عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - لە ماڵی گۆزەکەر
- 1
- ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
- 2
- «هەستە و بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، لەوێ پەیامی خۆمت پێ ڕادەگەیەنم.»
- 3
- منیش بەرەو خوارەوە چووم بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، بینیم لەسەر چەرخەکە کار دەکات.
- 4
- بەڵام ئەو دەفرەی گۆزەکەرەکە لە گڵ دروستی دەکرد، تێکچوو، جا دووبارە کردییەوە بە دەفرێکی دیکە، بەو شێوەیەی گۆزەکەرەکە پێی باش بوو.
- 5
- ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
- 6
- «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا من ناتوانم وەک ئەم گۆزەکەرەتان لەگەڵ بکەم؟ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە لەناو دەستی منن هەروەک گڵ لەناو دەستی گۆزەکەر.
- 7
- ئەگەر هەر کاتێک لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی ڕیشەکێشکردن و بەزەوی دادان و لەناوبردنم کردبێت،
- 8
- ئەو نەتەوەیەی کە لەبارەیەوە دواوم، لە خراپەکەی تۆبە دەکات، ئینجا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بەتەمابووم تووشی بکەم.
- 9
- ئەگەر هەر کاتێکیش لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی بنیادنان و چاندن بکەم،
- 10
- بەڵام لەبەرچاوم خراپە بکات و گوێڕایەڵی من نەبێت، ئەوا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو چاکەیەی کە فەرمووم بۆی بکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 11
- «ئێستاش بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! من بەڵایەکتان بۆ ئامادە دەکەم و پیلانێک لە دژی ئێوە دادەڕێژم. جا لەبەر ئەوە بگەڕێنەوە، هەرکەسە و لە ڕێگا خراپەکانی، ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاک بکەنەوە.“
- 12
- بەڵام گوتیان: ”بێ سوودە، چونکە ئێمە دوای بیروڕای خۆمان دەکەوین، هەریەکەمان بەپێی کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی دەکات.“»
- 13
- لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «لەنێو نەتەوەکان بپرسن:
 کێ وەک ئەمەی بیستووە؟
 بێ تامترین خراپە
 ئیسرائیلی پاکیزە کردوویەتی.
- 14
- ئایا بەفری لوبنان
 لە لووتکە بەردینەکانی دەبڕێتەوە؟
 ئایا ئاوی سازگاری لەبەرڕۆیشتووی
 وشک دەبێت؟
- 15
- بەڵام گەلەکەم منی لەیاد کردووە،
 بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووە،
 کۆسپ و تەگەرەیان خستە بەردەم ڕێگاکانیان و
 ڕێچکە کۆنەکان،
 تاکو بە لاڕێکان و
 ڕێگا خۆش نەکراوەکاندا بڕۆن.
- 16
- بۆ ئەوەی خاکەکەیان وێران بێت،
 بۆ هەتاهەتایە ببێتە جێگای تانە و تەشەر،
 هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام بێت و
 سەر بلەقێنێت.
- 17
- وەک بای ڕۆژهەڵات
 لەبەردەم دوژمن پەرتیان دەکەم،
 لە ڕۆژی کارەساتیان
 پشتیان تێدەکەم، نەک ڕوو.»
- 18
- ئینجا ناحەزانم گوتیان: «وەرن، با پیلانێک لە یەرمیا بگێڕین، چونکە فێرکردن لە کاهین و ڕاوێژ لە دانا و پەیام لە پێغەمبەر نابڕێتەوە. وەرن با بە زمانمان لێی بدەین و گوێ لە هیچ وشەیەکی نەگرین.»
- 19
- ئەی یەزدان، گوێم لێ بگرە،
 گوێ لە دەنگی ناحەزانم بگرە.
- 20
- ئایا پاداشتی چاکە بە خراپە دەدرێتەوە؟
 بەڵام چاڵێکیان بۆم هەڵکەندووە.
 بەبیرت بێتەوە وەستانم لەبەردەمت،
 بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەوان بپاڕێمەوە،
 تاکو تووڕەییت لێیان بگێڕمەوە.
- 21
- لەبەر ئەوە کوڕەکانیان بدە دەست قاتوقڕی،
 بیاندە دەست شمشێر،
 با ژنەکانیان جەرگسووتاو و بێوەژن بن،
 پیاوەکانیشیان بمرن،
 گەنجەکانیان لە جەنگ بە شمشێر بکوژرێن.
- 22
- با هاوار لە ماڵەکانیانەوە ببیسترێت،
 کاتێک لەپڕ چەتەیان بەسەردا دەدەیت،
 چونکە چاڵیان هەڵکەند بۆ گرتنم،
 تەڵەیان بۆ پێم نایەوە.
- 23
- بەڵام ئەی یەزدان،
 تۆ لە هەموو تەگبیرەکانیان بۆ کوشتنی من ئاگاداربووی.
 لە تاوانیان خۆش مەبە و
 گوناهەکەیان لەبەرچاوت مەسڕەوە.
 با لەبەردەمت تێکبشکێن،
 لە کاتی تووڕەبوونت سزایان بدە.

