عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یه‌رمیا و په‌شحوری كاهین 
1
كاتێك په‌شحوری كوڕی ئیمێری كاهین لێپرسراوی په‌رستگای یه‌زدان گوێی له‌ یه‌رمیا بوو پێشبینی ئه‌و شتانه‌ی ده‌كرد،
2
له‌ یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ری دا و له‌و كۆته‌ی كرد كه‌ له‌لای ده‌روازه‌ی بنیامینی سه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ په‌رستگای یه‌زدانه‌.
3
بۆ به‌یانی په‌شحور یه‌رمیای له‌ كۆته‌كه‌ ده‌رهێنا، یه‌رمیاش پێی گوت: «یه‌زدان تۆ به‌ په‌شحور ناو نابات، به‌ڵكو مه‌گۆر میسه‌ڤیڤ[a] ،
4
چونكه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”ئه‌وه‌تا ده‌تكه‌مه‌ ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هه‌موو دۆستانت، به‌ چاوی خۆت ده‌بینی كه‌ به‌ شمشێری دوژمنه‌كانیان ده‌كوژرێن. هه‌موو یه‌هوداش ده‌ده‌مه‌ ده‌ست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان ده‌كات یان ده‌یانداته‌ به‌ر شمشێر.
5
هه‌موو سامانی ئه‌م شاره‌، هه‌موو به‌رهه‌م و هه‌موو شته‌ به‌نرخه‌كانی و هه‌موو گه‌نجینه‌كانی پاشاكانی یه‌هودا ده‌ده‌مه‌ ده‌ست دوژمنه‌كانیان. جا تاڵانیان ده‌كه‌ن و ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرن و ده‌یانبه‌نه‌ بابل.
6
تۆش ئه‌ی په‌شحور، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌ندامانی ماڵه‌كه‌ت بۆ بابل ڕاپێچ ده‌كرێن، له‌وێ ده‌مرن و له‌وێ ده‌نێژرێن، تۆ و هه‌موو دۆستانت كه‌ به‌ درۆ پێشبینیت بۆیان كردبوو.“»
سكاڵانامه‌ی یه‌رمیا 
7
ئه‌ی یه‌زدان، فریوتدام و فریودرام،
تۆ له‌ من به‌تواناتری و ده‌ره‌قه‌تم هاتی.
به‌ درێژایی ڕۆژ پێم پێده‌كه‌نن،
هه‌موو گاڵته‌م پێ ده‌كه‌ن.
8
چونكه‌ هه‌ر كاتێك بدوێم هاوار ده‌كه‌م،
جاڕی توندوتیژی و وێرانی ده‌ده‌م،
چونكه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان ڕیسوایی بۆ هێنام،
گاڵته‌ پێكردن به‌ درێژایی ڕۆژ.
9
به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوتم: «باسی ناكه‌م،
ئیتر به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ نادوێم،»
جا وشه‌كه‌ی له‌ دڵمدا بوو به‌ ئاگرێكی داگیرساو،
په‌نگخواردوو له‌ناو ئێسقانه‌كانم،
بێزاربووم له‌ دامركاندنه‌وه‌ی و
نه‌متوانی بێده‌نگ بم.
10
چونكه‌ گوێم له‌ چپه‌چپی زۆر كه‌س بووه‌:
«له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ترس و تۆقین هه‌یه‌!
خه‌به‌ری لێ بده‌ن! با خه‌به‌ری لێ بده‌ین!»
هه‌موو هاوڕێیه‌كانم
چاوه‌ڕێی شكستی من ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن:
«به‌ڵكو فریوبخوات،
ئینجا ده‌ره‌قه‌تی دێین و
تۆڵه‌ی خۆمانی لێ ده‌كه‌ینه‌وه‌.»
11
به‌ڵام یه‌زدان وه‌ك پاڵه‌وانێكی به‌ توانا له‌گه‌ڵمدایه‌،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌ ده‌كه‌ون و ده‌ره‌قه‌تم نایه‌ن،
سه‌رناكه‌ون و به‌ ته‌واوی ڕیسوا ده‌بن،
شه‌رمه‌زارییه‌كه‌یان هه‌رگیز له‌بیر ناكرێت.
12
ئه‌ی یه‌زدانی سوپاسالار، ئه‌وه‌ی ڕاستودروست تاقی ده‌كه‌یته‌وه‌ و
ناخ و دڵ ده‌پشكنیت،
با تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ت له‌وان ببینم،
چونكه‌ كێشه‌ی خۆمم به‌ تۆ سپارد.
13
گۆرانی بۆ یه‌زدان بڵێن!
ستایشی یه‌زدان بكه‌ن!
چونكه‌ هه‌ژار ڕزگار ده‌كات
له‌ ده‌ستی به‌دكاران.
14
نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی تێیدا له‌دایك بووم!
با به‌ره‌كه‌تدار نه‌بێت ئه‌و ڕۆژه‌ی دایكم منی بوو!
15
نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی مژده‌ی دایه‌ باوكم،
زۆر دڵخۆشی كرد و گوتی:
«كوڕێكت بوو!»
16
با ئه‌و كه‌سه‌ وه‌ك ئه‌و شارۆچكانه‌ی لێ بێت
كه‌ یه‌زدان به‌بێ په‌شیمانبوونه‌وه‌ سه‌ره‌وژێری كرد.
با به‌یانییان ده‌نگی هاوار ببیستێت،
نه‌عره‌ته‌ كێشانی جه‌نگیش له‌ كاتی نیوه‌ڕۆ،
17
چونكه‌ له‌ناو سكی دایكمه‌وه‌ نه‌یكوشتم،
جا دایكم ده‌بوو به‌ گۆڕم و
سكی هه‌میشه‌ هه‌ر پڕ ده‌بوو.
18
بۆچی له‌ سكی دایكم هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌؟
ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خه‌م؟
ئایا بۆ كۆتایی هاتنی ڕۆژگارم به‌ ڕیسوایی؟
  1. a. 20‏:3 واته‌ (مایه‌ی ترس و تۆقین له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌).