عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لقه‌ ڕاستودروسته‌كه‌ 
1
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «قوڕبه‌سه‌ر ئه‌و شوانانه‌ی مه‌ڕی مێگه‌له‌كه‌م ده‌فه‌وتێنن و په‌رتوبڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌!»
2
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل له‌باره‌ی ئه‌و شوانانه‌ی كه‌ شوانایه‌تی گه‌له‌كه‌ی من ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: «ئێوه‌ مه‌ڕه‌كانی منتان په‌رتوبڵاوكرده‌وه‌ و ده‌رتانكرد و گرنگیتان پێنه‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ منیش له‌سه‌ر خراپی كرده‌وه‌كانتان سزاتان ده‌ده‌م.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
3
«به‌ڵام من پاشماوه‌ی مێگه‌له‌كه‌ی خۆم له‌ هه‌موو ئه‌و خاكانه‌ كۆده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌رمكردن بۆی، ده‌یانگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ له‌وه‌ڕگاكانیان و زاوزێ ده‌كه‌ن و زۆر ده‌بن.
4
ئینجا شوانیان بۆ داده‌نێم و شوانه‌تییان ده‌كه‌ن، ئیتر ناترسن و ناتۆقن و ون نابن.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
5
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئه‌وه‌تا سه‌رده‌مێك دێت،
لقێكی ڕاستودروست له‌ داوده‌وه‌ هه‌ڵده‌ستێنم،
پاشایه‌ك به‌ دانایی پاشایه‌تی ده‌كات،
ڕاستودروستی و دادپه‌روه‌ری له‌ زه‌ویدا په‌یڕه‌و ده‌كات.
6
له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا، یه‌هودا ڕزگاری ده‌بێت و
ئیسرائیل به‌ ئاسووده‌یی نیشته‌جێ ده‌بێت.
ئه‌و ناوه‌ی كه‌ پێی ده‌ناسرێت:
”یه‌زدان ڕاستودروستیمانه‌.“»
7
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وه‌تا سه‌رده‌مێك دێت، چیتر ناڵێن: ”به‌ یه‌زدانی زیندوو، ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیلی له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رهێنا،“
8
به‌ڵكو ده‌ڵێن: ”به‌ یه‌زدانی زیندوو، ئه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌كی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلی له‌ خاكی باكووره‌وه‌ ده‌رهێنا و له‌ هه‌موو ئه‌و خاكانه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ ده‌ریكردن.“ ئه‌وانیش له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی خۆیان نیشته‌جێ ده‌بن.»
پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كان 
9
سه‌باره‌ت به‌ پێغه‌مبه‌ره‌كان:
دڵم له‌ ناخمدا وردوخاش بووه‌،
هه‌موو ئێسكه‌كانم ده‌له‌رزن.
من وه‌ك كه‌سێكی سه‌رخۆشم لێهات،
وه‌ك پیاوێك شه‌راب به‌سه‌ریدا زاڵ بووبێت،
له‌به‌ر یه‌زدان و
له‌به‌ر فه‌رمووده‌ پیرۆزه‌كانی.
10
چونكه‌ خاكه‌كه‌ پڕ بووه‌ له‌ داوێنپیسان،
خاكه‌كه‌ له‌به‌ر نه‌فره‌ت ده‌ناڵێنێت،
له‌وه‌ڕگاكانی چۆڵه‌وانی وشك بوون.
پێغه‌مبه‌ران له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی خراپه‌ ده‌ڕۆن و
ده‌سه‌ڵاتیان بۆ سته‌م به‌كارده‌هێنن.
11
«پێغه‌مبه‌ر و كاهین هه‌ردووكیان گڵاوبوون،
ته‌نانه‌ت له‌ په‌رستگاكه‌شم خراپه‌ی ئه‌وانم به‌رچاوكه‌وت.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
12
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕێگاكانیان خلیسكه‌ بۆیان،
بۆ ناو تاریكی ده‌رده‌كرێن و
له‌وێ ده‌خزێن،
چونكه‌ به‌ڵایان به‌سه‌ردا ده‌هێنم
له‌ ساڵی سزادانیان.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
13
«له‌نێو پێغه‌مبه‌ره‌كانی سامیره‌دا
قێزه‌ونییه‌كه‌م بینی،
به‌هۆی به‌عله‌وه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن و
ئیسرائیلی گه‌لی من گومڕا ده‌كه‌ن.
