عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مەترسی یەرمیا 
1
لە سەرەتای پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەو پەیامەم لەلایەن یەزدانەوە بۆ هات:
2
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لە حەسارەکەی ماڵی یەزدان بوەستە و ئەو پەیامە بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا ڕابگەیەنە، کاتێک دێنە ماڵی یەزدان بۆ کڕنۆش بردن. ئەو پەیامەی کە فەرمانم پێ کردیت یەک وشەی لێ کەم نەکەیتەوە.
3
بەڵکو گوێیان لێ بێت و بگەڕێنەوە، هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی، منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بە نیاز بووم لەبەر خراپی کردەوەکانیان بەسەریان بهێنم.
4
پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر گوێ لە من نەگرن و فێرکردنەکەم پەیڕەو نەکەن کە لەبەردەمی ئێوە دامناوە،
5
هەروەها ئەگەر گوێ لە قسەی بەندە پێغەمبەرەکانم نەگرن، ئەوانەی من بە بەردەوامی بۆم دەناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت،
6
ئەوا ئەم ماڵە وەک شیلۆ لێ دەکەم و ئەم شارەش دەکەم بە مایەی نەفرەت بۆ هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی.“»
7
جا کاهینەکان و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل گوێیان لێ بوو یەرمیا لە ماڵی یەزدان ئەم پەیامەی ڕاگەیاند.
8
کاتێک یەرمیا لە قسەکردن بووەوە، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکردبوو بە هەموو گەلی ڕابگەیەنێت، کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل گرتییان و گوتیان: «دەبێ بمریت!
9
بۆچی بە ناوی یەزدانەوە پێشبینیت کرد و گوتت کە ئەم ماڵە وەک شیلۆی لێدێت، ئەم شارەش وێران دەبێت و ئاوەدانی تێدا نابێت؟» ئینجا هەموو گەل لە ماڵی یەزدان لە یەرمیا کۆبوونەوە.
10
کاتێک پیاوە گەورەکانی یەهودا گوێیان لەم قسانە بوو، لە کۆشکی پاشاوە سەرکەوتن بۆ ماڵی یەزدان، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی ماڵی یەزدان دانیشتن.
11
ئینجا کاهین و پێغەمبەرەکان بە پیاوە گەورەکان و بە هەموو گەلیان گوت: «ئەم پیاوەیە شایانی حوکمی مردنە، چونکە پێشبینی خراپی لەسەر ئەم شارە کردووە، هەروەک بە گوێی خۆتان گوێتان لێ بوو!»
12
یەرمیاش بە پیاوە گەورەکان و هەموو گەلی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ماڵە و ئەم شارە پێشبینی بکەم، بە هەموو ئەو وشانەی گوێتان لێ بوو.
13
ئێستاش ڕەفتار و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، ئەویش پاشگەز دەبێتەوە لەو بەڵایەی سەبارەت بە ئێوە فەرموویەتی.
14
بەڵام من لەبەردەستتانم، ئەوەی پێتان باشە و ڕاستە بە منی بکەن.
15
بەڵام باش بزانن ئەگەر من بکوژن، ئەوا خوێنێکی بێتاوان دەخەنە ئەستۆی خۆتان و ئەم شارە و دانیشتووانەکەی، چونکە بەڕاستی یەزدان منی بۆ ئێوە ناردووە تاکو هەموو ئەم قسانە بەبەر گوێتاندا بدەم.»
16
ئینجا پیاوە گەورەکان و هەموو گەل بە کاهین و پێغەمبەرەکانیان گوت: «ئەم پیاوە شایانی حوکمی مردنی نییە، چونکە بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە قسەی لەگەڵ کردووین.»
17
ئینجا هەندێک لە پیرانی یەهودا[a] هەستان و بە هەموو کۆمەڵی خەڵکەکەیان گوت:
18
«میخای پێغەمبەر لە شاری مۆرەشەت لە سەردەمی حەزقیای پاشای یەهودا پێشبینیی کرد و بە هەموو گەلی یەهودای گوت: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«”سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت،
ئۆرشەلیم کاول دەبێت،
گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.“[b]
19
ئایا حەزقیای پاشای یەهودا یان کەسێکی دیکە لە یەهودا کوشتیان؟ ئایا لە یەزدان نەترسا و بەدوای ڕەزامەندی ئەوەوە نەبوو؟ ئایا یەزدان پاشگەز نەبووەوە لەو بەڵایەی فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت؟ وا بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆمان دەهێنین!»
20
هەروەها پیاوێکی دیکەش هەبوو بە ناوی یەزدانەوە پێشبینی دەکرد، ئوریای کوڕی شەمەعیا، خەڵکی قیریەت یەعاریم بوو. ئەویش لە دژی ئەو شارە و ئەو خاکە پەیامێکی ڕاگەیاند، وەک پەیامەکەی یەرمیا.
21
جا یەهۆیاقیمی پاشا و هەموو پاڵەوانەکانی و هەموو پیاوە گەورەکان گوێیان لە قسەکانی بوو، پاشا داوای کرد بیکوژن. بەڵام ئوریا ئەمەی بیست، لە ترسان بەرەو میسر هەڵات.
22
یەهۆیاقیمی پاشاش ئەلناتانی کوڕی عەکبۆری لەگەڵ چەند پیاوێک ناردە میسر.
23
ئوریایان لە میسر دەرهێنا و هێنایانە لای یەهۆیاقیمی پاشا، بە شمشێر لێیدا و تەرمەکەی فڕێدایە ناو گۆڕی خەڵکی ئاسایی.
24
جگە لەوەش، ئەحیقامی کوڕی شافان پشتگیری یەرمیای کرد بۆ ئەوەی نەدرێتە دەست گەل و بیکوژن.
  1. a. 26‏:17 عیبری: خاکەکە.‏
  2. b. 26‏:18 بڕوانە میخا 3‏:12‏‏.‏