عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دوو سه‌به‌ته‌ هه‌نجیر 
1
پاش ئه‌وه‌ی نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل، یه‌هۆیاكینی كوڕی یه‌هۆیاقیمی پاشای یه‌هودا و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی یه‌هودا و پیشه‌وه‌ر و ئاسنگه‌ره‌كانی له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ ڕاپێچ كرد و هه‌موویانی هێنایه‌ بابل، یه‌زدان دوو سه‌به‌ته‌ هه‌نجیری پیشاندام كه‌ له‌به‌رده‌م په‌رستگای یه‌زدان دانراون.
2
یه‌كێك له‌ سه‌به‌ته‌كان هه‌نجیره‌كه‌ی زۆر باش بوو وه‌ك هه‌نجیری یه‌كه‌م به‌ر، له‌ سه‌به‌ته‌كه‌ی دیكه‌شدا هه‌نجیرێكی زۆر خراپ، له‌ خراپیدا نه‌ده‌خورا.
3
جا یه‌زدان پێی گوتم: «یه‌رمیا، چی ده‌بینیت؟»
منیش گوتم: «هه‌نجیر. هه‌نجیره‌ باشه‌كه‌ زۆر باشه‌، هه‌نجیره‌ خراپه‌كه‌ش زۆر خراپه‌، له‌ خراپیدا ناخورێت.»
4
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات:
5
«یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”وه‌ك ئه‌و هه‌نجیره‌ باشه‌، من ڕاپێچكراوه‌كانی یه‌هودا به‌ باش داده‌نێم، ئه‌وه‌ی له‌م شوێنه‌وه‌ ناردم بۆ خاكی بابلییه‌كان.
6
چاوم ده‌خه‌مه‌ سه‌ریان بۆ چاكه‌ و ده‌یانگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌م خاكه‌ و بنیادیان ده‌نێم و نایانڕووخێنم، ده‌یانچێنم و ڕیشه‌كێشیان ناكه‌م.
7
دڵێكیان ده‌ده‌مێ بۆ ناسینم، كه‌ من یه‌زدانم و ئه‌وان ده‌بن به‌ گه‌لی من و منیش ده‌بم به‌ خودای ئه‌وان، چونكه‌ به‌ هه‌موو دڵیانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لام.“»
8
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: «”وه‌ك ئه‌و هه‌نجیره‌ خراپه‌ش كه‌ له‌ خراپیدا ناخورێت، ئاوا هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ سدقیای پاشای یه‌هودا و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی و پاشماوه‌ی ئۆرشه‌لیمدا ده‌كه‌م، ئه‌وانه‌ی له‌م خاكه‌دا ماونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌ خاكی میسر نیشته‌جێن.
9
هه‌موو شانشینه‌كانی زه‌وی لێیان ده‌تۆقن و ده‌یانكه‌مه‌ به‌ڵا و ڕیسوایی و په‌ند و گاڵته‌جاڕی و نه‌فره‌ت له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌ریانده‌كه‌م بۆی.
10
شمشێر و قاتوقڕی و ده‌رد ده‌نێرمه‌ سه‌ریان، هه‌تا به‌ ته‌واوی له‌ناوده‌چن له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ی دامه‌ خۆیان و باوباپیرانیان.“»