عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕاپێچكردنی گه‌لی خودا بۆ ماوه‌ی حه‌فتا ساڵ 
1
ئه‌و په‌یامه‌ی له‌ ساڵی چواره‌می یه‌هۆیاقیمی كوڕی یۆشیای پاشای یه‌هودا، كه‌ ده‌كاته‌ ساڵی یه‌كه‌می نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل، سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو گه‌لی یه‌هودا بۆ یه‌رمیا هات.
2
ئه‌وه‌ی یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو گه‌لی یه‌هودا و بۆ هه‌موو دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم ڕایگه‌یاند:
3
«له‌ ساڵی سێزده‌یه‌مینی یۆشیای كوڕی ئامۆنی پاشای یه‌هوداوه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ، ئه‌م بیست و سێ ساڵه‌، فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ ده‌هات و منیش به‌رده‌وام قسه‌م له‌گه‌ڵ كردن، به‌ڵام ئێوه‌ گوێتان نه‌گرت.
4
«یه‌زدانیش به‌رده‌وام هه‌موو به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانی خۆی بۆ ناردن، به‌ڵام ئێوه‌ گوێتان نه‌گرت و گرنگیتان پێنه‌دا.
5
پێیان گوتن: ”له‌ ڕه‌فتاره‌ ناشیرین و كرده‌وه‌ خراپه‌كانتان بگه‌ڕێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نیشته‌جێ بن له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ی كه‌ یه‌زدان داویه‌تییه‌ ئێوه‌ و باوباپیرانتان، له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌.
6
شوێنی خوداوه‌نده‌كانی دیكه‌ مه‌كه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی بیانپه‌رستن و كڕنۆشیان بۆ ببه‌ن. به‌ دروستكراوه‌كانی ده‌ستتان په‌ستم مه‌كه‌ن و منیش سزاتان ناده‌م.“»
7
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «به‌ڵام گوێتان لێم نه‌گرت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دروستكراوه‌كانی ده‌ستتان په‌ستم بكه‌ن، به‌خۆتان سزاتان بۆ سه‌ر خۆتان هێنا.»
8
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه‌ گوێتان له‌ قسه‌ی من نه‌گرت،
9
ئه‌وه‌تا ده‌نێرم و هه‌موو خێڵه‌كانی باكوور كۆده‌كه‌مه‌وه‌، هه‌روه‌ها نه‌بوخودنه‌سری خزمه‌تكارم، پاشای بابل، جا ده‌یانهێنمه‌ سه‌ر ئه‌م خاكه‌ و سه‌ر دانیشتووانه‌كه‌ی و سه‌ر هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری. به‌ ته‌واوی قڕیان ده‌كه‌م[a] ، ده‌یانكه‌مه‌ په‌ند و تانه‌ و ته‌شه‌ر و وێرانییه‌كی هه‌تاهه‌تایی.
10
ده‌نگی به‌زم و شادی، ده‌نگی بووك و زاوا، ده‌نگی ده‌ستاڕ و ڕووناكی چرایان ناهێڵم.
11
هه‌موو ئه‌م خاكه‌ ده‌بێته‌ وێرانه‌یه‌كی چۆڵ، ئه‌م نه‌ته‌وانه‌ش حه‌فتا ساڵ خزمه‌تی پاشای بابل ده‌كه‌ن.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
12
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «كه‌ حه‌فتا ساڵه‌كه‌ ته‌واو بوو، سزای پاشای بابل و ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ ده‌ده‌م، له‌سه‌ر تاوانه‌كانیان، سزای خاكی بابلییه‌كانیش ده‌ده‌م و ده‌یكه‌مه‌ چۆڵه‌وانییه‌كی هه‌تاهه‌تایی.
