عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«گوناهه‌كانی یه‌هودا به‌ قه‌ڵه‌می ئاسن نووسراوه‌،
به‌ نووكی ئه‌ڵماس هه‌ڵكۆڵراوه‌،
له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی دڵیان و
له‌سه‌ر قۆچی قوربانگاكانیان.
2
ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانیشیان ئه‌وانه‌یان به‌بیر دێته‌وه‌،
قوربانگا و ستوونه‌ ئه‌شێراكانیان[a]
كه‌ له‌لای داره‌ سه‌وزه‌كان و
له‌سه‌ر كێوه‌ به‌رزه‌كان بوون.
3
چیاكه‌ی خۆم له‌ ده‌شتوده‌ر و
سامان و هه‌موو گه‌نجینه‌كانی تۆ
ده‌كه‌م به‌ تاڵانی،
له‌گه‌ڵ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزاییه‌كانت،
چونكه‌ له‌نێو خاكه‌كه‌ت گوناهت كرد.
4
به‌خۆت ده‌ستبه‌ردار ده‌بیت له‌و میراته‌ی
كه‌ به‌ تۆم به‌خشی،
ده‌تكه‌مه‌ كۆیله‌ی دوژمنه‌كانت
له‌ خاكێك كه‌ نه‌تناسیبێت،
چونكه‌ ئاگرتان به‌ردایه‌ تووڕه‌ییم
هه‌تاهه‌تایه‌ گڕده‌گرێت.»
5
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی پشت به‌ ئاده‌میزاد ده‌به‌ستێت،
متمانه‌ی به‌ هێزی مرۆڤانه‌ هه‌یه‌ و
دڵی له‌سه‌ر یه‌زدان لاده‌بات.
6
وه‌ك بنچكێك له‌ بیابان ده‌بێت،
چاكه‌ نابینێت كاتێك دێت،
له‌ گه‌رمه‌سێر نیشته‌جێ ده‌بێت له‌ چۆڵه‌وانی،
له‌ زه‌وییه‌كی خوێیین كه‌ كه‌سی تێدا ناژیێت.
7
«به‌ڵام به‌ره‌كه‌تداره‌ ئه‌و كه‌سه‌ی پشت به‌ یه‌زدان ده‌به‌ستێت و
متمانه‌ی پێی هه‌یه‌.
8
وه‌ك دارێك ده‌بێت، شه‌تڵكراو له‌ده‌م ئاو،
له‌ده‌م جۆگه‌ ڕه‌گ داده‌كوتێت،
له‌ گه‌رما ناترسێت،
گه‌ڵاكانی سه‌وزن،
گوێ به‌ وشكه‌ساڵی نادات،
له‌ به‌روبووم دان ناوه‌ستێت.»
9
دڵ له‌ هه‌موو شتێك فریوده‌رتره‌ و
ده‌رمانی نییه‌،
كێ ده‌یناسێت؟
10
«من یه‌زدانم، دڵ ده‌پشكنم،
ده‌روون تاقی ده‌كه‌مه‌وه‌،
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی ڕه‌فتاره‌كه‌ی پێی بده‌م،
به‌گوێره‌ی شایسته‌یی كرداره‌كانی.»
11
وه‌ك كه‌وێك كڕكه‌وتبێت به‌سه‌ر ئه‌و هێلكانه‌ی خۆی نه‌یكردبێت،
ده‌وڵه‌مه‌ندێك به‌ ناڕه‌وایی ده‌وڵه‌مه‌ند بووبێت،
له‌ نیوه‌ی ته‌مه‌نی وازی لێ ده‌هێنێت،
له‌ كۆتاییشدا ده‌بێته‌ گێل.
12
ته‌ختی شكۆمه‌ندییه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌رزه‌،
شوێنی پیرۆزگاكه‌مان.
13
ئه‌ی یه‌زدان، هیوای ئیسرائیل!
هه‌موو ئه‌وانه‌ی وازت لێ دێنن، شه‌رمه‌زار ده‌بن،
ئه‌وانه‌ی له‌ تۆ لاده‌ده‌ن، له‌سه‌ر خۆڵ ده‌نووسرێن،[b]
چونكه‌ وازیان له‌ یه‌زدان هێنا،
له‌ كانی ئاوی ژیان.
14
ئه‌ی یه‌زدان، چاكم بكه‌ره‌وه‌، چاك ده‌بمه‌وه‌،
ڕزگارم بكه‌، ڕزگار ده‌بم،
چونكه‌ ستایشی من هه‌ر بۆ تۆیه‌.
15
ئه‌وه‌تا ناحه‌زانم پێم ده‌ڵێن:
«كوا فه‌رمایشتی یه‌زدان؟
با ئێستا بێته‌ دی!»
16
منیش هه‌رگیز له‌وه‌ لام نه‌دا شوان بم له‌لای تۆ،
تۆ ده‌زانیت كه‌ خوازیاری ڕۆژی كوشنده‌ نه‌بووم.
