عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«ئه‌گه‌ر پیاو ژنی خۆی ته‌ڵاق بدات و
ژنه‌كه‌ی له‌لای بڕوات و بۆ پیاوێكی دیكه‌ بێت،
ئایا كابرا جارێكی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای ئه‌و ژنه‌؟
ئایا ئه‌و خاكه‌ به‌ ته‌واوی گڵاو نابێت؟
به‌ڵام تۆ له‌شی خۆتت به‌ زۆر دۆست فرۆشت،
ئایا ئێستا ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ لام؟»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
2
«چاو هه‌ڵبڕه‌ بۆ گردۆڵكه‌كان و ببینه‌!
بزانه‌ جێی ژووانێك هه‌یه‌ كه‌ لێی زه‌لیل نه‌كرابیت؟
وه‌ك كۆچه‌ر له‌ چۆڵه‌وانی
له‌سه‌ر ڕێگاكان بۆ خۆشه‌ویستان دانیشتیت.
به‌ له‌شفرۆشیت و به‌ خراپه‌ت
خاكه‌كه‌ت گڵاو كرد.
3
جا لێزمه‌ باران ڕاوه‌ستا و
به‌هاره‌ بارانیش نه‌بوو،
كه‌چی تۆ ناوچه‌وانی ژنه‌ له‌شفرۆشێكت هه‌بوو،
شه‌رم له‌خۆكردنه‌وه‌ت ڕه‌تكرده‌وه‌.
4
ئایا هه‌ر ئێستا بانگت نه‌كردم،
”باوكه‌! تۆ هاوڕێی گه‌نجیێتی منیت!
5
ئایا هه‌تاهه‌تایه‌ تووڕه‌ ده‌بیت؟
ئایا هه‌تا كۆتایی هه‌ڵده‌چیت؟“
به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌ت كرد،
به‌ڵام تۆ ئه‌و هه‌موو خراپه‌یه‌ت كرد كه‌ توانیت.»
ئیسرائیلی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ 
6
له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی یۆشیای پاشادا یه‌زدان پێی فه‌رمووم: «ئایا بینیت ئیسرائیلی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ چی كرد؟ چووه‌ سه‌ر هه‌موو گردێكی به‌رز و ژێر هه‌موو دارێكی سه‌وز، له‌وێ داوێنپیسی[a] كرد.
7
بیرم كرده‌وه‌ له‌پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌مه‌ی كرد، بۆ لای من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌گه‌ڕایه‌وه‌. جا یه‌هودای خوشكی ناپاكی ئه‌مه‌ی بینی.
8
ته‌ڵاقنامه‌م دا به‌ ئیسرائیلی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و ناردمه‌وه‌، له‌به‌ر هه‌موو داوێنپیسییه‌كانی. كه‌چی بینیم یه‌هودای خوشكی ناپاكی نه‌ترسا، جا ئه‌ویش چوو و داوێنپیسی كرد.
9
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ سووكی سه‌یری له‌شفرۆشییه‌كه‌ی كرد، زه‌وی گڵاو كرد و داوێنپیسی له‌گه‌ڵ دار و به‌ردا كرد.
10
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا، یه‌هودای خوشكی ناپاكی به‌ هه‌موو دڵییه‌وه‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ لام، به‌ڵكو ته‌نها به‌ ڕواڵه‌ت.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
11
ئینجا یه‌زدان پێی فه‌رمووم: «ئیسرائیلی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ یه‌هودای ناپاك ڕاستودروستتره‌.
12
بڕۆ، ئه‌و په‌یامه‌ بۆ باكوور ڕابگه‌یه‌نه‌، بڵێ:
«یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: ”ئه‌ی ئیسرائیلی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌، بگه‌ڕێوه‌،
ناوچه‌وانم لێتان گرژ ناكه‌م،
چونكه‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌م ناگۆڕێت.“ ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
”تووڕه‌ییم هه‌تاهه‌تایی نییه‌.
13
ته‌نها دان به‌ تاوانه‌كه‌تدا بنێی،
چونكه‌ له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت یاخی بوویت و
خۆشه‌ویستیت بۆ خوداوه‌نده‌ بێگانه‌كان بڵاوكرده‌وه‌
له‌ژێر هه‌موو دارێكی سه‌وز.
ئێوه‌ گوێڕایه‌ڵی من نه‌بوون.“»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
14
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئه‌ی ڕۆڵه‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان، بگه‌ڕێنه‌وه‌، چونكه‌ من مێردی ئێوه‌م[b] ، ده‌تانبه‌م، یه‌كێك له‌ شارۆچكه‌یه‌ك و دووان له‌ خێڵێك، ده‌تانهێنمه‌ سییۆن.
