عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دوو سەبەتە هەنجیر 
1
پاش ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل، یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچ کرد و هەموویانی هێنایە بابل، یەزدان دوو سەبەتە هەنجیری پیشاندام کە لەبەردەم پەرستگای یەزدان دانراون.
2
یەکێک لە سەبەتەکان هەنجیرەکەی زۆر باش بوو وەک هەنجیری یەکەم بەر، لە سەبەتەکەی دیکەشدا هەنجیرێکی زۆر خراپ، لە خراپیدا نەدەخورا.
3
جا یەزدان پێی گوتم: «یەرمیا، چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «هەنجیر. هەنجیرە باشەکە زۆر باشە، هەنجیرە خراپەکەش زۆر خراپە، لە خراپیدا ناخورێت.»
4
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
5
«یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک ئەو هەنجیرە باشە، من ڕاپێچکراوەکانی یەهودا بە باش دادەنێم، ئەوەی لەم شوێنەوە ناردم بۆ خاکی بابلییەکان.
6
چاوم دەخەمە سەریان بۆ چاکە و دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە و بنیادیان دەنێم و نایانڕووخێنم، دەیانچێنم و ڕیشەکێشیان ناکەم.
7
دڵێکیان دەدەمێ بۆ ناسینم، کە من یەزدانم و ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دەگەڕێنەوە لام.“»
8
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”وەک ئەو هەنجیرە خراپەش کە لە خراپیدا ناخورێت، ئاوا هەڵسوکەوت لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی و پاشماوەی ئۆرشەلیمدا دەکەم، ئەوانەی لەم خاکەدا ماونەتەوە و ئەوانەی لە خاکی میسر نیشتەجێن.
9
هەموو شانشینەکانی زەوی لێیان دەتۆقن و دەیانکەمە بەڵا و ڕیسوایی و پەند و گاڵتەجاڕی و نەفرەت لە هەموو ئەو شوێنانەی دەریاندەکەم بۆی.
10
شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە سەریان، هەتا بە تەواوی لەناودەچن لەسەر ئەو خاکەی دامە خۆیان و باوباپیرانیان.“»