عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
خۆزگه‌ سه‌رم گۆمی ئاو بووایه‌ و
چاوه‌كانم جۆگه‌ی فرمێسك،
جا شه‌و و ڕۆژ ده‌گریام
بۆ كوژراوه‌كانی گه‌له‌كه‌م.
2
خۆزگه‌ دیوه‌خانێكم له‌ چۆڵه‌وانی هه‌بووایه‌،
جا وازم له‌ گه‌له‌كه‌م ده‌هێنا و له‌لای ده‌ڕۆیشتم،
چونكه‌ ئه‌وان هه‌موو داوێنپیسن و
كۆمه‌ڵی ناپاكانن.
3
«زمانیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن
وه‌ك كه‌وانێك بۆ هاویشتنی درۆ،
به‌سه‌ر خاكه‌كه‌دا زاڵ بوون،
به‌ڵام به‌ ڕێگای ڕاستی نه‌بوو،
چونكه‌ له‌ خراپه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چنه‌ خراپه‌یه‌كی دیكه‌،
به‌ڵام دان به‌ مندا نانێن.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
4
«با هه‌ریه‌كه‌ وریای خۆی بێت له‌ براده‌ره‌كه‌ی،
پشت به‌ هیچ برایه‌ك مه‌به‌ستن،
چونكه‌ هه‌موو برایه‌ك وه‌ك یاقوب هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌[a] و
هه‌موو براده‌رێك بوختانكه‌ره‌.
5
هه‌ركه‌سه‌ و براده‌ری خۆی فریوده‌دات،
كه‌س به‌ ڕاستی نادوێت.
زمانی خۆیان به‌ درۆ ڕاهێناوه‌،
خۆیان له‌ خراپه‌ ماندوو بوون.
6
تۆ له‌ناو فرتوفێڵ داده‌نیشیت،
به‌ فرتوفێڵ ڕه‌تیان كرده‌وه‌ دان به‌ مندا بنێن.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
7
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌وه‌تا من ده‌یانپاڵێوم و تاقییان ده‌كه‌مه‌وه‌،
له‌به‌ر گوناهه‌كانیان چاره‌سه‌رێكی دیكه‌ نییه‌ بۆ گه‌له‌كه‌ی من.
8
زمانیان تیری كوشنده‌یه‌ و
به‌ ده‌میان فێڵ ده‌كه‌ن.
هه‌ركه‌سه‌ به‌ هاوڕێكه‌ی ده‌ڵێت، ”ئاشتی“،
به‌ڵام له‌ ناخییه‌وه‌ بۆسه‌ی بۆ ده‌نێته‌وه‌.
9
ئایا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ سزایان نه‌ده‌م؟
ئایا من تۆڵه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌مه‌ نه‌ستێنمه‌وه‌؟»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
10
بۆ چیاكان گریان و شیوه‌ن ده‌گێڕم،
به‌سه‌ر له‌وه‌ڕگاكانی چۆڵه‌وانیدا ده‌لاوێنمه‌وه‌،
چونكه‌ ئه‌وان وێران بوون و كه‌س پێیدا تێناپه‌ڕێت،
ده‌نگی مێگه‌ل نابیسترێت،
باڵنده‌ی ئاسمان ڕایانكرد،
ئاژه‌ڵ ڕۆیشتن.
11
«ئۆرشه‌لیم وێران ده‌كه‌م،
ده‌یكه‌مه‌ داڵده‌ی چه‌قه‌ڵ،
شارۆچكه‌كانی یه‌هودا ده‌كه‌مه‌ كاولگه‌
به‌بێ دانیشتووان.»
12
كێ كه‌سێكی دانایه‌ و ئه‌مه‌ تێده‌گات؟ كێ ئه‌وه‌ی یه‌زدان فێری كرد ده‌توانێت ڕوونی بكاته‌وه‌؟ بۆچی زه‌وی له‌ناوچوو، چۆڵه‌وانی وێران بوو، كه‌س ناتوانێت لێی بپه‌ڕێته‌وه‌؟
13
یه‌زدان فه‌رمووی: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وازیان له‌ فێركردنه‌كه‌م هێنا، ئه‌وه‌ی خستمه‌ پێشیان په‌یڕه‌ویان نه‌كرد، گوێڕایه‌ڵی من نه‌بوون.
14
له‌بری ئه‌وه‌، به‌دوای كه‌لله‌ڕه‌قی خۆیان كه‌وتن، به‌دوای به‌عله‌كان كه‌وتن، كه‌ باوباپیرانیان فێریان كردن.»
