عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
په‌یامێك سه‌باره‌ت به‌ مۆئاب 
1
بۆ مۆئاب:
یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«قوڕبه‌سه‌ر نه‌بۆ، چونكه‌ وێران ده‌بێت،
قیریاته‌یم شه‌رمه‌زار ده‌بێت و ده‌گیرێت،
قه‌ڵاكه‌ شه‌رمه‌زار ده‌بێت و ده‌ڕووخێت.
2
شانازی مۆئاب نامێنێت،
له‌ حه‌شبۆن پیلانی خراپه‌یان له‌ دژی گێڕا،
”وه‌رن، با كۆتایی به‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ بهێنین.“
هه‌روه‌ها تۆش ئه‌ی مه‌دمێن[a] كپ ده‌بیت،
شمشێر دوات ده‌كه‌وێت.
3
گوێ له‌ ده‌نگی هاوار بگرن له‌ حۆرۆنایمه‌وه‌ دێت،
هاواری له‌ناوچوون و وێرانبوونێكی گه‌وره‌.
4
مۆئاب تێكده‌شكێت،
بچووكه‌كانی هاواریان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
5
سه‌رده‌كه‌ون بۆ هه‌ورازه‌كه‌ی ڕێگای لوحیت،
به‌ده‌م ڕێگاوه‌ به‌كوڵ ده‌گریێن،
له‌ ڕێگا نشێوه‌كه‌ی به‌ره‌و حۆرۆنایم
هاواری شكست ده‌بیسترێت.
6
هه‌ڵێن و خۆتان ده‌رباز بكه‌ن!
ببن به‌ سه‌رو له‌ چۆڵه‌وانی.
7
له‌به‌ر پشتبه‌ستنت به‌ كردار و گه‌نجینه‌كانت،
تۆش ده‌گیرێیت،
كه‌مۆش[b] ڕاپێچ ده‌كرێت،
كاهین و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی پێكه‌وه‌.
8
وێرانكه‌ر بۆ هه‌موو شارۆچكه‌كان دێت،
هیچ شارۆچكه‌یه‌ك ده‌رباز نابێت.
دۆڵ له‌ناوده‌چێت،
ده‌شت وێران ده‌بێت،
وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌زدان فه‌رمووی.
9
خوێ به‌سه‌ر خاكی مۆئابدا بكه‌ن،
چونكه‌ ده‌بێته‌ چۆڵه‌وانی.[c]
شارۆچكه‌كانی وێران ده‌بن،
به‌بێ ئاوه‌دانی ده‌بن.
10
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌وه‌زه‌لی كاری یه‌زدان ده‌كات!
نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی شمشێره‌كه‌ی له‌ خوێنڕشتن ڕاده‌گرێت!
11
«مۆئاب له‌ هه‌ڕه‌تی گه‌نجییه‌وه‌ دڵنیایه‌،
ڕاپێچیش نه‌كراوه‌،
وه‌ك مه‌ی به‌سه‌ر خڵته‌كه‌یه‌وه‌ مه‌نگه‌،
له‌ ده‌فرێكه‌وه‌ بۆ ده‌فرێكی دیكه‌ نه‌شڵه‌قاوه‌،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ تامه‌كه‌ی هه‌ر ماوه‌ و
بۆنیشی نه‌گۆڕاوه‌.
12
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕۆژێك دێت،
بۆ تێكدانی ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ ده‌نێرم كه‌ له‌ ئه‌مباری مه‌ی ئیش ده‌كه‌ن،
ئه‌وان ده‌یڕێژن و
ده‌فره‌كانی به‌تاڵ ده‌كه‌ن و
گۆزه‌كانی وردوخاش ده‌كه‌ن.
13
جا مۆئاب شه‌رمه‌زاری كه‌مۆش ده‌بێت،
هه‌روه‌ك بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل شه‌رمه‌زاری بێت‌ئێل بوون
كه‌ پشتیان پێی به‌ستبوو.
14
«چۆن ده‌ڵێن: ”ئێمه‌ پاڵه‌وانین و
پیاوی به‌هێزین بۆ جه‌نگ“؟
15
مۆئاب ته‌فروتونا ده‌بێت، شارۆچكه‌كانی داگیر ده‌كرێت،
باشترین لاوه‌كانی بۆ سه‌ربڕین داده‌به‌زن.»
ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی پاشایه‌، ئه‌وه‌ی ناوی یه‌زدانی سوپاسالاره‌.
16
«له‌ناوچوونی مۆئاب نزیك بووه‌ته‌وه‌،
به‌ڵاكه‌ی زۆر به‌ خێرایی دێت.
