عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: ”له‌و كاته‌دا، ئێسكی پاشا و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی یه‌هودا، ئێسكی كاهین و پێغه‌مبه‌ران، ئێسكی دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم له‌ گۆڕه‌كانیان ده‌رده‌هێنن.
2
بۆ خۆر و مانگ و هه‌موو ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان ده‌ریده‌خه‌ن، ئه‌وانه‌ی خۆشیان ویستن و ئه‌وانه‌ی په‌رستنیان و دوایان كه‌وتن و ڕاوێژیان پێ كردن و كڕنۆشیان بۆ بردن. كۆناكرێنه‌وه‌ و نانێژرێن، به‌ڵكو ده‌بنه‌ زبڵ به‌سه‌ر ڕووی خاكه‌كه‌وه‌.
3
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌م نه‌ته‌وه‌ به‌دكاره‌ ماونه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ ده‌رمكردن بۆی، مردنیان پێ له‌ ژیان چاكتر ده‌بێت. ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی سوپاسالاره‌.“
گوناه و سزا 
4
«پێیان بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”ئایا كه‌سێك بكه‌وێت هه‌ڵناستێته‌وه‌؟
یان كه‌سێك هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه‌، ناگه‌ڕێته‌وه‌؟
5
بۆچی ئه‌م گه‌له‌ هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌؟
بۆچی خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم به‌ به‌رده‌وامی هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌؟
ده‌ستیان به‌ فرتوفێڵ گرتووه‌،
ڕه‌تیانكرده‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌.
6
به‌ ئاگاییه‌وه‌ گوێم شل كرد،
به‌ڵام ڕاستی ناڵێن.
كه‌س نییه‌ له‌ خراپه‌ی خۆی په‌شیمان بێته‌وه‌ و
بڵێت: ’چیم كرد؟‘
هه‌ریه‌كه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ڕێڕه‌وه‌كه‌ی خۆی،
وه‌ك ئه‌سپێكی به‌ تاو بۆ ناو جه‌نگ.
7
ته‌نانه‌ت له‌قله‌ق له‌ ئاسمان
كاتی خۆی ده‌زانێت،
كۆتر و په‌ڕه‌سێلكه‌ و ڕیشۆڵه‌ش
كاتی هاتنی خۆیان ڕه‌چاو ده‌كه‌ن،
به‌ڵام گه‌له‌كه‌ی من نازانن
یه‌زدان داوای چییان لێ ده‌كات.
8
«”ئێوه‌ چۆن ده‌ڵێن: ’ئێمه‌ داناین،
چونكه‌ فێركردنی یه‌زدانمان له‌لایه‌،‘
له‌ كاتێكدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی ته‌ورات
بۆ درۆ ده‌ستبه‌كار بوو؟
9
داناكان ڕیسوا ده‌بن،
ده‌تۆقن و پێوه‌ ده‌بن.
ئه‌وه‌تا فه‌رمایشتی یه‌زدانیان ڕه‌تكرده‌وه‌،
ئیتر چ داناییه‌كیان هه‌یه‌؟
10
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ژنه‌كانیان ده‌ده‌مه‌ خه‌ڵكی دیكه‌،
كێڵگه‌كانیان به‌وانه‌ی میراتگریانن،
چونكه‌ له‌ بچووكه‌وه‌ هه‌تا گه‌وره‌
هه‌موو په‌رۆشی قازانجن،
له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ هه‌تا كاهین
هه‌موو ساخته‌ ده‌كه‌ن.
11
برینی گه‌له‌كه‌م به‌ سووكیه‌وه‌ چاك ده‌كه‌نه‌وه‌ و
ده‌ڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘
به‌ڵام ئاشتی نییه‌.
12
ئایا شه‌رمه‌زار بوون كاتێك كاری قێزه‌ونیان كرد؟
نه‌خێر! شه‌رمه‌زار نه‌بوون،
هه‌روه‌ها نه‌یانزانی شه‌رمه‌زاری چییه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناو كوژراوان،
له‌ كاتی سزادانیان تێكده‌شكێن.“»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
13
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «”دروێنه‌كه‌یان لێ ده‌به‌م،
نه‌ ترێ به‌ مێوه‌وه‌ ده‌مێنێت،
نه‌ هه‌نجیر به‌ دار هه‌نجیره‌وه‌،
گه‌ڵاكانیش سیس ده‌بن.
ئه‌وه‌ی ده‌یانده‌مێ له‌لایان نامێنێت.“»
14
«ئێمه‌ بۆچی دانیشتووین؟
با كۆببینه‌وه‌!
با هه‌ڵبێین بۆ شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كان و
له‌وێ له‌ناوبچین!
یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان بڕیاری له‌ناوچوونی ئێمه‌ی داوه‌،
ئاوی ژه‌هراویمان ده‌رخوارد ده‌دات،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ دژی یه‌زدان گوناهمان كرد.
15
چاوه‌ڕێی ئاشتی بووین،
به‌ڵام چاكه‌ نه‌بوو.
چاوه‌ڕێی كاتی چاكبوونه‌وه‌ بووین،
به‌ڵام ئه‌وه‌تا تۆقین.
16
پڕمه‌ی ئه‌سپه‌كانی ئه‌و
له‌ دانه‌وه‌ ده‌بیسترێت،
له‌ ده‌نگی حیله‌ی ئه‌سپه‌ به‌هێزه‌كانی
هه‌موو زه‌وی ده‌له‌رزێت،
جا هاتن بۆ ئه‌وه‌ی بخۆن،
زه‌وی و هه‌رچی تێیدایه‌،
شار و دانیشتووانه‌كه‌ی.»
17
«ئاگاداربن، ماری ژه‌هراوی ده‌نێرمه‌ سه‌رتان،
كه‌ نوشته‌یان لێ ناكرێت،
ئینجا پێتانه‌وه‌ ده‌ده‌ن.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
18
ئه‌ی خودایه‌، تۆ دڵنه‌وایی خه‌می منیت،
دڵم ده‌رده‌داره‌.
19
ئه‌وه‌تا ده‌نگی هانای گه‌له‌كه‌م
له‌ خاكێكی دووره‌وه‌ دێت:
«ئایا یه‌زدان له‌ سییۆن نییه‌؟
یان پاشاكه‌ی تێیدا نییه‌؟»
«بۆچی به‌ په‌یكه‌ره‌ داتاشراوه‌كانیان په‌ستیان كردم،
به‌ بته‌ هیچوپووچه‌ بێگانه‌كان؟»[a]
20
«دروێنه‌ تێپه‌ڕی،
هاوین ته‌واو بوو،
ئێمه‌ش ڕزگارمان نه‌بوو.»[b]
21
له‌به‌ر وردوخاشبوونی گه‌له‌كه‌م وردوخاش بووم،
خه‌مبارم، تۆقین ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووم.
22
ئایا له‌ گلعاد هه‌تووان[c] نییه‌؟
ئایا پزیشك له‌وێ نییه‌؟
ئیتر بۆچی برینی گه‌له‌كه‌م
ساڕێژ نابێت؟
  1. a. 8‏:19 ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ فه‌رمایشتی خودا.
  2. b. 8‏:20 ئه‌مه‌ قسه‌ی گه‌لی خودایه‌.
  3. c. 8‏:22 مه‌رهه‌م بۆ ساڕێژبوونی برین.