13
هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌م په‌ڕتووكه‌دا نووسراوه‌، ئه‌وه‌ی یه‌رمیا سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌م نه‌ته‌وانه‌ پێشبینیی كرد، هه‌موو ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی تێدا هاتووه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌و خاكه‌ فه‌رموومه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كه‌م،
14
چونكه‌ ئه‌وانیش ده‌بنه‌ كۆیله‌ی زۆر نه‌ته‌وه‌ و پاشای گه‌وره‌، به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌ و كاره‌كانی خۆیان سزایان ده‌ده‌مه‌وه‌.»
جامی تووڕه‌یی خودا 
15
یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئاوای به‌ من فه‌رموو: «جامی شه‌رابی ئه‌م تووڕه‌ییه‌ له‌ ده‌ستم وه‌ربگره‌ و ده‌رخواردی هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بده‌ كه‌ من ده‌تنێرم بۆ لایان.
16
كاتێك ده‌یخۆنه‌وه‌، به‌لادادێن و شێت ده‌بن له‌به‌ر ئه‌و شمشێره‌ی كه‌ من ده‌ینێرمه‌ ناویان.»
17
منیش جامه‌كه‌م له‌ ده‌ستی یه‌زدان وه‌رگرت، ده‌رخواردی هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌م دا كه‌ یه‌زدان ناردمی بۆیان:
18
بۆ ئۆرشه‌لیم و شارۆچكه‌كانی یه‌هودا و پاشا و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی، تاكو وێران بن و ببنه‌ په‌ند و مایه‌ی تانه‌ و ته‌شه‌ر و نه‌فره‌ت لێكردن، هه‌روه‌ك ئێستا؛
19
بۆ فیرعه‌ونی پاشای میسر و خزمه‌تكار و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی و هه‌موو گه‌له‌كه‌ی
20
و هه‌موو بێگانه‌كانی ئه‌وێ؛ بۆ هه‌موو پاشاكانی خاكی عوچ؛ بۆ هه‌موو پاشاكانی خاكی فه‌له‌ستییه‌كان؛ ئه‌سقه‌لان و غه‌زه‌ و عه‌قرۆن و پاشماوه‌ی ئه‌شدۆد؛
21
بۆ ئه‌دۆم و مۆئاب و عه‌مۆنییه‌كان؛
22
بۆ هه‌موو پاشاكانی سور و هه‌موو پاشاكانی سه‌یدا؛ بۆ پاشاكانی كه‌ناره‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌وبه‌ری ده‌ریان؛
23
بۆ دیدان و تێما و بووز و هه‌موو قژبڕاوه‌كان[b] ؛
24
بۆ هه‌موو پاشاكانی عه‌ره‌بستان و سه‌ركرده‌ی هه‌موو هۆزه‌كانی نیشته‌جێی بیابان؛
25
بۆ هه‌موو پاشاكانی زیمری و ئیلام و میدیا؛
26
بۆ هه‌موو پاشاكانی باكوور، نزیك و دووریان، یه‌ك له‌دوای یه‌ك؛ بۆ هه‌موو شانشینه‌كانی جیهان له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی. له‌دوای هه‌موویانه‌وه‌، هه‌روه‌ها پاشای شێشه‌خ[c] ئه‌و جامه‌ ده‌خواته‌وه‌.
27
«پێیان ده‌ڵێیت: ”یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: بخۆنه‌وه‌ و سه‌رخۆش بن و بڕشێنه‌وه‌، بكه‌ون و هه‌ڵمه‌ستنه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌و شمشێره‌ی من ده‌ینێرمه‌ ناوتان.“
28
ئه‌گه‌ر ڕازی نه‌بوون جامه‌كه‌ له‌ ده‌ستت وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی بیخۆنه‌وه‌، پێیان بڵێ: ”یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ده‌بێت بیخۆنه‌وه‌!
