عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
په‌یامێك سه‌باره‌ت به‌ عه‌مۆن 
1
بۆ عه‌مۆنییه‌كان:
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئایا ئیسرائیل كوڕی نییه‌،
یان میراتگری نییه‌؟
بۆچی مۆله‌خ گاد داگیر بكات و
گه‌له‌كه‌شی له‌ناو شارۆچكه‌كانی ئه‌ودا نیشته‌جێ بن؟»
2
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وه‌تا ڕۆژێك دێت،
وا ده‌كه‌م له‌ شاری ڕه‌به‌ی عه‌مۆنییه‌كان،
نه‌عره‌ته‌ی جه‌نگ ببیسترێت،
جا ده‌بێته‌ گردێكی وێران و
شارۆچكه‌كانیشی به‌ ئاگر ده‌سووتێن،
ئیسرائیلیش داگیركه‌رانی خۆی داگیر ده‌كات.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
3
«ئه‌ی حه‌شبۆن واوه‌یلا بكه‌، چونكه‌ عای ته‌فروتونا بوو!
ئه‌ی دانیشتووانی ڕه‌به‌ هاوار بكه‌ن!
به‌رگی له‌ گوش دروستكراو له‌به‌ر بكه‌ن و شین بگێڕن،
به‌ناو شووراكانیدا بسووڕێنه‌وه‌،
چونكه‌ مۆله‌خ ڕاپێچ ده‌كرێت،
خۆی و كاهین و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی.
4
بۆ شانازی به‌ دۆڵه‌كانته‌وه‌ ده‌كه‌یت؟
بۆ شانازی به‌ دۆڵه‌ پڕ به‌روبوومه‌كانته‌وه‌ ده‌كه‌یت؟
ئه‌ی كچی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌،
ئه‌وه‌ی پشت به‌ گه‌نجینه‌كانت ده‌به‌ستیت و ده‌ڵێیت،
”كێ په‌لامارم ده‌دات؟“»
5
یه‌زدان، په‌روه‌ردگاری سوپاسالار، ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌وه‌تا من ترست ده‌هێنمه‌ سه‌ر
له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رت.
جا هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئێوه‌ ده‌رده‌كرێت و
كه‌س نابێت ونبووان كۆبكاته‌وه‌.
6
«پاش ئه‌مه‌ ڕاپێچكراوانی عه‌مۆنییه‌كان ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
په‌یامێك سه‌باره‌ت به‌ ئه‌دۆم 
7
بۆ ئه‌دۆم:
یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئایا ئیتر دانایی له‌ تێمان نییه‌؟
ئایا ڕاوێژ له‌لای تێگه‌یشتووان نه‌ماوه‌؟
ئایا داناییه‌كه‌یان پووچه‌ڵ بووه‌ته‌وه‌؟
8
ئه‌ی دانیشتووانی دیدان، بكشێنه‌وه‌ و هه‌ڵێن،
بڕۆن له‌ ئه‌شكه‌وته‌ قووڵه‌كان خۆتان بشارنه‌وه‌،
چونكه‌ به‌ڵاكه‌ی عیسۆی به‌سه‌رده‌هێنم
له‌و كاته‌ی سزای ده‌ده‌م.
9
ئه‌گه‌ر ڕه‌زبڕت[a] بۆ بێت،
ئایا هه‌ندێك ترێ به‌جێناهێڵن؟
ئه‌گه‌ر به‌ شه‌و دزت بۆ بێت،
ئایا ته‌نها ئه‌وه‌ی پێویستیان بێت نایدزن؟
10
به‌ڵام من عیسۆ ڕووت ده‌كه‌مه‌وه‌،
شوێنه‌ نهێنییه‌كانی ده‌رده‌خه‌م،
ناتوانێت خۆی بشارێته‌وه‌،
منداڵ و برا و دراوسێكانی ته‌فروتونا ده‌كرێت،
ئیتر كه‌س به‌ زیندوویی نامێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وی بڵێت:
11
”هه‌تیوه‌كانت جێبهێڵه‌، من ده‌یانپارێزم،
با بێوه‌ژنه‌كانت پشت به‌ من ببه‌ستن.“»
12
سه‌باره‌ت به‌مه‌ یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی شایانی ئه‌وه‌ نین له‌ جامه‌كه‌ بخۆنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ ته‌واوی خواردیانه‌وه‌، ئایا تۆ به‌ ته‌واوی بێ سزا ده‌بیت؟ بێ سزا نابیت، به‌ڵكو ده‌بێت بیخۆیته‌وه‌.
13
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: چونكه‌ سوێندم به‌ خۆم خواردووه‌، كه‌ بۆزرا وێران بێت، ڕیسوا بێت، بڕووخێت و نه‌فره‌تبار بێت و هه‌موو شارۆچكه‌كانیشی هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ ڕووخاوی بمێنێته‌وه‌.»