15
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئاوا ده‌فه‌رموێت: «ئه‌وه‌تا من زه‌قنه‌بووت ده‌رخواردی ئه‌م گه‌له‌ ده‌ده‌م و ئاوی ژه‌هراوییان پێ ده‌نۆشم.
16
به‌ناو چه‌ندین نه‌ته‌وه‌دا په‌رتیان ده‌كه‌م كه‌ نه‌ خۆیان و نه‌ باوباپیرانیان نه‌یانناسیون، به‌ شمشێریش ڕاویان ده‌نێم هه‌تا له‌ناویان ده‌به‌م.»
17
یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«سه‌رنج بده‌ن! بانگی ژنه‌ ماته‌مگێڕه‌كان بكه‌ن هه‌تا بێن،
بنێرن به‌دوای ژنه‌ شاره‌زاكان.
18
با خێرا بێن و ده‌نگی شیوه‌ن به‌سه‌رماندا هه‌ڵبڕن،
چاوه‌كانمان فرمێسك بڕێژێت و
پێڵووه‌كانمان ئاویان لێ هه‌ڵبقوڵێت.
19
چونكه‌ ده‌نگی شیوه‌ن له‌ سییۆنه‌وه‌ بیسترا،
”چۆن تێكدراین!
چه‌ند شه‌رمه‌زار بووین!
چونكه‌ زه‌وییه‌كه‌مان به‌جێهێشت،
چونكه‌ ماڵه‌كانمان كاول كران.“»
20
ئه‌ی ژنان، گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن،
گوێ له‌ فه‌رمایشتی ده‌می ئه‌و بگرن.
كچه‌كانتان فێری شیوه‌ن بكه‌ن،
هه‌ر ژنێكیش ده‌سته‌خوشكه‌كه‌ی فێری ماته‌م گێڕان بكات.
21
مردن به‌ په‌نجه‌ره‌كانمان هه‌ڵگه‌ڕا،
هاته‌ ناو قه‌ڵاكانمانه‌وه‌،
بۆ قڕكردنی منداڵان له‌ كۆڵان و
لاوان له‌ گۆڕه‌پانه‌كان.
22
بڵێ: «یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”ته‌رمی مرۆڤ ده‌كه‌وێت،
وه‌ك زبڵ به‌سه‌ر ڕووی كێڵگه‌وه‌،
وه‌ك چه‌پكی دوای دروێنه‌كه‌ر،
كه‌س نییه‌ كۆی بكاته‌وه‌.“»
23
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«با دانا شانازی به‌ دانایی خۆی نه‌كات،
با پاڵه‌وان شانازی به‌ پاڵه‌وانیێتی خۆی نه‌كات،
با ده‌وڵه‌مه‌ند شانازی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیێتی خۆی نه‌كات،
24
به‌ڵكو ئه‌وه‌ی شانازی ده‌كات، با شانازی به‌مه‌ بكات:
كه‌ له‌ من تێده‌گات و ده‌مناسێت،
كه‌ من یه‌زدانم، ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ و
دادوه‌ری و ڕاستودروستی له‌سه‌ر زه‌وی ده‌هێنمه‌ دی،
چونكه‌ خۆشی له‌مانه‌ ده‌بینم.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
25
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «سه‌رده‌مێك دێت، سزای هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ده‌م كه‌ ته‌نها به‌ له‌ش خه‌ته‌نه‌ كراون،
26
خه‌ڵكی میسر و یه‌هودا و ئه‌دۆم و عه‌مۆن و مۆئاب و قژبڕاوه‌كانی[b] دانیشتووی چۆڵه‌وانی. هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان خه‌ته‌نه‌ نه‌كراون و هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلیش دڵیان خه‌ته‌نه‌ نه‌كراوه‌[c]
  1. a. 9‏:4 بڕوانه‌ چیڕۆكی یاقوب له‌ \+xt په‌یدابوون 27‏:36‏\+xt*‏.
  2. b. 9‏:26 خه‌ڵكێك بوون وه‌ك نه‌ریتێكی بتپه‌رستی پرچیان بڕیوه‌.
  3. c. 9‏:26 هه‌رچه‌نده‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل جه‌سته‌یان خه‌ته‌نه‌كراوه‌، به‌ڵام ڕۆحیان ته‌رخان نه‌كراوه‌ بۆ یه‌زدان.