17
ئه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌ون، بۆی بلاوێننه‌وه‌،
ئه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناوبانگی ده‌زانن،
بڵێن: ”چۆن دارده‌ستی به‌هێز شكا،
شكۆ و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ما!“
18
«له‌ شكۆمه‌ندی خۆت وه‌ره‌ خواره‌وه‌ و
له‌سه‌ر زه‌وی وشك دابنیشه‌،
ئه‌ی دانیشتووانی شاری دیڤۆن،
چونكه‌ ته‌فروتوناكه‌ره‌كه‌ی مۆئاب
دێته‌ سه‌ر ئێوه‌،
شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كانی ئێوه‌ی كاول ده‌كات.
19
ئه‌ی دانیشتووانی شاری عه‌رۆعێر،
له‌سه‌ر ڕێگا بوه‌ستن و بڕوانن.
له‌ پیاوی هه‌ڵاتوو و ژنی ده‌ربازبوو بپرسن،
بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“
20
مۆئاب ئابڕووی چوو، چونكه‌ شكێنرا.
واوه‌یلا بكه‌ و هاوار بكه‌!
له‌لای ڕووباری ئه‌رنۆنه‌وه‌ ڕایبگه‌یه‌نن
كه‌ مۆئاب ته‌فروتونا بووه‌.
21
حوكمدان به‌سه‌ر زه‌وی ده‌شته‌كه‌دا هات،
به‌سه‌ر حۆلۆن و یه‌هچا و مێفه‌عه‌ت،
22
به‌سه‌ر دیڤۆن و نه‌بۆ و بێت‌دیڤلاتایم،
23
به‌سه‌ر قیریاته‌یم و بێت‌گاموول و بێت‌مه‌عۆن،
24
به‌سه‌ر قه‌ریۆت و بۆزرا،
به‌سه‌ر هه‌موو شارۆچكه‌كانی خاكی مۆئاب، دوور و نزیكه‌كان.
25
هێزی مۆئاب بڕایه‌وه‌،
بازووی شكا.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
26
«سه‌رخۆشی بكه‌ن،
چونكه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌زدان خۆی به‌ زل زانی.
با مۆئاب له‌ناو ڕشانه‌وه‌كه‌ی خۆی بگه‌وزێت،
ببێته‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی.
27
ئه‌ی تۆ به‌ ئیسرائیل پێنه‌كه‌نیت؟
ئایا ئه‌و له‌نێو دزان گیرا،
هه‌ر كاتێك باست ده‌كرد،
سه‌رت ده‌له‌قاند؟
28
ئه‌ی دانیشتووانی مۆئاب،
شارۆچكه‌كان به‌جێبهێڵن و له‌ناو به‌رده‌كاندا نیشته‌جێ بن.
وه‌ك كۆتر بن كه‌ هێلانه‌ی
له‌ده‌م ئه‌شكه‌وتدا ده‌كات.
29
«لووتبه‌رزی مۆئابمان بیستووه‌،
زۆر لووتبه‌رزه‌،
خۆبه‌زلزانی و لووتبه‌رزی و
فیز و شانازییه‌كه‌ی له‌ دڵه‌وه‌.
30
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: من بێ شه‌رمی ئه‌وم زانیوه‌، به‌ڵام قسه‌ی پووچه‌.
كرداره‌ پووچه‌كانی بێ سوودن.
31
له‌به‌ر ئه‌وه‌ واوه‌یلا بۆ مۆئاب ده‌كه‌م،
بۆ سه‌راپای مۆئاب هاوار ده‌كه‌م،
بۆ پیاوانی قییر حه‌راسه‌ت ده‌نووزێمه‌وه‌.
32
ئه‌ی مێوی سیڤما،
وه‌ك گریانی یه‌عزێر بۆت ده‌گریێم.
لقه‌كانت له‌ ده‌ریا په‌ڕینه‌وه‌،
گه‌یشتنه‌ ده‌ریای یه‌عزێر.
ته‌فروتوناكه‌ر كه‌وته‌ سه‌ر
میوه‌ پێگه‌یشتوو و هێشووه‌ ترێیه‌كانت.
33
خۆشی و دڵشادی داماڵران
له‌ ڕه‌زه‌كان و له‌ خاكی مۆئاب.
شه‌رابم له‌ گوشه‌ر ڕاگرت،
به‌ هاواری خۆشییه‌وه‌ پێپه‌ست ناكرێت،
ئه‌گه‌ر هاواركردن هه‌بێت،
له‌ خۆشیدا هاوار ناكه‌ن.