14
هه‌واڵێكم له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ بیست،
نێردراوێك بۆ نه‌ته‌وه‌كان نێردراوه‌ تاكو پێیان بڵێت:
«كۆببنه‌وه‌ و په‌لاماری بده‌ن،
هه‌ستن بۆ جه‌نگ.»
15
«ئێستا له‌نێو گه‌لاندا بچووكت ده‌كه‌مه‌وه‌،
له‌نێو مرۆڤدا ڕیسوا ده‌بیت.
16
تۆ سامت له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌بوو،
فیزی دڵت هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندی،
ئه‌ی نیشته‌جێی نێو كه‌لێنی تاشه‌به‌رد،
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌رزایی گردیت،
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك هه‌ڵۆ هێلانه‌كه‌ت له‌ به‌رزایی دانێیت،
له‌وێوه‌ ده‌تهێنمه‌ خواره‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
17
«ئه‌دۆم ده‌بێته‌ وێرانه‌،
هه‌ركه‌سێك پێیدا تێبپه‌ڕێت سه‌رسام ده‌بێت،
گاڵته‌ی پێ ده‌كات له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ری هاتووه‌.
18
وه‌ك سه‌ره‌وژێربوونی سه‌دۆم و عه‌مۆرا
و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری،
هیچ مرۆڤێك له‌وێدا نیشته‌جێ نابێت،
هیچ ئاده‌میزادێك بۆ ئه‌وێ ئاواره‌ نابێت.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
19
«ئه‌وه‌تا وه‌ك شێرێك له‌ ده‌وه‌نه‌كانی ڕووباری ئوردونه‌وه‌ سه‌رده‌كه‌وێت،
به‌ره‌و له‌وه‌ڕگا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان،
ئاوا له‌ چاوتروكانێكدا له‌وێ ئه‌دۆمییه‌كان ڕاوده‌نێم.
كێ هه‌ڵبژێردراوه‌ كه‌ بیكه‌م به‌ سه‌رپه‌رشتیاری؟
چونكه‌ كێ وه‌ك منه‌ و كێ كێشه‌وبه‌ره‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات؟
ئه‌و شوانه‌ كێیه‌ كه‌ ده‌توانێ له‌ ڕووی من بوه‌ستێته‌وه‌؟»
20
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ببیستن خودا چ پلانێكی له‌ دژی ئه‌دۆم داڕشتووه‌،
مه‌به‌ستی چی بووه‌ له‌ دژی دانیشتووانی تێمان بیكات:
بچووكه‌كانی مێگه‌له‌كه‌ ڕاده‌كێشرێن،
به‌هۆی ئه‌وان به‌ ته‌واوی له‌وه‌ڕگاكانیان وێران ده‌كات.
21
له‌ ده‌نگی كه‌وتنیان زه‌وی ده‌له‌رزێت،
قیژه‌یان ده‌گاته‌ ده‌ریای سوور[b] .
22
ته‌ماشا بكه‌ن! دوژمن وه‌ك هه‌ڵۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و ده‌فڕێت،
به‌سه‌ر بۆزرادا باڵه‌كانی لێك ده‌كاته‌وه‌.
له‌و ڕۆژه‌دا دڵی پاڵه‌وانانی ئه‌دۆم
وه‌ك دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
په‌یامێك سه‌باره‌ت به‌ دیمه‌شق 
23
بۆ دیمه‌شق:
«حه‌مات و ئه‌رپاد شه‌رمه‌زار بوون،
چونكه‌ هه‌واڵێكی خراپیان بیست،
له‌ ترسان توانه‌وه‌،
وه‌ك ده‌ریا شڵه‌ژاون و ئارام نابنه‌وه‌.
24
دیمه‌شق هێزی له‌به‌ر بڕا،
ڕووی وه‌رگێڕا بۆ هه‌ڵاتن،
شڵه‌ژا و تانگه‌تاو بوو
وه‌ك ژنی ژانگرتوو.
25
چۆن واز له‌ شاره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ نه‌هێنرا،
ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی كه‌ شوێنی شادی من بوو!
26
بێگومان له‌و ڕۆژه‌دا، لاوه‌كانی له‌ناو شه‌قامه‌كان ده‌كوژرێن،
هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كانی له‌ناوده‌چن.»
ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی سوپاسالاره‌.
27
«ئاگرێك له‌ دیواری دیمه‌شق به‌رده‌ده‌م،
قه‌ڵاكانی به‌ن‌هه‌ده‌د ده‌خوات.»
