عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕاپێچکردنی گەلی خودا بۆ ماوەی حەفتا ساڵ 
1
ئەو پەیامەی لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کە دەکاتە ساڵی یەکەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا بۆ یەرمیا هات.
2
ئەوەی یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا و بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕایگەیاند:
3
«لە ساڵی سێزدەیەمینی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهوداوە هەتا ئەمڕۆ، ئەم بیست و سێ ساڵە، فەرمایشتی یەزدانم بۆ دەهات و منیش بەردەوام قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت.
4
«یەزدانیش بەردەوام هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆی بۆ ناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت و گرنگیتان پێنەدا.
5
پێیان گوتن: ”لە ڕەفتارە ناشیرین و کردەوە خراپەکانتان بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی نیشتەجێ بن لەسەر ئەو خاکەی کە یەزدان داویەتییە ئێوە و باوباپیرانتان، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
6
شوێنی خوداوەندەکانی دیکە مەکەون بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن. بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم مەکەن و منیش سزاتان نادەم.“»
7
یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام گوێتان لێم نەگرت، بۆ ئەوەی بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم بکەن، بەخۆتان سزاتان بۆ سەر خۆتان هێنا.»
8
لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئێوە گوێتان لە قسەی من نەگرت،
9
ئەوەتا دەنێرم و هەموو خێڵەکانی باکوور کۆدەکەمەوە، هەروەها نەبوخودنەسری خزمەتکارم، پاشای بابل، جا دەیانهێنمە سەر ئەم خاکە و سەر دانیشتووانەکەی و سەر هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەری. بە تەواوی قڕیان دەکەم[a] ، دەیانکەمە پەند و تانە و تەشەر و وێرانییەکی هەتاهەتایی.
10
دەنگی بەزم و شادی، دەنگی بووک و زاوا، دەنگی دەستاڕ و ڕووناکی چرایان ناهێڵم.
11
هەموو ئەم خاکە دەبێتە وێرانەیەکی چۆڵ، ئەم نەتەوانەش حەفتا ساڵ خزمەتی پاشای بابل دەکەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12
یەزدان دەفەرموێت: «کە حەفتا ساڵەکە تەواو بوو، سزای پاشای بابل و ئەو نەتەوەیە دەدەم، لەسەر تاوانەکانیان، سزای خاکی بابلییەکانیش دەدەم و دەیکەمە چۆڵەوانییەکی هەتاهەتایی.
13
هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە، ئەوەی یەرمیا سەبارەت بە هەموو ئەم نەتەوانە پێشبینیی کرد، هەموو ئاگادارکردنەوەیەکی تێدا هاتووە کە سەبارەت بەو خاکە فەرموومە پەیڕەوی دەکەم،
14
چونکە ئەوانیش دەبنە کۆیلەی زۆر نەتەوە و پاشای گەورە، بەگوێرەی کردەوە و کارەکانی خۆیان سزایان دەدەمەوە.»
جامی تووڕەیی خودا 
15
یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئاوای بە من فەرموو: «جامی شەرابی ئەم تووڕەییە لە دەستم وەربگرە و دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەی بدە کە من دەتنێرم بۆ لایان.
16
کاتێک دەیخۆنەوە، بەلادادێن و شێت دەبن لەبەر ئەو شمشێرەی کە من دەینێرمە ناویان.»
17
منیش جامەکەم لە دەستی یەزدان وەرگرت، دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەم دا کە یەزدان ناردمی بۆیان:
18
بۆ ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا و پاشا و پیاوە گەورەکانی، تاکو وێران بن و ببنە پەند و مایەی تانە و تەشەر و نەفرەت لێکردن، هەروەک ئێستا؛
19
بۆ فیرعەونی پاشای میسر و خزمەتکار و پیاوە گەورەکانی و هەموو گەلەکەی
20
و هەموو بێگانەکانی ئەوێ؛
بۆ هەموو پاشاکانی خاکی عوچ؛
بۆ هەموو پاشاکانی خاکی فەلەستییەکان؛ ئەسقەلان و غەزە و عەقرۆن و پاشماوەی ئەشدۆد؛
21
بۆ ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆنییەکان؛
22
بۆ هەموو پاشاکانی سور و هەموو پاشاکانی سەیدا؛
بۆ پاشاکانی کەنارەکان، ئەوانەی لەوبەری دەریان؛
23
بۆ دیدان و تێما و بووز و هەموو قژبڕاوەکان[b] ؛
24
بۆ هەموو پاشاکانی عەرەبستان و سەرکردەی هەموو هۆزەکانی نیشتەجێی بیابان؛
25
بۆ هەموو پاشاکانی زیمری و ئیلام و میدیا؛
26
بۆ هەموو پاشاکانی باکوور، نزیک و دووریان، یەک لەدوای یەک؛ بۆ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی.