15
شوانتان بۆ داده‌نێم به‌ دڵی خۆم بێت، به‌ زانین و وریاییه‌وه‌ بتانله‌وه‌ڕێنن.»
16
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «له‌و ڕۆژانه‌دا، كه‌ له‌ خاكه‌كه‌ زۆر ده‌بن و به‌روبوومتان ده‌بێت، ئیتر ناڵێن: ”سندوقی په‌یمانی یه‌زدان.“ به‌ مێشكیاندا نایه‌ت و به‌بیریان نایه‌ته‌وه‌، به‌سه‌ری ناكه‌نه‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ دروستناكرێته‌وه‌.
17
له‌و كاته‌دا به‌ ئۆرشه‌لیم ده‌ڵێن، ”ته‌ختی یه‌زدان“ و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌ ئۆرشه‌لیم كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێز له‌ ناوی یه‌زدان بگرن. ئیتر به‌دوای كه‌لله‌ڕه‌قییه‌ خراپه‌كه‌یان ناكه‌ون.
18
له‌و ڕۆژانه‌دا بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ده‌ڕۆن، به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ خاكی باكووره‌وه‌ دێن بۆ ئه‌و خاكه‌ی كه‌ كردمه‌ میرات بۆ باوباپیرانتان.»
19
«به‌ڵام من، یه‌زدانم، ده‌فه‌رمووم:
«”چه‌ند ده‌مه‌وێ وه‌ك كوڕانی خۆمتان دابنێم و
زه‌وییه‌كی ئاره‌زووبه‌خشتان بده‌مێ،
جوانترین میراتی نه‌ته‌وه‌كان!“
وامده‌زانی ئێوه‌ به‌ ”باوكه‌“ بانگم ده‌كه‌ن و
له‌ شوێنكه‌وتنی من لاناده‌ن.
20
به‌ڵام وه‌ك چۆن ژن ناپاكی له‌ هاوسه‌ری خۆی ده‌كات،
ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، ئاوا ناپاكیتان لێكردم،»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
21
ده‌نگێك له‌ گردۆڵكه‌كانه‌وه‌ ده‌بیسترێت،
گریان و پاڕانه‌وه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیله‌،
چونكه‌ ڕێگاكانی خۆیان خواركردووه‌ و
یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان له‌بیر كردووه‌.
22
«ئه‌ی ڕۆڵه‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان، بگه‌ڕێنه‌وه‌،
هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌كانتان چاك ده‌كه‌مه‌وه‌.»
«به‌ڵێ، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لات،
چونكه‌ تۆ یه‌زدانیت، خودای ئێمه‌یت.
23
بێگومان بتپه‌رستی به‌ غه‌ڵبه‌غه‌ڵبه‌وه‌ له‌سه‌ر چیا و گرده‌كان خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌،
بێگومان به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان ئیسرائیل ڕزگار ده‌بێت.
24
له‌ هه‌رزه‌كاریمانه‌وه‌ به‌علی خوداوه‌ندی شه‌رمه‌زاری
ڕه‌نجی باوباپیرانی ئێمه‌ی خواردووه‌،
له‌ مه‌ڕ و مانگا و
كوڕ و كچ.
25
با له‌ناو شوره‌یی خۆمان ڕابكشێین،
با شه‌رمه‌زاریمان دامانبپۆشێت،
چونكه‌ ئێمه‌ و باوباپیرانمان گوناهمان كرد
له‌ دژی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان،
له‌ هه‌رزه‌كاریمانه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش،
گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان نه‌بووین.»
  1. a. 3‏:6 لێره‌دا به‌ واتای داوێنپیسی جه‌سته‌یی و ڕۆحیش دێت. به‌و كه‌سه‌ ده‌گوترێت كه‌ لاف لێده‌دات به‌وه‌فایه‌ بۆ یه‌زدان، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایه‌كی دیكه‌ ده‌كات. واته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كه‌سه‌كه‌ بێوه‌فایه‌ له‌گه‌ڵ یه‌زدان، هه‌روه‌ك چۆن پیاوێك بێوه‌فا بێت له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا.
  2. b. 3‏:14 په‌یوه‌ندی نێوان خودا و گه‌له‌كه‌ی به‌ په‌یوه‌ندی نێوان ژن و مێرد ده‌چووێنرێت، له‌ ڕووی ئه‌رك و وه‌فا و گوێڕایه‌ڵییه‌وه‌.