عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پەیامێک سەبارەت بە بابل 
1
ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان سەبارەت بە بابل و خاکی بابلییەکان لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی:
2
«لەنێو نەتەوەکان جاڕبدەن و ڕایبگەیەنن،
ئاڵا بەرز بکەنەوە و ڕابگەیەنن،
هیچ مەشارنەوە، بڵێن،
”بابل دەگیرێت،
بێل[a] شەرمەزار دەبێت،
مەرۆداخ[b] وردوخاش دەبێت.
پەیکەرەکانی شەرمەزار و
بتەکانی وردوخاش دەبن!“
3
نەتەوەیەک لە باکوورەوە دێتە سەری،
خاکەکەی وێران دەکات،
ئاوەدانی تێدا نابێت،
لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ هەڵدێن.»
4
یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژانە و لەو سەردەمە،
نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پێکەوە دێن،
بەدەم ڕێگاوە دەگریێن و ڕوو لە یەزدان دەکەن، خودای خۆیان.
5
پرسیاری ڕێگای سییۆن دەکەن و
ڕووی تێ دەکەن.
دێنەوە و بە پەیمانێکی هەتاهەتایی کە لەبیر نەکرێت،
دەچنە پاڵ یەزدانی خۆیان.
6
«گەلەکەم مەڕی ونبوو بوون،
شوانەکانیان گومڕایان کردن،
وێڵی ناو چیاکانیان کردن.
لەنێو چیا و گردەکان دەگەڕان،
جێی حەوانەوەی خۆیان لەبیر کرد.
7
هەموو ئەوانەی تووشیان دەبوون لووشیان دەدان،
دوژمنانیان گوتیان: ”ئێمە تاوانبار نین،
لەبەر ئەوەی گوناهیان لە دژی یەزدان کرد،
کە شوێنی حەوانەوەی ڕاستەقینەیانە،
لە دژی یەزدان کە ئومێدی باوباپیرانیانە.“
8
«لە بابل ڕابکەن،
خاکی بابلییەکان بەجێبهێڵن،
وەک نێرییەکانی پێش مێگەل بن،
9
چونکە ئەوەتا من کۆمەڵە نەتەوەیەکی گەورە
لە خاکی باکوورەوە ڕادەپەڕێنم.
ئەوان لە دژی بابل ڕیز دەبەستن،
لە باکوور دەیگرن.
تیرەکانیان وەک پاڵەوانی شارەزایە،
بە دەستبەتاڵی ناگەڕێنەوە.
10
خاکی بابل دەبێتە دەستکەوت،
ئەوەی دەستی بکەوێت لێی تێر دەبێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11
«ئەی تاڵانکەرانی میراتەکەم،
لەبەر ئەوەی دڵخۆش و شادمان بوون،
وەک مانگایەک گەنم بکوتێت هەڵدەبەزنەوە و
وەک ئەسپ حیلاندتان،
12
دایکتان زۆر شەرمەزار دەبێت،
ئەوەی ئێوەی بووە ڕیسوا دەبێت.
دەبێتە دوایین نەتەوە،
دەبێتە چۆڵەوانی و بیابان و دەشتی ڕووت.
13
لەبەر تووڕەیی یەزدان ئاوەدان نابێتەوە و
هەمووی دەبێتە چۆڵەوانی.
هەرکەسێک بە بابلدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت و فیکە لێدەدات،
لەبەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.
14
«ئەی هەموو کەوان ڕاکێشان،
لە چواردەوری بابل ڕیز ببەستن.
تیربارانی بکەن! دەست مەپارێزن،
چونکە لە دژی یەزدان گوناهی کرد.
15
لە هەموو لایەکەوە نەعرەتەی بەسەردا بکێشن!
خۆی بەدەستەوە دەدا، قوللەکانی دەکەون،
شووراکانی دەڕووخێن.