29
ئه‌وه‌تا ئه‌و شاره‌ی ناوی منی هه‌ڵگرتووه‌، من ده‌ستم پێكردووه‌ به‌ڵای به‌سه‌ردا بهێنم، ئیتر ئایا ئێوه‌ بێ سزا ده‌بن؟ نه‌خێر بێ سزا نابن! چونكه‌ من شمشێر ده‌هێنمه‌ سه‌ر هه‌موو دانیشتووانی زه‌وییه‌كه‌.“ ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی سوپاسالاره‌.
30
«تۆش هه‌موو ئه‌و په‌یامه‌ی من له‌ دژی ئه‌وان ڕابگه‌یه‌نه‌ و پێیان بڵێ:
«”یه‌زدان له‌ ئاسمان ده‌نه‌ڕێنێت،
له‌ نشینگه‌ی پیرۆزیه‌وه‌ ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێت و
به‌هێز به‌سه‌ر خاكی خۆیدا ده‌نه‌ڕێنێت.
وه‌ك ئه‌وانه‌ی ترێ پێپه‌ست ده‌كه‌ن به‌ هوتافه‌وه‌ هاوار ده‌كات
به‌سه‌ر هه‌موو دانیشتووانی زه‌وی.
31
هاتوهاوار گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی
چونكه‌ یه‌زدان سكاڵا له‌ نه‌ته‌وه‌كان ده‌كات،
دادوه‌ری هه‌موو ئاده‌میزاد ده‌دات و
به‌دكاره‌كان ده‌داته‌ به‌ر شمشێر.“»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
32
یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئاگاداربن! به‌ڵا بڵاو ده‌بێته‌وه‌
له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك،
گه‌رده‌لوولێكی گه‌وره‌ هه‌ڵده‌كات
له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌.»
33
له‌و ڕۆژه‌دا، ئه‌وانه‌ی به‌ ده‌ستی یه‌زدان ده‌كوژرێن له‌مپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی ده‌بن، شیوه‌نیان بۆ ناگێڕدرێت و كۆناكرێنه‌وه‌ و نانێژرێن، به‌ڵكو ده‌بنه‌ زبڵ به‌سه‌ر ڕووی خاكه‌كه‌وه‌.
34
ئه‌ی شوانه‌كان، واوه‌یلا و هاوار بكه‌ن!
ئه‌ی سه‌رپه‌رشتیارانی مێگه‌ل، خۆتان بگه‌وزێنن،
چونكه‌ كاتتان هاتووه‌ بۆ سه‌ربڕین،
وه‌ك گۆزه‌یه‌كی به‌ نرخ ده‌كه‌ون و تێكده‌شكێنرێن.
35
په‌ناگا بۆ شوانه‌كان نامێنێت،
ده‌ربازبوونیش بۆ سه‌رپه‌رشتیارانی مێگه‌ل.
36
گوێ بگره‌ له‌ هاواری شوانه‌كان و
واوه‌یلای سه‌رپه‌رشتیارانی مێگه‌ل،
چونكه‌ یه‌زدان له‌وه‌ڕگاكانیان تێكده‌دات.
37
مێرگه‌كانی ئاشتی له‌ناوده‌چن
له‌به‌ر جۆشی تووڕه‌یی یه‌زدان.
38
ئه‌و وه‌ك به‌چكه‌ شێر لانه‌ی خۆی به‌جێده‌ھێڵێت،
چونكه‌ خاكه‌كه‌ وێران ده‌بێت
له‌به‌ر شمشێری سته‌مكار و
له‌به‌ر جۆشی تووڕه‌یی خۆی.
  1. a. 25‏:9 قڕیان ده‌كه‌م: له‌ زمانی عیبری ئه‌م زاراوه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شتێك یان كه‌سێك كه‌ ده‌به‌خشرێت به‌ یه‌زدان، زۆر جار به‌خشینه‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ناوده‌بردرێت.
  2. b. 25‏:23 خه‌ڵكێك بوونه‌ وه‌ك نه‌ریتێكی بتپه‌رستی پرچیان بڕیوه‌.
  3. c. 25‏:26 ناوی نهێنی بابل بووه‌.