34
«ده‌نگی هاواریان به‌رزبووه‌وه‌،
له‌ حه‌شبۆنه‌وه‌ هه‌تا ئه‌لعالێ و هه‌تا یه‌هه‌چ،
له‌ زۆعه‌ره‌وه‌ هه‌تا حۆرۆنایم و عه‌گله‌ت شه‌لیشیا،
چونكه‌ هه‌روه‌ها ئاوی نیمریمیش وشك ده‌بێت.
35
له‌ مۆئاب كۆتایی ده‌هێنم
به‌وانه‌ی له‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی قوربانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و
بخوور بۆ خوداوه‌نده‌كانی داده‌گیرسێنن.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
36
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ دڵم بۆ مۆئاب وه‌ك شمشاڵ ناڵه‌ی دێت،
دڵم بۆ پیاوانی قییر حه‌راسه‌ت وه‌ك شمشاڵ ده‌ناڵێنێت،
چونكه‌ ئه‌و سامانه‌ی به‌ده‌ستیان هێنا له‌ناوچوو.
37
چونكه‌ هه‌موو سه‌رێك تاشراوه‌ و
هه‌موو ڕیشێك كورت كراوه‌ته‌وه‌،
هه‌موو ده‌ستێك بریندار كراوه‌ و
هه‌موو ناوقه‌دێك به‌ جلوبه‌رگی گوش داپۆشراوه‌.
38
له‌سه‌ر هه‌موو سه‌ربانه‌كانی مۆئاب و
له‌ هه‌موو شه‌قامه‌كانی
جگه‌ له‌ گریان هیچی دیكه‌ نییه‌،
چونكه‌ مۆئابم شكاند،
وه‌ك گۆزه‌یه‌ك كه‌س نه‌یه‌وێت.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
39
«چۆن شكا! چۆن واوه‌یلا ده‌كه‌ن!
چۆن مۆئاب له‌ شه‌رمان ڕووی وه‌رگێڕا!
مۆئاب بووه‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و
ترسناكی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری.»
40
یه‌زدان ئه‌وه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ته‌ماشا بكه‌ن! دوژمن وه‌ك هه‌ڵۆ به‌رز ده‌فڕێت،
به‌سه‌ر مۆئابدا باڵه‌كانی لێك ده‌كاته‌وه‌.
41
قه‌ریۆت ده‌گیرێت و
قه‌ڵاكان ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت.
له‌و ڕۆژه‌دا دڵی پاڵه‌وانه‌كانی مۆئاب
وه‌ك دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
42
مۆئاب له‌وه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ ببێته‌ گه‌ل،
چونكه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌زدان خۆی به‌ زل زانی.
43
ئه‌ی دانیشتووی مۆئاب،
ترس و چاڵ و ته‌ڵه‌ چاوه‌ڕێت ده‌كات.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
44
«ئه‌وه‌ی له‌ ترس هه‌ڵدێت
ده‌كه‌وێته‌ ناو چاڵه‌كه‌وه‌،
ئه‌وه‌ی له‌ چاڵه‌كه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌
به‌ ته‌ڵه‌كه‌وه‌ ده‌بێت،
چونكه‌ ساڵی سزادان
به‌سه‌ر مۆئابدا ده‌هێنم.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
45
«له‌ سێبه‌ری حه‌شبۆن
هه‌ڵاتووه‌كان به‌ بێهێزی وه‌ستاون،
چونكه‌ له‌ حه‌شبۆنه‌وه‌ ئاگرێك ده‌رچوو،
گڕێكیش له‌نێو سیحۆنه‌وه‌،
ناوچه‌وانی مۆئاب و
كه‌لله‌سه‌ری گه‌لی به‌ هاتوهاوار ده‌خوات.
46
قوڕبه‌سه‌رت مۆئاب!
خه‌ڵكی كه‌مۆش له‌ناوچوو،
كوڕه‌كانی تۆیان ڕاپێچ كرد و
كچه‌كانت به‌ دیل بردران.
47
«به‌ڵام له‌ ئاینده‌دا،
ڕاپێچكراوه‌كانی مۆئاب ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
ئێره‌ كۆتایی حوكم به‌سه‌ردادانی مۆئابه‌.
  1. a. 48‏:2 ناوی شارۆچكه‌یه‌ك بوو له‌ خاكی مۆئاب. له‌ زمانی عیبری وشه‌ی \+tl مه‌دمێن\+tl* له‌ ڕووی ده‌نگه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ی (كپ به‌)ی عیبری نزیكه‌.
  2. b. 48‏:7 خوداوه‌ندی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی مۆئابییه‌كان بوو. بڕوانه‌ \+xt سه‌رژمێری 21‏:29‏\+xt*‏.
  3. c. 48‏:9 یان: باڵ بده‌ن به‌ مۆئاب، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵفڕێت.