عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - یەرمیا و پەشحوری کاهین
 - 1
 - کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد،
 - 2
 - لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە.
 - 3
 - بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا، یەرمیاش پێی گوت: «یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات، بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ[a] ،
 - 4
 - چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت، بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن. هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر.
 - 5
 - هەموو سامانی ئەم شارە، هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان. جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل.
 - 6
 - تۆش ئەی پەشحور، لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن، لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن، تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“»
 - سکاڵانامەی یەرمیا
 - 7
 - ئەی یەزدان، فریوتدام و فریودرام،
تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی.
بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن،
هەموو گاڵتەم پێ دەکەن. - 8
 - هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم،
جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم،
چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام،
گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ. - 9
 - بەڵام ئەگەر بڵێم: «باسی ناکەم،
ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،»
جا وشەکەی لە دڵمدا وەک ئاگرێکی داگیرساو دەبێت،
وەک ئاگرێکی پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم،
بێزار دەبم لە دامرکاندنەوەی و
ناتوانم بێدەنگ بم. - 10
 - گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە:
«لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!
خەبەری لێ بدەن! با خەبەری لێ بدەین!»
هەموو هاوڕێیەکانم
چاوەڕێی شکستی من دەکەن، دەڵێن:
«بەڵکو فریوبخوات،
ئینجا دەرەقەتی دێین و
تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.» - 11
 - بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە،
لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن،
سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن،
شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت. - 12
 - ئەی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و
ناخ و دڵ دەپشکنیت،
با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم،
چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد. - 13
 - گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن!
ستایشی یەزدان بکەن!
چونکە هەژار ڕزگار دەکات
لە دەستی بەدکاران. - 14
 - نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم!
با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو! - 15
 - نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم،
زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی:
«کوڕێکت بوو!» - 16
 - با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت
کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد.
با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت،
نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ، - 17
 - چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم،
جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و
سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو. - 18
 - بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟
ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟
ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟ 
- a. 20:3 واتا (مایەی ترس و تۆقین لە هەموو لایەکەوە).
 

