، بەمە گڵاوییان کرد.
31
هەروەها نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکانی تۆفەت بنیاد ناوە، ئەوەی لە دۆڵی بەن‌هینۆمە بۆ سووتاندنی کوڕەکانیان و کچەکانیان بە ئاگر کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو.
32
یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە، ئاگاداربن! سەردەمێک دێت ئیتر پێی ناگوترێ تۆفەت یان دۆڵی بەن‌هینۆم، بەڵکو دۆڵی کوشتن، چونکە لە تۆفەت دەنێژرێن هەتا شوێنی نامێنێت.
33
تەرمی ئەم گەلە دەبێتە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی، کەسیش نییە بیانڕەوێنێتەوە.
34
دەنگی شادی و دەنگی خۆشی، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ناهێڵم، چونکە خاکەکە وێران دەبێت.“
  1. a. 7‏:14 ئاسەوارناسان ئاشکرایان کردووە کە شیلۆ نزیکەی لە ساڵی 1050 پ. ز. بە دەستی فەلەستییەکان وێران کراوە. بڕوانە زەبوورەکان 78‏:60‏-61.‏‏
  2. b. 7‏:18 ئەمە ناوە بابلییەکەی عەشتارە.‏