عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
له‌ ماڵی گۆزه‌كه‌ر 
1
ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ بۆ یه‌رمیا هات:
2
«هه‌سته‌ و به‌ره‌و خواره‌وه‌ بڕۆ بۆ ماڵی گۆزه‌كه‌ره‌كه‌، له‌وێ په‌یامی خۆمت پێ ڕاده‌گه‌یه‌نم.»
3
منیش به‌ره‌و خواره‌وه‌ چووم بۆ ماڵی گۆزه‌كه‌ره‌كه‌، بینیم له‌سه‌ر چه‌رخه‌كه‌ كار ده‌كات.
4
به‌ڵام ئه‌و ده‌فره‌ی گۆزه‌كه‌ره‌كه‌ له‌ گڵ دروستی ده‌كرد، تێكچوو، جا دووباره‌ كردییه‌وه‌ به‌ ده‌فرێكی دیكه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی گۆزه‌كه‌ره‌كه‌ پێی باش بوو.
5
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات:
6
«ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، ئایا من ناتوانم وه‌ك ئه‌م گۆزه‌كه‌ره‌تان له‌گه‌ڵ بكه‌م؟ ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، ئێوه‌ له‌ناو ده‌ستی منن هه‌روه‌ك گڵ له‌ناو ده‌ستی گۆزه‌كه‌ر.
7
ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێك له‌باره‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و شانشینێكه‌وه‌ باسی ڕیشه‌كێشكردن و به‌زه‌وی دادان و له‌ناوبردنم كردبێت،
8
ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ دواوم، له‌ خراپه‌كه‌ی تۆبه‌ ده‌كات، ئینجا منیش پاشگه‌ز ده‌بمه‌وه‌ له‌و به‌ڵایه‌ی به‌ته‌مابووم تووشی بكه‌م.
9
ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێكیش له‌باره‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و شانشینێكه‌وه‌ باسی بنیادنان و چاندن بكه‌م،
10
به‌ڵام له‌به‌رچاوم خراپه‌ بكات و گوێڕایه‌ڵی من نه‌بێت، ئه‌وا منیش پاشگه‌ز ده‌بمه‌وه‌ له‌و چاكه‌یه‌ی كه‌ فه‌رمووم بۆی بكه‌م.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
11
«ئێستاش به‌ پیاوانی یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئاگاداربن! من به‌ڵایه‌كتان بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌م و پیلانێك له‌ دژی ئێوه‌ داده‌ڕێژم. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، هه‌ركه‌سه‌ و له‌ ڕێگا خراپه‌كانی، ڕێگا و كرده‌وه‌كانی خۆتان چاك بكه‌نه‌وه‌.“
12
به‌ڵام گوتیان: ”بێ سووده‌، چونكه‌ ئێمه‌ دوای بیروڕای خۆمان ده‌كه‌وین، هه‌ریه‌كه‌مان به‌پێی كه‌لله‌ڕه‌قییه‌ خراپه‌كه‌ی خۆی ده‌كات.“»
13
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان بپرسن:
كێ وه‌ك ئه‌مه‌ی بیستووه‌؟
بێ تامترین خراپه‌
ئیسرائیلی پاكیزه‌ كردوویه‌تی.
14
ئایا به‌فری لوبنان
له‌ لووتكه‌ به‌ردینه‌كانی ده‌بڕێته‌وه‌؟
ئایا ئاوی سازگاری له‌به‌رڕۆیشتووی
وشك ده‌بێت؟
15
به‌ڵام گه‌له‌كه‌م منی له‌یاد كردووه‌،
بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووه‌،
كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یان خسته‌ به‌رده‌م ڕێگاكانیان و
ڕێچكه‌ كۆنه‌كان،
تاكو به‌ لاڕێكان و
ڕێگا خۆش نه‌كراوه‌كاندا بڕۆن.
16
بۆ ئه‌وه‌ی خاكه‌كه‌یان وێران بێت،
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ببێته‌ جێگای تانه‌ و ته‌شه‌ر،
هه‌ركه‌سێك پێیدا تێبپه‌ڕێت سه‌رسام بێت و
سه‌ر بله‌قێنێت.
17
وه‌ك بای ڕۆژهه‌ڵات
له‌به‌رده‌م دوژمن په‌رتیان ده‌كه‌م،
له‌ ڕۆژی كاره‌ساتیان
پشتیان تێده‌كه‌م، نه‌ك ڕوو.»
18
ئینجا ناحه‌زانم گوتیان: «وه‌رن، با پیلانێك له‌ یه‌رمیا بگێڕین، چونكه‌ فێركردن له‌ كاهین و ڕاوێژ له‌ دانا و په‌یام له‌ پێغه‌مبه‌ر نابڕێته‌وه‌. وه‌رن با به‌ زمانمان لێی بده‌ین و گوێ له‌ هیچ وشه‌یه‌كی نه‌گرین.»
19
ئه‌ی یه‌زدان، گوێم لێ بگره‌،
گوێ له‌ ده‌نگی ناحه‌زانم بگره‌.
20
ئایا پاداشتی چاكه‌ به‌ خراپه‌ ده‌درێته‌وه‌؟
به‌ڵام چاڵێكیان بۆم هه‌ڵكه‌ندووه‌.
به‌بیرت بێته‌وه‌ وه‌ستانم له‌به‌رده‌مت،
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئه‌وان بپاڕێمه‌وه‌،
تاكو تووڕه‌ییت لێیان بگێڕمه‌وه‌.
21
له‌به‌ر ئه‌وه‌ كوڕه‌كانیان بده‌ ده‌ست قاتوقڕی،
بیانده‌ ده‌ست شمشێر،
با ژنه‌كانیان جه‌رگسووتاو و بێوه‌ژن بن،
پیاوه‌كانیشیان بمرن،
گه‌نجه‌كانیان له‌ جه‌نگ به‌ شمشێر بكوژرێن.
22
با هاوار له‌ ماڵه‌كانیانه‌وه‌ ببیسترێت،
كاتێك له‌پڕ چه‌ته‌یان به‌سه‌ردا ده‌ده‌یت،
چونكه‌ چاڵیان هه‌ڵكه‌ند بۆ گرتنم،
ته‌ڵه‌یان بۆ پێم نایه‌وه‌.
23
به‌ڵام ئه‌ی یه‌زدان،
تۆ له‌ هه‌موو ته‌گبیره‌كانیان بۆ كوشتنی من ئاگاداربووی.
له‌ تاوانیان خۆش مه‌به‌ و
گوناهه‌كه‌یان له‌به‌رچاوت مه‌سڕه‌وه‌.
با له‌به‌رده‌مت تێكبشكێن،
له‌ كاتی تووڕه‌بوونت سزایان بده‌.