چی له‌ ده‌مم هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌به‌رده‌می خۆت بووه‌.
17
ئه‌ی یه‌زدان، مه‌متۆقێنه‌،
تۆ په‌ناگای منی له‌ ڕۆژی له‌ناوچوون.
18
با ڕاونه‌رانم شه‌رمه‌زار بن
به‌ڵام من شه‌رمه‌زار نه‌بم،
با ئه‌وان بتۆقن
به‌ڵام من نه‌تۆقم.
ڕۆژی له‌ناوچوونیان به‌سه‌ردا بهێنه‌،
دوو ئه‌وه‌نده‌ وردوخاشیان بكه‌.
ته‌رخانكردنی ڕۆژی شه‌ممه‌ 
19
یه‌زدان ئاوای پێ فه‌رمووم: «بڕۆ و له‌لای ده‌روازه‌ی نه‌وه‌ی گه‌ل بوه‌سته‌، ئه‌وه‌ی پاشاكانی یه‌هودا پێیدا دێنه‌ ژووره‌وه‌ و ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌موو ده‌روازه‌كانی دیكه‌ی ئۆرشه‌لیم بوه‌سته‌.
20
پێیان بڵێ: ”گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن، ئه‌ی پاشاكانی یه‌هودا و هه‌موو یه‌هودا و هه‌موو دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم، ئه‌وانه‌ی له‌م ده‌روازانه‌وه‌ دێنه‌ ژووره‌وه‌.
21
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئاگاداری خۆتان بن و له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا هیچ بارێك هه‌ڵمه‌گرن و به‌ناو ده‌روازه‌كانی ئۆرشه‌لیمدا بیهێننه‌ ژووره‌وه‌.
22
هیچ بارێكیش له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا له‌ ماڵه‌كانتانه‌وه‌ مه‌هێننه‌ ده‌ره‌وه‌ و هیچ كارێك مه‌كه‌ن، ڕۆژی شه‌ممه‌ ته‌رخان بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌رمانم به‌ باوباپیرانتان كرد.
23
به‌ڵام گوێیان نه‌گرت و گوێیان پێی نه‌دا و كه‌لله‌ڕه‌قییان كرد، نه‌یانبیست و ته‌مبێ نه‌بوون.
24
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوی گوێم لێ بگرن، له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ هیچ بارێك نه‌هێننه‌ ناو ده‌روازه‌كانی ئه‌م شاره‌ و ڕۆژی شه‌ممه‌تان ته‌رخان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كارێكی تێدا نه‌كه‌ن،
25
ئه‌وا پاشایانی سه‌ر ته‌ختی داود له‌گه‌ڵ پیاوه‌ گه‌وره‌كان به‌ ده‌روازه‌كانی ئه‌م شاره‌دا دێنه‌ ژووره‌وه‌، له‌گه‌ڵ پیاوه‌ گه‌وره‌كان به‌ سواری گالیسكه‌ و ئه‌سپه‌وه‌، له‌گه‌ڵ پیاوانی یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم دێن، ئه‌م شاره‌ش هه‌تاهه‌تایه‌ ئاوه‌دان ده‌بێت.
26
ئینجا له‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هودا، له‌ ده‌وروبه‌ری ئۆرشه‌لیم، له‌ خاكی بنیامین، له‌ زوورگه‌كانی[c] خۆرئاوا، له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و له‌ نه‌قه‌به‌وه‌ دێن. قوربانی سووتاندن و قوربانی سه‌ربڕاو، پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌، بخوور و قوربانی سوپاسگوزاری ده‌هێننه‌ ناو ماڵی یه‌زدانه‌وه‌.
27
خۆ ئه‌گه‌ر گوێ له‌ من نه‌گرن بۆ ته‌رخانكردنی ڕۆژی شه‌ممه‌، به‌رده‌وام بوون له‌وه‌ی به‌ باره‌وه‌ بێنه‌ ناو ده‌روازه‌كانی ئۆرشه‌لیم، ئه‌وا من ئاگرێكی نه‌كوژاوه‌ به‌رده‌ده‌مه‌ ده‌روازه‌كانی ئۆرشه‌لیم كه‌ قه‌ڵاكانی له‌ناوده‌بات.“» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
  1. a. 17‏:2 ستوونه‌ ئه‌شێرا: هێمای خواژنه‌. بڕوانه‌ \+xt یه‌كه‌م پاشایان 11‏:5‏\+xt*‏.
  2. b. 17‏:13 چاره‌نووسیان مردنه‌.
  3. c. 17‏:26 زوورگ: له‌ ته‌پۆڵكه‌ به‌رزتره‌، هه‌روه‌ك به‌رزاییه‌كانی زوورگه‌زراو له‌ كوردستان.