عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
كه‌س ڕاستودروست نییه‌ 
1
«به‌ناو شه‌قامه‌كانی ئۆرشه‌لیمدا هاتوچۆ بكه‌ن،
ئێستا ته‌ماشا بكه‌ن و بزانن،
له‌ناو گۆڕه‌پانه‌كانی بگه‌ڕێن.
ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان بینییه‌وه‌
دادپه‌روه‌ری بكات و به‌دوای ڕاستیدا بگه‌ڕێت،
ئه‌وا من له‌م شاره‌ خۆشده‌بم.
2
هه‌رچه‌نده‌ ده‌ڵێن: ”به‌ یه‌زدانی زیندوو،“
هێشتا به‌ درۆ سوێند ده‌خۆن.»
3
ئه‌ی یه‌زدان، ئایا چاوت به‌دوای ڕاستیدا ناگه‌ڕێت؟
لێت دان به‌ڵام ئازاریان پێ نه‌گه‌یشت،
تێكت شكاندن به‌ڵام ڕه‌تیانكرده‌وه‌ ته‌مبێ بكرێن.
ڕووی خۆیان له‌ به‌رد ڕه‌قتر كرد،
تۆبه‌كردنیان ڕه‌تكرده‌وه‌.
4
به‌ڵام من گوتم: «ئه‌وانه‌ هه‌ژارن،
نه‌زان بوون،
چونكه‌ ڕێگای یه‌زدان ناناسن و
نازانن خودا داوای چییان لێ ده‌كات.
5
كه‌واته‌ ده‌چمه‌ لای گه‌وره‌ پیاوان و
قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م،
بێگومان ئه‌وان ڕێگای یه‌زدان ده‌ناسن و
ده‌زانن خودا داوای چییان لێ ده‌كات.»
به‌ڵام ئه‌وان پێكه‌وه‌ نیریان شكاند،
به‌ندیان پساند.
6
له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ دارستان شێر هێرشیان ده‌كاته‌ سه‌ر،
گورگی بیابان ده‌یانفه‌وتێنێت،
پڵنگ له‌ ده‌وری شارۆچكه‌كانیان خۆی مات ده‌دات،
تاكو ئه‌وه‌ی لێی بێته‌ ده‌ره‌وه‌ پارچه‌پارچه‌ی بكات،
چونكه‌ یاخیبوونه‌كانیان زۆربوون،
هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌كانیان گه‌وره‌ بوون.
7
«چۆن له‌مه‌ لێت خۆشده‌بم؟
كوڕه‌كانت وازیان لێ هێنام و
سوێند به‌وه‌ ده‌خۆن كه‌ خودا نییه‌.
كه‌ تێرم كردن، داوێنپیسییان كرد،
پاڵه‌په‌ستۆیانه‌ بۆ ماڵی له‌شفرۆش.
8
بوون به‌ ئه‌سپی خورت و به‌ عیته‌،
هه‌ریه‌كه‌ به‌سه‌ر ژنی براده‌ره‌كه‌یدا ده‌حیلێنێت.
9
ئایا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ سزایان نه‌ده‌م؟
ئایا من تۆڵه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌مه‌ نه‌ستێنمه‌وه‌؟»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
10
«سه‌ربكه‌ونه‌ سه‌ر په‌رژینی ڕه‌زه‌مێوه‌كان و تێكیان بده‌ن،
به‌ڵام به‌ ته‌واوی مه‌یفه‌وتێنن.
لقه‌كانی لێ بكه‌نه‌وه‌،
چونكه‌ هی یه‌زدان نین.
11
بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل و بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا
به‌ ته‌واوی ناپاكییان لێكردم.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
12
درۆیان به‌ ده‌می یه‌زدانه‌وه‌ كرد،
گوتیان، «ئه‌و هیچ ناكات!
به‌ڵامان به‌سه‌رنایه‌ت،
شمشێر و قاتوقڕی نابینین.
13
پێغه‌مبه‌ره‌كان بوون به‌ هاژه‌ی با،
وشه‌كه‌ له‌واندا نییه‌،
ئه‌وه‌ی گوتیان به‌سه‌ریان ده‌هێنرێت.»
14
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری سوپاسالار، ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م گه‌له‌ ئه‌و قسانه‌یان كرد،
ئه‌وه‌تا من وته‌كانم له‌ ده‌می تۆدا ده‌كه‌مه‌ ئاگر،
ئه‌م گه‌له‌ش ده‌كه‌م به‌ دار و ده‌یانخوات.»
15
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل،
ئه‌وه‌تا من نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ دووره‌وه‌ ده‌هێنمه‌ سه‌رتان،
نه‌ته‌وه‌یه‌كی پته‌و و دێرینه‌،
نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ زمانه‌كه‌یان نازانن،
له‌ قسه‌كردنیان تێناگه‌ن.
