عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئه‌ی ئیسرائیل، ئه‌گه‌ر گه‌ڕایته‌وه‌،
بگه‌ڕێوه‌ لای من.
ئه‌گه‌ر بته‌ قێزه‌ونه‌كانت له‌به‌رده‌مم لابده‌ی،
گومڕا نابیت،
2
ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستی و دادپه‌روه‌ری و ڕاستودروستییه‌وه‌
سوێند بخۆیت: ”به‌ یه‌زدانی زیندوو،“
ئه‌وسا نه‌ته‌وه‌كان به‌و به‌ره‌كه‌تدار ده‌بن و
شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن.»
3
یه‌زدان ئه‌مه‌ به‌ پیاوه‌كانی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم ده‌فه‌رموێت:
«زه‌وی به‌یارتان بكێڵن و
له‌ناو دڕكوداڵدا مه‌چێنن.
4
ئه‌ی پیاوانی یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم،
خۆتان بۆ یه‌زدان خه‌ته‌نه‌[a] بكه‌ن،
دڵتان خه‌ته‌نه‌ بكه‌ن،
نه‌وه‌ك تووڕه‌ییم بجۆشێت و وه‌ك ئاگر بسووتێنێت،
له‌به‌ر خراپی كرده‌وه‌كانتان،
بسووتێنێت و كه‌س ناتوانێت بیكوژێنێته‌وه‌.»
به‌ڵایه‌ك له‌ باكووره‌وه‌ 
5
«له‌ یه‌هودا ڕایبگه‌یه‌نن، له‌ ئۆرشه‌لیم ده‌نگتان ببیسترێت، بڵێن:
”له‌ خاكه‌كه‌ فوو به‌ كه‌ڕه‌نادا بكه‌ن!“
به‌ ده‌نگی به‌رز بانگه‌واز بكه‌ن و بڵێن: ”كۆببنه‌وه‌!
با هه‌ڵبێین بۆ شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كان!“
6
ئاڵا به‌رز بكه‌نه‌وه‌ بۆ چوونه‌ سییۆن!
خۆتان بده‌نه‌ په‌نا! ڕامه‌وه‌ستن!
چونكه‌ من له‌ باكووره‌وه‌ به‌ڵا ده‌هێنم،
تێكشكانێكی گه‌وره‌.»
7
شێر له‌ لانه‌كه‌یه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌،
تێكشكێنه‌ری نه‌ته‌وه‌كان به‌ڕێكه‌وت.
له‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی هاته‌ ده‌ره‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی خاكه‌كه‌ت وێران بكات.
شارۆچكه‌كانت كاول ده‌بن
بێ ئاوه‌دانی ده‌بن.
8
له‌به‌ر ئه‌مه‌ جلوبه‌رگی گوش[b] له‌به‌ر بكه‌ن،
له‌ خۆتان بده‌ن و واوه‌یلا بكه‌ن،
چونكه‌ گڕی تووڕه‌یی یه‌زدان
هێشتا دانه‌مركاوه‌ته‌وه‌.
9
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «جا ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌و ڕۆژه‌دا،
پاشا و پیاوه‌ گه‌وره‌كان جه‌رگبڕاو ده‌بن،
كاهینه‌كان ده‌حه‌په‌سێن و
پێغه‌مبه‌ره‌كان واقیان وڕده‌مێنێت.»
10
جا گوتم: «ئای، ئه‌ی یه‌زدانی باڵاده‌ست، بێگومان ئه‌م گه‌له‌ و ئۆرشه‌لیمت به‌ ته‌واوی فریودا، فه‌رمووت: ”ئاشتیتان بۆ ده‌بێت،“ كه‌چی شمشێر گه‌یشته‌ گیانمان.»
11
له‌و كاته‌دا به‌م گه‌له‌ و به‌ ئۆرشه‌لیم ده‌گوترێت: «بای سووتێنه‌ر له‌ گردۆڵكه‌كانی چۆڵه‌وانییه‌وه‌ به‌ره‌و گه‌له‌كه‌م هه‌ڵده‌كات، نه‌ بۆ شه‌ن و نه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌،
12
بایه‌كی له‌وه‌ به‌گوڕتره‌، له‌ منه‌وه‌ دێت. ئێستاش من حوكمی خۆم به‌سه‌ریاندا ڕاده‌گه‌یه‌نم.»
13
ته‌ماشا بكه‌ن! وه‌ك هه‌وره‌كان سه‌رده‌كه‌وێت،
گالیسكه‌كانی وه‌ك گه‌رده‌لووله‌،
ئه‌سپه‌كانی له‌ هه‌ڵۆ تیژڕه‌وترن.
قوڕبه‌سه‌رمان، وێران كراین!
14
ئه‌ی ئۆرشه‌لیم، دڵت له‌ خراپه‌ بشۆوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگارت بێت.
هه‌تا كه‌ی بیروڕا خراپه‌كانت له‌ناوه‌ڕاستت ده‌مێنێته‌وه‌؟
15
ده‌نگێك له‌ دانه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت،
كاره‌سات له‌ شاخه‌كانی ئه‌فرایمه‌وه‌ ده‌بیسترێت.
16
«نه‌ته‌وه‌كان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌،
با خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم بیبیستن:
”ئابڵوقه‌ده‌ران له‌ خاكێكی دووره‌وه‌ دێن،
به‌سه‌ر شاره‌كانی یه‌هودا ده‌نگیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌.
