عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: «بڕۆ لای گۆزه‌كه‌ر، گۆزه‌یه‌كی گڵ بكڕه‌. هه‌ندێك له‌ پیرانی گه‌ل و كاهینی پیر ببه‌،
2
بڕۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ دۆڵی به‌ن‌هینۆم كه‌ له‌لای داڵانی ده‌روازه‌ی زبڵدانه‌[a] ، له‌وێ ئه‌و په‌یامه‌ جاڕبده‌ كه‌ پێتی ده‌ڵێم.
3
بڵێ: ”ئه‌ی پاشایانی یه‌هودا و ئه‌ی دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم، گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن. یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئاگاداربن! به‌ڵایه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌دا ده‌هێنم كه‌ هه‌ركه‌سێك بیبیستێت، گوێی بزرنگێته‌وه‌.
4
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وازیان لێ هێنام، ئه‌م شوێنه‌یان پیس كرد و تێیدا بخووریان بۆ خوداوه‌نده‌كانی دیكه‌ سووتاند كه‌ نه‌یان ده‌ناسین، نه‌ خۆیان و نه‌ باوباپیرانیان و نه‌ پاشایانی یه‌هودا، ئه‌م شوێنه‌یان پڕكرد له‌ خوێنی بێتاوانان.
5
نزرگه‌ی به‌علیان له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كان بنیاد نا، تاكو كوڕه‌كانیان به‌ ئاگر بسووتێنن و بیكه‌نه‌ قوربانی سووتاندن بۆ به‌عل، كه‌ من نه‌ فه‌رمانم پێكردبوو و نه‌ فه‌رمووبووم و نه‌ به‌خه‌یاڵمدا هاتبوو.
6
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاگاداربن، سه‌رده‌مێك دێت، چیتر ئه‌م شوێنه‌ پێی ناگوترێت تۆفه‌ت یان دۆڵی به‌ن‌هینۆم، به‌ڵكو پێی ده‌گوترێت دۆڵی كوشتن. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
7
«”جا له‌م شوێنه‌دا پیلانی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم پووچ ده‌كه‌مه‌وه‌، وا ده‌كه‌م له‌به‌رده‌م دوژمنه‌كانیان به‌ شمشێر بكوژرێن، به‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ناویان ببه‌ن، ته‌رمه‌كانیان ده‌كه‌مه‌ خۆراكی باڵنده‌ و ئاژه‌ڵی كێوی.
8
ئه‌م شاره‌ وێران ده‌كه‌م و ده‌یكه‌مه‌ جێگای تانه‌ و ته‌شه‌ری خه‌ڵك، هه‌ركه‌سێك پێیدا تێبپه‌ڕێت سه‌رسام ده‌بێت، گاڵته‌ی پێ ده‌كات له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ری هاتووه‌.
9
وایان لێ ده‌كه‌م گۆشتی كوڕ و كچه‌كانی خۆیان بخۆن، هه‌ریه‌كه‌ گۆشتی هاوڕێكه‌ی خۆی ده‌خوات، له‌به‌ر گه‌مارۆ و ئه‌و ته‌نگانه‌یه‌ی تێی ده‌كه‌ون به‌ده‌ستی دوژمنانیان كه‌ به‌دوای ئه‌وانه‌وه‌ن بۆ كوشتنیان.“
10
«ئینجا گۆزه‌كه‌ له‌به‌رچاوی ئه‌و پیاوانه‌ بشكێنه‌ كه‌ له‌گه‌ڵتدان،
11
پێیان بڵێ: ”یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئاوا ئه‌م گه‌له‌ و ئه‌م شاره‌ ده‌شكێنم، وه‌ك چۆن ده‌فره‌ گۆزه‌كه‌ كه‌ نه‌توانرێت جارێكی دیكه‌ چاك بكرێته‌وه‌. له‌ تۆفه‌ت ده‌نێژرێن، هه‌تا ئه‌وه‌ی جێی ناشتن نه‌مێنێت.“
12
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: ”ئاوا له‌م شوێنه‌ و دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌كه‌م، ئه‌م شاره‌ وه‌ك تۆفه‌ت لێ ده‌كه‌م.
13
جا ماڵه‌كانی ئۆرشه‌لیم و كۆشكه‌كانی پاشایانی یه‌هودا وه‌ك شوێنی تۆفه‌ت گڵاو ده‌بن، هه‌موو ئه‌و ماڵانه‌ی له‌ سه‌ربانه‌كانیان بخووریان سووتاند بۆ هه‌موو ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان و شه‌رابی پێشكه‌شكراویان بۆ خوداوه‌نده‌كانی دیكه‌ پێشكه‌ش كرد.“»
14
ئینجا یه‌رمیا له‌ تۆفه‌ت هاته‌وه‌ كه‌ یه‌زدان بۆ پێشبینیكردن ناردبوویه‌ ئه‌وێ، له‌ حه‌وشه‌كه‌ی په‌رستگای یه‌زدان ڕاوه‌ستا و به‌ هه‌موو گه‌لی گوت:
15
«یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”گوێ بگرن! من هه‌موو ئه‌و به‌ڵایه‌ به‌سه‌ر ئه‌م شاره‌ و به‌سه‌ر هه‌موو گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریدا ده‌هێنم، ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌و فه‌رمووم، چونكه‌ كه‌لله‌ڕه‌قییان كرد و گوێیان له‌ قسه‌ی من نه‌گرت.“»
  1. a. 19‏:2 شوێنی فڕێدانی پارچه‌ گۆزه‌ی شكاو بووه‌.