14
له‌نێو پێغه‌مبه‌ره‌كانی ئۆرشه‌لیمیش
ئه‌وه‌ی بینیم موچڕكه‌ به‌ له‌شدا ده‌هێنێت:
داوێنپیسی و ڕێی درۆیان گرتووه‌ته‌به‌ر،
خراپه‌كاران هانده‌ده‌ن
بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌ خراپه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.
ئه‌وان بۆ من وه‌ك سه‌دۆمیان لێهاتووه‌،
خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیمیش وه‌ك عه‌مۆرا.»
15
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی سوپاسالار سه‌باره‌ت به‌ پێغه‌مبه‌ره‌كان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌وه‌تا من زه‌قنه‌بووتیان ده‌رخوارد ده‌ده‌م و
ئاوی ژه‌هراوییان پێ ده‌نۆشم،
چونكه‌ له‌لای پێغه‌مبه‌ره‌كانی ئۆرشه‌لیمه‌وه‌
گڵاوی بۆ هه‌موو زه‌وی بڵاو بووه‌وه‌.»
16
یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«گوێ له‌ قسه‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ مه‌گرن كه‌ پێشبینیتان بۆ ده‌كه‌ن،
چونكه‌ ئه‌وان ته‌فره‌تان ده‌ده‌ن.
له‌ خه‌یاڵی بیری خۆیانه‌وه‌ ده‌دوێن،
نه‌ك له‌سه‌ر زمانی یه‌زدانه‌وه‌.
17
ئه‌وانه‌ی سووكایه‌تی به‌ من ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن،
”یه‌زدان ده‌فه‌رموێت، ئاشتیتان بۆ ده‌بێت.“
هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌دوای كه‌لله‌ڕه‌قی خۆیان كه‌وتوون، ده‌ڵێن،
”خراپه‌تان به‌سه‌رنایه‌ت.“
18
به‌ڵام كامیان له‌ ئه‌نجومه‌نی یه‌زدان[a] ڕاوه‌ستا و
بینی و گوێی له‌ فه‌رمووده‌كانی بوو؟
كامیان فه‌رمووده‌كانی بیست و گوێی لێ گرت؟
19
ئه‌وه‌تا ڕه‌شه‌بای یه‌زدان
له‌ تووڕه‌ییدا هه‌ڵده‌چێت،
گه‌رده‌لوولێكی ڕاماڵه‌
له‌سه‌ر سه‌ری به‌دكاران هه‌ڵده‌كات.
20
تووڕه‌یی یه‌زدان دانامركێته‌وه‌
هه‌تا نیازه‌كانی دڵی خۆی
به‌ ته‌واوی جێبه‌جێ نه‌كات.
له‌ داهاتوودا
به‌ ڕوونی تێی ده‌گه‌ن.
21
من ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌م نه‌نارد،
به‌ په‌له‌ په‌یامیان ڕاگه‌یاند،
من قسه‌م له‌گه‌ڵیان نه‌كرد،
كه‌چی خۆیان پێشبینییان كرد.
22
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌نجومه‌نی مندا بووه‌ستابان،
فه‌رمووده‌كانی منیان به‌ گه‌له‌كه‌م ڕاده‌گه‌یاند و
له‌ ڕێگا خراپه‌كانیان و
له‌ خراپه‌ی كرده‌وه‌كانیان ده‌یانگێڕانه‌وه‌.
23
«ئایا من ته‌نها له‌ نزیكه‌وه‌ خودام و
له‌ دووره‌وه‌ خودا نیم؟»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
24
«یان كه‌س هه‌یه‌ له‌ په‌ناگا خۆی بشارێته‌وه‌ و
من نه‌یبینم؟
ئایا من ئاسمان و زه‌وی پڕناكه‌مه‌وه‌؟»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
25
«گوێم له‌ قسه‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ بوو كه‌ به‌ درۆ به‌ ناوی منه‌وه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن: ”خه‌ونم بینی! خه‌ونم بینی!“
26
هه‌تا كه‌ی ئه‌مه‌ له‌ دڵی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنانه‌ ده‌بێت كه‌ به‌ خه‌یاڵی بیری خۆیان پێشبینی بكه‌ن؟
27
به‌و خه‌ونانه‌ی بۆ یه‌كتری ده‌گێڕنه‌وه‌ وای لێك ده‌ده‌نه‌وه‌ ناوی من له‌بیری گه‌له‌كه‌م ببه‌نه‌وه‌، وه‌ك چۆن باوباپیرانیان له‌به‌ر په‌رستنی به‌عل ناوی منیان له‌بیرچوو.