لەبەر ئەوەی ئەمە تۆڵەی یەزدانە،
تۆڵەی لێ بکەنەوە،
چی کرد، ئەوەی پێ بکەنەوە.
16
وەرزێر لە بابل ببڕنەوە و
داس بەدەست لە کاتی دروێنە.
لە ڕووی شمشێری ستەمکار،
با هەریەکە بەرەو گەلەکەی خۆی بگەڕێتەوە،
با هەریەکە بەرەو خاکی خۆی هەڵبێت.
17
«ئیسرائیل مێگەلێکی پەرتەوازەیە،
شێرەکان ڕاویان ناوە.
سەرەتا پاشای ئاشور لووشی دا،
ئینجا ئەمەی دوایی،
نەبوخودنەسری پاشای بابل،
ئێسکەکانی هاڕی.»
18
لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
«من پاشای بابل و خاکەکەی سزا دەدەم،
وەک چۆن پاشای ئاشورم سزا دا.
19
بەڵام ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە ناو پاوانەکەی خۆی،
جا لە کارمەل و باشان دەلەوەڕێت،
لە شاخەکانی ئەفرایم و گلعادیش
تێر دەخوات.»
20
یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژانەدا و لەو سەردەمەدا،
بەدوای تاوانی ئیسرائیلدا دەگەڕێن،
بەڵام نییەتی،
هەروەها بەدوای گوناهی یەهودا دەگەڕێن،
بەڵام هیچ نادۆزنەوە،
چونکە ئەوانەی کە دەیانهێڵمەوە لێیان خۆشدەبم.»
21
یەزدان دەفەرموێت: «پەلاماری خاکی میراتەیم[c] و
دانیشتووانی پەقۆد[d] بدە.
ڕایانماڵە و بیانکوژە و بە تەواوی بیانبڕەوە[e] ،
هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت بیکە.
22
لە خاکەکە دەنگی جەنگە،
دەنگی تێکشکانێکی مەزن!
23
چۆن تێکشکا و تەفروتونا بوو،
چەکوشی هەموو زەوی!
بابل چۆن وێران بوو
لەنێو نەتەوەکان!
24
ئەی بابل، تەڵەم بۆت نایەوە،
بەبێ ئەوەی بزانی پێوەبوویت.
دۆزرایتەوە و گیرایت،
چونکە دژایەتی یەزدانت کرد.
25
یەزدان جبەخانەکەی خۆی کردەوە و
چەکەکانی تووڕەیی خۆی دەرهێنا،
چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
کارێکی هەیە لە خاکی بابلییەکان.
26
لەوپەڕەوە وەرنە سەری!
ئەمبارەکانی بکەنەوە،
وەک کۆمەی دەغڵودان کەڵەکەی بکەن.
بە تەواوی قڕی بکەن،
پاشماوەی نەمێنێتەوە!
27
هەموو جوانەگاکانی[f] بکوژن،
با بۆ سەربڕین ببردرێن!
قوڕبەسەریان! چونکە ڕۆژیان هات،
کاتی سزادانیان.
28
لە خاکی بابلەوە گوێ لە دەنگی هەڵاتووان و دەربازبووان بگرن
لە سییۆن ڕایبگەیەنن
چۆن یەزدانی پەروەردگارمان تۆڵەی سەندەوە،
تۆڵەی پەرستگاکەی.
29
«تیرهاوێژەکان بانگ بکەن لە دژی بابل،
هەموو کەوان بەدەستەکان.
لە هەموو لایەکەوە دابەزنە سەری،
با کەس دەرباز نەبێت.
بەگوێرەی کردەوەکەی سزای بدەن،
هەموو ئەوەی کردی پێی بکەنەوە،
چونکە لە ڕووی یەزدان وەستایەوە،
لە ڕووی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
30
لەبەر ئەوە لاوەکانی لە گۆڕەپانەکاندا دەکوژرێن و
لەو ڕۆژەدا هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
31
«ئەی بێ چاوەڕوو، ئەوەتا من لە دژی تۆم،
چونکە ڕۆژت هات،
کاتی سزادانت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
32
«جا بێ چاوەڕووەکە ساتمە دەکات و دەکەوێت،
کەس هەڵیناستێنێتەوە،
منیش ئاگر بەردەدەمە شارۆچکەکانی و
هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.»