16
تیردانه‌كه‌ی وه‌ك گۆڕی ده‌م كراوه‌یه‌،
هه‌موو پاڵه‌وانن.
17
دروێنه‌ و نانت ده‌خوات،
كوڕ و كچت ده‌خوات،
مه‌ڕ و مانگات ده‌خوات،
مێو و هه‌نجیرت ده‌خوات.
شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كانت كه‌ تۆ پشتت پێ به‌ستوون،
به‌ شمشێر ده‌فه‌وتێنێت.»
18
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «هه‌روه‌ها له‌و ڕۆژانه‌دا، كۆتاییتان پێ ناهێنم.
19
جا كه‌ ده‌ڵێن: ”له‌به‌ر چی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان هه‌موو ئه‌مه‌ی پێكردین؟“ پێیان ده‌ڵێیت: ”له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وازتان لێ هێنام و له‌ خاكه‌كه‌تان خوداوه‌نده‌ بێگانه‌كانتان په‌رست، ئاوا ده‌بێت بێگانه‌ په‌رستی بكه‌ن له‌ خاكێك كه‌ هی ئێوه‌ نییه‌.[a]
20
«ئه‌مه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی یاقوب ڕابگه‌یه‌نن و
با له‌ناو یه‌هودا ببیسترێت، بڵێن:
21
ئه‌ی گه‌لی گێل و بێ مێشك، ئێستا گوێ له‌مه‌ بگرن،
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی چاوتان هه‌یه‌ و نابینن،
گوێتان هه‌یه‌ و نابیستن:
22
ئایا له‌ من ناترسن؟»
هه‌روه‌ها یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
«ئایا له‌به‌رده‌می من ناله‌رزن؟
من كه‌ لمم بۆ ده‌ریا كرد به‌ سنوور،
به‌ربه‌ستێكی هه‌تاهه‌تاییه‌ و لێی تێناپه‌ڕێت.
شه‌پۆل خۆی پێدا ده‌دات و سه‌ركه‌وتوو نابێت،
هاژه‌ی دێت و تێناپه‌ڕێت.
23
به‌ڵام ئه‌م گه‌له‌ دڵێكی منجڕ و یاخی هه‌یه‌،
له‌ڕێ لایاندا و ڕۆیشتن.
24
له‌ دڵی خۆیاندا ناڵێن،
”ئێستا با له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان بترسین،
ئه‌وه‌ی باران ده‌بارێنێت، یه‌كه‌م باران و دوا باران له‌ وه‌رزی خۆی،
له‌ هه‌فته‌ دیاریكراوه‌كانی دروێنه‌ دڵنیامان ده‌كاته‌وه‌.“
25
تاوانه‌كانتان ڕێگرییان له‌م به‌ره‌كه‌تانه‌ كرد،
گوناهه‌كانتان له‌ چاكه‌ بێبه‌شی كردن.
26
«به‌دكاران له‌نێو گه‌له‌كه‌مدا ده‌بینرێنه‌وه‌،
وه‌ك ڕاوچی خۆیان ماتداوه‌ و چاو ده‌گێڕن،
ته‌ڵه‌ ده‌نێنه‌وه‌ و مرۆڤ ده‌گرن.
27
وه‌ك قه‌فه‌زی پڕ له‌ باڵدار،
ماڵه‌كانیان پڕه‌ له‌ فێڵ،
له‌به‌ر ئه‌مه‌ گه‌وره‌ و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون،
28
قه‌ڵه‌و و تێر بوون.
هه‌روه‌ها له‌ خراپه‌كاریدا بێ سنوورن،
پارێزه‌رایه‌تییان بۆ سكاڵای هه‌تیو نه‌كرد هه‌تا سه‌ركه‌وتوو بن،
به‌رگرییان له‌ مافی هه‌ژاران نه‌كرد.
29
ئایا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ سزایان نه‌ده‌م؟
ئایا من تۆڵه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌مه‌ نه‌ستێنمه‌وه‌؟»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
30
«تۆقین و سه‌رسوڕماویێك
له‌ خاكه‌كه‌دا ڕوویدا:
31
پێغه‌مبه‌ره‌كان به‌ درۆ پێشبینی ده‌كه‌ن،
كاهینه‌كانیش به‌ ویستی خۆیان فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌كه‌ن،
گه‌له‌كه‌شم حه‌زیان له‌م دۆخه‌یه‌.
به‌ڵام له‌ كۆتاییه‌كه‌یدا ئێوه‌ چی ده‌كه‌ن؟
  1. a. 5‏:19 وه‌ك سزایه‌ك خزمه‌تی بێگانه‌كان ده‌كه‌ن و خوداوه‌نده‌كانی ئه‌وان ده‌په‌رستن.