28
با ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی خه‌ونی هه‌یه‌ خه‌ونه‌كه‌ی بگێڕێته‌وه‌، به‌ڵام با ئه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی منی له‌لایه‌ به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ فه‌رمووده‌ی من ڕابگه‌یه‌نێت! گه‌نم و كا زۆر له‌ یه‌كتری جیاوازن.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
29
«ئایا فه‌رمووده‌كانم وه‌ك ئاگر نین؟ وه‌ك چه‌كوش به‌رد وردوخاش ناكه‌ن؟» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
30
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وه‌تا من له‌ دژی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌م، ئه‌وانه‌ی فه‌رمووده‌كان له‌ یه‌كتری ده‌دزن، جا ده‌ڵێن كه‌ له‌ منه‌وه‌ هاتووه‌.
31
ئه‌وه‌تا من له‌ دژی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌م، ئه‌وانه‌ی زمانیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ و ڕایده‌گه‌یه‌نن: ”ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.“
32
ئه‌وه‌تا من له‌ دژی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌م كه‌ به‌ خه‌ونی درۆوه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی به‌ شانازییه‌وه‌ درۆكانیان ده‌گێڕنه‌وه‌ و گه‌له‌كه‌م گومڕا ده‌كه‌ن، به‌ڵام من نه‌ ناردوومن و نه‌ فه‌رمانم پێكردوون. هیچ سوودێكیش به‌م گه‌له‌ ناگه‌یه‌نن.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
په‌یام و پێغه‌مبه‌رایه‌تی درۆزن 
33
«كاتێك ئه‌م گه‌له‌ یان پێغه‌مبه‌ر یان كاهینێك لێت ده‌پرسێت: ”سروشی یه‌زدان چییه‌؟“ پێیان بڵێ: ”سروشی چی؟ یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: من له‌ كۆڵ خۆمتان ده‌كه‌مه‌وه‌.“
34
هه‌ركه‌سێك، پێغه‌مبه‌ر یان كاهین یان له‌ گه‌ل، ئه‌گه‌ر وا بڵێت: ”ئه‌مه‌ سروشی یه‌زدانه‌،“ خۆی و ماڵه‌كه‌ی سزا ده‌ده‌م.
35
ئاوا به‌ یه‌كتری ده‌ڵێن، هه‌ریه‌كه‌ به‌ براده‌ره‌كه‌ی و هه‌ریه‌كه‌ به‌ براكه‌ی: ”وه‌ڵامی یه‌زدان چی بوو؟ یه‌زدان چی فه‌رموو؟“
36
به‌ڵام چیتر باسی ”سروشی یه‌زدان“ ناكه‌ن، چونكه‌ هه‌ركه‌سه‌ و قسه‌كه‌ی خۆی ده‌بێت به‌ سروشه‌كه‌ی، ئێوه‌ ده‌ستكاری فه‌رمووده‌كانی خودای زیندووتان كرد، فه‌رمووده‌كانی خودامان، یه‌زدانی سوپاسالار.
37
ئاوا به‌ هه‌ر پێغه‌مبه‌رێك ده‌ڵێیت: ”وه‌ڵامی یه‌زدان چی بوو؟ یه‌زدان چی فه‌رموو؟“
38
هه‌رچه‌نده‌ وا بڵێن: ”ئه‌مه‌ سروشی یه‌زدانه‌،“ یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌كه‌ن: ”ئه‌مه‌ سروشی یه‌زدانه‌،“ هه‌رچه‌نده‌ من بۆم ناردوون كه‌ وا نه‌ڵێن: ”ئه‌مه‌ سروشی یه‌زدانه‌،“
39
له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ ته‌واوی له‌به‌رده‌می خۆم هه‌ڵتانده‌گرم و له‌ كۆڵ خۆمتان ده‌كه‌مه‌وه‌، خۆتان و ئه‌م شاره‌ش كه‌ به‌ خۆتان و باوباپیرانتانم داوه‌.
40
ڕیسواییه‌كی هه‌تاهه‌تایی و سه‌رشۆڕییه‌كی هه‌تاهه‌تاییتان له‌سه‌ر داده‌نێم كه‌ هه‌رگیز له‌یاد نه‌چێت.»
  1. a. 23‏:18 یه‌رمیا له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو، كه‌ پێغه‌مبه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ بانگهێشت ده‌كرێت بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسمان بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی یه‌زدان وه‌ربگرێت.