33
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«نەوەی ئیسرائیل چەوسێنراوەن،
هەروەها نەوەی یەهوداش.
هەموو ئەوانەی ڕاپێچیان کردن ئەوانیان گرت،
ڕازی نەبوون بەڕەڵایان بکەن.
34
بەڵام ئەوەی دەیانکڕێتەوە بەهێزە،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
بە چالاکی داکۆکی لە کێشەکەیان دەکات،
هەتا خاکەکە دەحەسێنێتەوە،
بەڵام دانیشتووانی بابل هەراسان دەکات.»
35
یەزدان دەفەرموێت: «شمشێر لە دژی بابلییەکانە!
لە دژی دانیشتووانی بابلە و
لە دژی میر و پیاوە داناکانییەتی!
36
شمشێر لە دژی قسە پووچەکانە![g]
جا گێل دەبن.
شمشێر لە دژی پاڵەوانەکانییەتی!
جا دەتۆقن.
37
شمشێر لە دژی ئەسپ و گالیسکەکانییەتی،
لە دژی هەموو سەربازە بێگانەکان لە ڕیزەکانی ئەو!
جا دەبن بە ژن.
شمشێر لە دژی گەنجینەکانییەتی!
جا تاڵان دەکرێن.
38
وشکەساڵی لە دژی ئاوەکانییەتی!
جا وشک دەبن،
چونکە خاکی بتەکانە،
ئەو بتانەی شێتی و تۆقین دەهێنن.
39
«لەبەر ئەوە دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار تێیدا دەژین،
کوندەپەپووی تێدا دەژیێت.
ئیتر هەرگیز کەسی تێدا نیشتەجێ نابێت،
نەوە دوای نەوە ئاوەدان نابێتەوە.
40
وەک چۆن خودا سەدۆم و عەمۆرای سەرەوژێر کرد
لەگەڵ شارۆچکەکانی دەوروبەری،
هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت،
هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
41
«ئەوەتا! سوپایەک لە باکوورەوە دێت،
نەتەوەیەکی مەزن و چەندین پاشا،
لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێن.
42
کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
دڵڕەقن و بەزەییان نییە.
دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
سواری ئەسپ دەبن،
وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی شاری بابل.
43
پاشای بابل هەواڵی ئەوانی بیست،
ورەی ڕووخا،
تووشی تەنگانە بوو،
تووشی ئازار بوو وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
44
ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت،
بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان،
ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ بابلییەکان ڕاودەنێم.
کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟
کێ وەک منە و کێ کێشمەکێشم لەگەڵ دەکات؟
ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»
45
لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی بابل داڕشتووە،
مەبەستی چی بووە لە دژی خاکی بابلییەکان بیکات:
بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن،
بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.
46
لە دەنگی گرتنی بابل زەوی دەلەرزێت،
قیژەیان دەگاتە ناو نەتەوەکان.
  1. a. 50‏:2 بێل یەکێکە لە خوداوەند و بتە ناودارەکانی سەردەمی شانشینی بابل.‏
  2. b. 50‏:2 بێل یان مەرۆداخ یان مەردوخ، هەمان سەرۆکی خوداوەندەکانی بابلییەکان بوو.‏
  3. c. 50‏:21 بە واتای دوو هێندە یاخیبوون.‏
  4. d. 50‏:21 بە واتای سزادان.‏
  5. e. 50‏:21 وشەی لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏
  6. f. 50‏:27 لەو کاتەوە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێ دەڵێن (نۆبەن) یان (جوانەگا).‏
  7. g. 50‏:36 مەبەستی لەوانە کە بە درۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتییان دەکرد.‏