17
له‌ چوارده‌وری وه‌ك پاسه‌وانانی كێڵگه‌یان لێهاتووه‌،
چونكه‌ له‌ من یاخی بوون.“»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
18
«ڕه‌فتار و كرده‌وه‌كانت
ئه‌مه‌یان پێكردیت،
ئه‌مه‌ سزاكه‌ته‌،
چه‌ند تاڵه‌!
چونكه‌ گه‌یشته‌ دڵت.»
19
ئه‌ی ئازارم، ئه‌ی ئازارم!
من له‌تاو ئێشم ده‌توێمه‌وه‌.
دڵم ژان ده‌كات!
دڵه‌كوتێمه‌، بێده‌نگ نابم،
چونكه‌ گوێم له‌ ده‌نگی كه‌ڕه‌نا و نه‌عره‌ته‌ی جه‌نگ بوو.
20
كاره‌سات له‌دوای كاره‌سات دێت،
هه‌موو خاكه‌كه‌ وێران بوو.
له‌پڕ خێوه‌ته‌كانم وێران بوون،
له‌ چركه‌یه‌كدا په‌ناگاكانم.
21
هه‌تا كه‌ی ئاڵای جه‌نگ ده‌بینم و
گوێم له‌ ده‌نگی كه‌ڕه‌نا ده‌بێت؟
22
«گه‌له‌كه‌م گێله‌ و
من ناناسێت.
ئه‌وان كوڕی ده‌به‌نگن،
ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتوون،
ئه‌وان دانان بۆ كاری خراپه‌،
به‌ڵام نازانن چۆن چاكه‌ بكه‌ن.»
23
ته‌ماشای زه‌ویم كرد،
بێ شێوه‌ و به‌تاڵ بوو،
به‌ره‌و ئاسمانیش،
ڕووناكییه‌كه‌ی نه‌مابوو.
24
ته‌ماشای چیاكانم كرد ده‌هه‌ژان،
هه‌موو گرده‌كانیش له‌ق بوون.
25
ته‌ماشام كرد، هیچ كه‌سێك دیار نه‌بوو،
باڵنده‌كانی ئاسمانیش هه‌موو هه‌ڵاتوون،
26
ته‌ماشام كرد، باخه‌كان چۆڵه‌وانین و
هه‌موو شارۆچكه‌كانی كاول بوون
له‌به‌رده‌م یه‌زدان، له‌ ڕووی گڕی تووڕه‌ییه‌كه‌ی.
27
سه‌باره‌ت به‌مه‌ش یه‌زدان به‌م جۆره‌ ده‌فه‌رموێت:
«هه‌موو زه‌وی وێران ده‌بێت،
به‌ڵام به‌ ته‌واوی كۆتایی پێ ناهێنم.
28
له‌به‌ر ئه‌مه‌ زه‌وی شیوه‌ن ده‌گێڕێت،
ئاسمانیش له‌ سه‌ره‌وه‌ تاریك دادێت،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من قسه‌م كرد و پاشگه‌ز نه‌بوومه‌وه‌،
بڕیارم دا و بڕیاره‌كه‌م ناگۆڕم.»
29
له‌ ده‌نگی سوار و تیرهاوێژ
هه‌موو شارۆچكه‌كان ڕایانكرد.
هه‌ندێك چوونه‌ ناو دارستانه‌كان،
هه‌ندێك سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ر به‌رده‌كان.
هه‌موو شارۆچكه‌كان به‌جێهێڵراون،
هیچ كه‌سێك تێیاندا نیشته‌جێ نییه‌.
30
تۆش ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ وێرانه‌كه‌، چی ده‌كه‌یت؟
بۆچی به‌رگی ئاڵ له‌به‌ر ده‌كه‌یت و
خشڵی زێڕ به‌ خۆته‌وه‌ ده‌كه‌یت؟
بۆچی به‌ كل چاوه‌كانت ڕه‌ش ده‌كه‌یت؟
بێهووده‌ خۆت جوان ده‌كه‌یت،
له‌به‌رچاوی ئه‌وینداران كه‌وتووی،
ئه‌وان داوای گیانت ده‌كه‌ن.
31
هاوارێكم بیست وه‌ك هاواری ژنێكی ژانگرتوو بوو،
له‌ ناخۆشیدا وه‌ك یه‌كه‌م منداڵی بێت.
ده‌نگی سییۆنی كچ[c] هه‌نسك ده‌دات،
ده‌ست پان ده‌كاته‌وه‌، ده‌ڵێت:
«وه‌ی له‌ من! ده‌بوورێمه‌وه‌،
گیانم له‌به‌ر بكوژان ده‌رده‌چێت!»
  1. a. 4‏:4 ‏مه‌به‌ستی له‌ ته‌رخانكردنی دڵه‌ بۆ دڵسۆزی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌زدان.
  2. b. 4‏:8 له‌ كاتی ماته‌مگێڕان و تۆبه‌كردندا جلوبه‌رگی له‌ گوش دروستكراویان له‌به‌ركردووه‌ كه‌ ئه‌زیه‌تی پێستیانی داوه‌.
  3. c. 4‏:31 ده‌ربڕینێكی خوازه‌یه‌ بۆ پایته‌خت، مه‌به‌ست له‌ هه‌موو دانیشتووانی شاره‌كه‌یه‌.