عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروودی دەڤۆرا 
1
ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەبینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد:
2
«کاتێک پێشەواکان لە ئیسرائیل ڕابەرایەتی دەکەن،
کاتێک گەل خۆیان بەخت دەکەن،
ستایشی یەزدان بکەن!
3
«ئەی پاشایان، ببیستن! ئەی فەرمانڕەوایان، گوێ بگرن!
من بۆ یەزدان سروود دەڵێم،
مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم.
4
«ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر،
بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم،
زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد،
هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری.
5
چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا،
لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
6
«لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات،
لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و
ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن.
7
گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون،
چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام،
هەتا وەک دایکێک لە ئیسرائیل هەستام.
8
کاتێک شەڕ گەیشتە دەروازەکان،
خودا ڕابەرە نوێیەکانی هەڵبژارد،
بەڵام هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک
لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل نەبینرا.
9
دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە،
لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل،
ستایشی یەزدان بکەن!
10
«ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون،
دانیشتوو لەسەر زینی لباد و
ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر،
گوێ بگرن
11
لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای بیرە ئاوەکان،
لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا،
کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل.
«ئینجا گەلی یەزدان
بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن.
12
”هەستە، هەستە، ئەی دەڤۆرا!
هەستە، هەستە، سروود بڵێ!
هەستە، ئەی باراک!
ئەی کوڕی ئەبینۆعەم دیلەکانت بگرە.“
13
«ئینجا پاشماوەی گەل
هاتنە خوارەوە بۆ لای بەگزادەکان،
گەلی یەزدان بۆ لام هاتنە خوارەوە،
لەگەڵ پاڵەوانەکان.
14
هەندێکیان لە ئەفرایمەوە هاتن، ئەوانەی بارەگایان لەنێو عەمالێقە،
لە دواتەوەن، نەوەی بنیامین لەگەڵ گەلەکەت.
لە ماکیرەوە سەرکردەکان دابەزین و
لە زەبولونەوە ئەوانەی داردەستی پێشەوایان بەدەستەوەیە.
15
سەرۆکەکانی یەساخار لەگەڵ دەڤۆرا هاتن و
نەوەی یەساخار لەگەڵ باراک،
بەرەو دۆڵەکە بە پەلە بەدوایدا دەڕۆیشتن.
لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن
دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.
16
بۆچی لەنێو پەرژینەکان دانیشتبوون،
بۆ گوێگرتن لە دەنگی بلوێرلێدان بۆ مێگەلەکان؟
لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن
دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.
17
گلعاد لەوبەری ڕووباری ئوردون مایەوە،
بۆچی دان لەلای کەشتییەکان چاوەڕێی دەکرد؟
ئاشێریش لەلای کەناری دەریا دانیشت و
لە بەندەرەکانی مایەوە.
18
زەبولون گەلێکە گیان لەسەر دەست
لەگەڵ نەفتالی لە بەرزاییەکانی گۆڕەپانی جەنگ.
19
«پاشایان هاتن و جەنگان،
ئینجا پاشایانی کەنعان جەنگان
لە تەعنەک لەلای ئاوی مەگیدۆ،
هەندێک زیویشیان دەست نەکەوت.
20
ئەستێرەکان لە ئاسمانەوە جەنگان،
لە خولگەکانی خۆیانەوە لە دژی سیسرا جەنگان.
21
ڕووباری قیشۆن ڕایماڵین،
ڕووباری قیشۆن، ڕووبارێکی دێرینە.
ئەی گیانی من بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆ!
22
ئینجا سمی ئەسپەکان دەنگەدەنگەیان دەدا،
لە غارەغاری ئەسپە بەتاوەکانی.
23
فریشتەی یەزدان فەرمووی: ”نەفرەت لە مێرۆز بکەن،
بە توندی نەفرەت لە دانیشتووانی بکەن،
چونکە نەهاتن بۆ یارمەتیدانی یەزدان،
یارمەتیدانی یەزدان لە دژی پاڵەوانان.“
24
«بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان،
یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی،
بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن.
25
داوای ئاوی کرد شیری پێدا،
لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی[a] بۆ هێنا.
26
دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و
دەستی ڕاستی بۆ چەکوشی کرێکار.
لە سیسرای دا و سەری شکاند،
کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد.
27
لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو،
کەوت، ڕاکشا،
لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت،
لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و مرد.
28
«دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و
لە کڵاوڕۆژنەوە[b] دەستی بە شیوەن کرد.
”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟
بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“
29
ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە،
بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە:
30
”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن،
کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک،
تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا،
جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو،
جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم،
هەمووی وەک تاڵانی؟“
31
«ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان!
بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن
کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.»
ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
  1. a. 5‏:25 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.‏
  2. b. 5‏:28 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گێڕانەوەی تیشکی خۆر.‏