عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پەیامێک سەبارەت بە مۆئاب
- 1
- بۆ مۆئاب:
 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
 «قوڕبەسەر نیبۆ، چونکە وێران دەبێت،
 قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت،
 قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت.
- 2
- شانازی مۆئاب نامێنێت،
 لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا،
 ”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“
 هەروەها تۆش ئەی مەدمێن[a] کپ دەبیت،
 شمشێر دوات دەکەوێت.
- 3
- گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت،
 هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە.
- 4
- مۆئاب تێکدەشکێت،
 بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.
- 5
- سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت،
 بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن،
 لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم
 هاواری شکست دەبیسترێت.
- 6
- هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن!
 ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی.
- 7
- لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت،
 تۆش دەگیرێیت،
 کەمۆش[b] ڕاپێچ دەکرێت،
 کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە.
- 8
- وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت،
 هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت.
 دۆڵ لەناودەچێت،
 دەشت وێران دەبێت،
 وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی.
- 9
- خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن،
 چونکە دەبێتە چۆڵەوانی.[c]
 شارۆچکەکانی وێران دەبن،
 بەبێ ئاوەدانی دەبن.
- 10
- «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات!
 نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت!
- 11
- «مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە،
 ڕاپێچیش نەکراوە،
 وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە،
 لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە،
 لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و
 بۆنیشی نەگۆڕاوە.
- 12
- یەزدان دەفەرموێت:
 لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت،
 بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن،
 ئەوان دەیڕێژن و
 دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و
 گۆزەکانی وردوخاش دەکەن.
- 13
- جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت،
 هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێتئێل بوون
 کە پشتیان پێی بەستبوو.
- 14
- «چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و
 پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟
- 15
- مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت،
 باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.»
 ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
- 16
- «لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە،
 بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت.
- 17
- ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە،
 ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن،
 بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا،
 شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“
- 18
- «لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و
 لەسەر زەوی وشک دابنیشە،
 ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن،
 چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب
 دێتە سەر ئێوە،
 شارە قەڵابەندەکانی ئێوە کاول دەکات.
- 19
- ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر،
 لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن.
 لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن،
 بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“
- 20
- مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا.
 واوەیلا بکە و هاوار بکە!
 لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن
 کە مۆئاب تەفروتونا بووە.
- 21
- حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات،
 بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت،
- 22
- بەسەر دیڤۆن و نیبۆ و بێتدیڤلاتایم،
- 23
- بەسەر قیریاتەیم و بێتگاموول و بێتمەعۆن،
- 24
- بەسەر قەریۆت و بۆزرا،
 بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان.
- 25
- هێزی مۆئاب بڕایەوە،
 بازووی شکا.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 26
- «سەرخۆشی بکەن،
 چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
 با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت،
 ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی.
- 27
- ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟
 ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا،
 هەر کاتێک باست دەکرد،
 سەرت دەلەقاند؟
- 28
- ئەی دانیشتووانی مۆئاب،
 شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن.
 وەک کۆتر بن کە هێلانەکەی
 لەدەم ئەشکەوتدا دروست دەکات.
- 29
- «لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە،
 زۆر لووتبەرزە،
 خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و
 فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە.
- 30
- یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە.
 کردارە پووچەکانی بێ سوودن.
- 31
- لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم،
 بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم،
 بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە.
- 32
- ئەی مێوی سیڤما،
 وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم.
 لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە،
 گەیشتنە دەریای یەعزێر.
 تەفروتوناکەر کەوتە سەر
 میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت.
- 33
- خۆشی و دڵشادی داماڵران
 لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب.
 شەرابم لە گوشەر ڕاگرت،
 بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت،
 ئەگەر هاوارکردن هەبێت،
 لە خۆشیدا هاوار ناکەن.
- 34
- «دەنگی هاواریان بەرزبووەوە،
 لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ،
 لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا،
 چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت.
- 35
- لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم
 بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و
 بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 36
- «لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت،
 دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت،
 چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو.
- 37
- هەموو سەرێک تاشراوە و
 هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە،
 هەموو دەستێک بریندار کراوە و
 هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە.
- 38
- لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و
 لە هەموو شەقامەکانی
 جگە لە گریان هیچی دیکە نییە،
 چونکە مۆئابم شکاند،
 وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 39
- «چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن!
 چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا!
 مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و
 ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.»
- 40
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت،
 بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
- 41
- قەریۆت دەگیرێت و
 قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
 لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب
 وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
- 42
- مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل،
 چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
- 43
- ئەی دانیشتووی مۆئاب،
 ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 44
- «ئەوەی لە ترس هەڵدێت
 دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە،
 ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە
 بە تەڵەکەوە دەبێت،
 چونکە ساڵی سزادان
 بەسەر مۆئابدا دەهێنم.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 45
- «لە سێبەری حەشبۆن
 هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون،
 چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو،
 گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە،
 ناوچەوانی مۆئاب و
 کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات.
- 46
- قوڕبەسەرت مۆئاب!
 خەڵکی کەمۆش لەناوچوو،
 کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و
 کچەکانت بە دیل بردران.
- 47
- «بەڵام لە ئاییندەدا،
 ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
 ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە.
- a. 48:2 ناوی شارۆچکەیەک بوو لە خاکی مۆئاب. لە زمانی عیبری وشەی \+tl مەدمێن\+tl* لە ڕووی دەنگەوە لەگەڵ وشەی (کپ بە)ی عیبری نزیکە.
- b. 48:7 خوداوەندی هەرە گەورەی مۆئابییەکان بوو. بڕوانە سەرژمێری 21:29.
- c. 48:9 یان: باڵ بدەن بە مۆئاب، بۆ ئەوەی هەڵفڕێت.