په‌یامێك سه‌باره‌ت به‌ قێدار و حاچۆر 
28
بۆ قێدار و شانشینه‌كانی حاچۆر، ئه‌وه‌ی نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل لێیدا:
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌ی بابلییه‌كان، هه‌ستن هێرش ببه‌ن بۆ قێدار،
خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات ته‌فروتونا بكه‌ن.
29
ڕه‌شماڵ و مه‌ڕه‌كانیان ده‌بردرێن،
خێوه‌ت و هه‌موو قاپوقاچاغه‌كانیان و
وشتره‌كانیان ده‌هێنرێن.
بانگیان بكه‌ن:
”له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ترس و تۆقین هه‌یه‌!“»
30
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ڕابكه‌ن و دوور هه‌ڵێن!
ئه‌ی دانیشتووانی حاچۆر، له‌ ئه‌شكه‌وته‌ قووڵه‌كان نیشته‌جێ بن.
نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل له‌ دژی ئێوه‌ ڕاوێژی كردووه‌،
له‌ دژی ئێوه‌ پیلانی داناوه‌.
31
«هه‌ستن هێرش ببه‌نه‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاسووده‌،
به‌ پشت ئه‌ستوورییه‌وه‌ نیشته‌جێیه‌.
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
نه‌ ده‌رگا و نه‌ شمشیره‌ی[c] هه‌یه‌،
به‌ ته‌نهایی نیشته‌جێیه‌.
32
وشتره‌كانیان به‌ تاڵان ده‌بردرێن و
ماڵاتی زۆریان ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وت.
به‌ هه‌موو بایه‌ك
قژبڕاوه‌كان[d] شه‌ن ده‌كه‌م،
له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ كاره‌ساتیان به‌سه‌رده‌هێنم.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
33
«حاچۆر بۆ هه‌تاهه‌تایه‌
ده‌بێته‌ داڵده‌ی چه‌قه‌ڵ و چۆڵه‌وانی.
هیچ مرۆڤێك له‌وێ نیشته‌جێ نابێت،
هیچ ئاده‌میزادێك ئاواره‌ی ئه‌وێ نابێت.»
په‌یامێك سه‌باره‌ت به‌ ئیلام 
34
ئه‌و فه‌رمایشته‌ی یه‌زدان كه‌ له‌ سه‌ره‌تای پاشایه‌تییه‌كه‌ی سدقیای پاشای یه‌هودا بۆ یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر هات، سه‌باره‌ت به‌ ئیلام، پێی فه‌رموو:
35
یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌وه‌تا من كه‌وانی ئیلام ده‌شكێنم،
كه‌ سه‌رچاوه‌ی هێزیانه‌.
36
چوار با له‌ هه‌ر چوار لای ئاسمانه‌وه‌،
به‌سه‌ر ئیلامدا ده‌هێنم،
به‌م چوار بایه‌ شه‌نیان ده‌كه‌م،
هه‌تا نه‌ته‌وه‌ نه‌بێت
كه‌ دوورخراوه‌كانی ئیلامی بۆ نه‌چوو بێت.
37
ئیلامییه‌كان له‌به‌رده‌م دوژمنانیان ده‌تۆقێنم،
له‌به‌رده‌م ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ بیانكوژن،
به‌ڵایان به‌سه‌رده‌هێنم،
گڕی تووڕه‌ییم.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
«به‌ شمشێر ڕاویان ده‌نێم
هه‌تا كۆتاییان ده‌هێنم.
38
ته‌ختی خۆم له‌ ئیلام داده‌نێم و
له‌وێ پاشا و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی له‌ناوده‌به‌م.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
39
«به‌ڵام له‌ ئاینده‌دا،
ڕاپێچكراوه‌كانی ئیلام ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
  1. a. 49‏:9 ڕه‌زبڕ: ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ڕه‌زی ده‌بڕێته‌وه‌.
  2. b. 49‏:21 عیبری \+tl سوف\+tl* واته‌ (زه‌ل). ده‌شێت مه‌به‌ست له‌ ده‌ریای سوف بێت، ئه‌و ده‌ریایه‌ بێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رووی باكووری كه‌نداوی سوێسی ئه‌مڕۆ، به‌ڵام له‌ ده‌قی یۆنانی په‌یمانی نوێ هه‌ر به‌ ده‌ریای سوور نووسراوه‌. بڕوانه‌ \+xt عیبرانییه‌كان 11‏:29‏\+xt*‏.
  3. c. 49‏:31 شمشیر، پارچه‌ دارێك بووه‌ له‌ جیاتی قوفڵ له‌ دواوه‌ی ده‌رگا به‌ شێوه‌ی ئاسۆیی دانراوه‌ بۆ داخستنی ده‌رگا.
  4. d. 49‏:32 بڕوانه‌\+xt یه‌رمیا 9‏:26‏\+xt*‏