لەدوای هەموویانەوە، هەروەها پاشای شێشەخ[c] ئەو جامە دەخواتەوە.
27
«پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بخۆنەوە و سەرخۆش بن و بڕشێنەوە، بکەون و هەڵمەستنەوە لەبەر ئەو شمشێرەی من دەینێرمە ناوتان.“
28
ئەگەر ڕازی نەبوون جامەکە لە دەستت وەربگرن بۆ ئەوەی بیخۆنەوە، پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: دەبێت بیخۆنەوە!
29
ئەوەتا ئەو شارەی ناوی منی هەڵگرتووە، من دەستم پێکردووە بەڵای بەسەردا بهێنم، ئیتر ئایا ئێوە بێ سزا دەبن؟ نەخێر بێ سزا نابن! چونکە من شمشێر دەهێنمە سەر هەموو دانیشتووانی زەوییەکە.“ ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
30
«تۆش هەموو ئەو پەیامەی من لە دژی ئەوان ڕابگەیەنە و پێیان بڵێ:
«”یەزدان لە ئاسمان دەنەڕێنێت،
لە نشینگەی پیرۆزیەوە دەنگ هەڵدەبڕێت و
بەهێز بەسەر خاکی خۆیدا دەنەڕێنێت.
وەک ئەوانەی ترێ پێپەست دەکەن بە هوتافەوە هاوار دەکات
بەسەر هەموو دانیشتووانی زەوی.
31
هاتوهاوار گەیشتە ئەوپەڕی زەوی،
چونکە یەزدان سکاڵا لە نەتەوەکان دەکات،
دادوەری هەموو ئادەمیزاد دەدات و
بەدکارەکان دەداتە بەر شمشێر.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
32
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئاگاداربن! بەڵا بڵاو دەبێتەوە
لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک،
گەردەلوولێکی گەورە هەڵدەکات
لەوپەڕی زەوییەوە.»
33
لەو ڕۆژەدا، ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن لەمپەڕی زەوییەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی دەبن، شیوەنیان بۆ ناگێڕدرێت و کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە.
34
ئەی شوانەکان، واوەیلا و هاوار بکەن!
ئەی سەرپەرشتیارانی مێگەل، خۆتان بگەوزێنن،
چونکە کاتتان هاتووە بۆ سەربڕین،
وەک گۆزەیەکی بە نرخ دەکەون و تێکدەشکێنرێن.
35
پەناگا بۆ شوانەکان نامێنێت،
دەربازبوونیش بۆ سەرپەرشتیارانی مێگەل.
36
گوێ بگرە لە هاواری شوانەکان و
واوەیلای سەرپەرشتیارانی مێگەل،
چونکە یەزدان لەوەڕگاکانیان تێکدەدات.
37
مێرگەکانی ئاشتی لەناودەچن
لەبەر جۆشی تووڕەیی یەزدان.
38
ئەو وەک بەچکە شێر لانەی خۆی بەجێدەهێڵێت،
چونکە خاکەکە وێران دەبێت
لەبەر شمشێری ستەمکار و
لەبەر جۆشی تووڕەیی یەزدان.
  1. a. 25‏:9 قڕیان دەکەم: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏
  2. b. 25‏:23 خەڵکێک بوونە وەک نەریتێکی بتپەرستی پرچیان بڕیوە.‏
  3. c. 25‏:26 ناوی نهێنی بابل بووە.‏