عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروودی ده‌ڤۆرا 
1
ئینجا ده‌ڤۆرا و باراكی كوڕی ئه‌ڤینۆعه‌م له‌و ڕۆژه‌دا ده‌ستیان به‌ گوتنی سروود كرد:
2
«له‌ پێناوی پێشه‌وایه‌تیكردنی پێشه‌واكان له‌ ئیسرائیل و
له‌ پێناوی ئه‌وانه‌ی له‌نێو گه‌ل خۆیان به‌ختكرد،
ستایشی یه‌زدان بكه‌ن!
3
«ببیستن ئه‌ی پاشایان، گوێ بگرن ئه‌ی فه‌رمانڕه‌وایان!
من بۆ یه‌زدان سروود ده‌ڵێم،
مۆسیقا بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ده‌ژه‌نم.
4
«ئه‌ی یه‌زدان، به‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ت له‌ سێعیر،
به‌ به‌ره‌وپێشچوونت له‌ خاكی ئه‌دۆم،
زه‌وی له‌رزی، ئاسمانیش دڵۆپه‌ی كرد،
هه‌روه‌ها هه‌وره‌كانیش ئاویان لێ باری.
5
چیاكان هه‌ره‌سیان هێنا له‌ ڕووی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری شاخی سینا،
له‌ ڕووی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل.
6
«له‌ ماوه‌ی ڕابه‌رایه‌تی شه‌مگه‌ری كوڕی عه‌نات،
له‌ سه‌رده‌می یاعێل ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كان وازلێهێنران و
ڕێبواره‌كان به‌ ڕێڕه‌وی خواروخێچدا ڕۆیشتن.
7
گونده‌كانی ئیسرائیل چۆڵ بوون،
چۆڵ بوون، هه‌تا من كه‌ ده‌ڤۆرام هه‌ستام،
هه‌ستام وه‌ك دایكێك له‌ ئیسرائیل.
8
چه‌ند خودایه‌كی نوێیان هه‌ڵبژاردبوو،
ئینجا شه‌ڕ هاته‌ ده‌روازه‌كان.
ئایا هیچ قه‌ڵغانێك یان ڕمێك
له‌نێو چل هه‌زار كه‌س له‌ ئیسرائیل ده‌بینرا؟
9
دڵم له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیله‌،
له‌گه‌ڵ خۆبه‌ختكه‌رانی نێو گه‌ل،
ستایشی یه‌زدان بكه‌ن!
10
«ئه‌ی ئه‌وانه‌ی سواری ماكه‌ری سپی بوون،
دانیشتوو له‌سه‌ر زینی لباد و
ئه‌وانه‌ی ڕێتان گرتووه‌ته‌به‌ر،
گوێ بگرن
11
له‌ ده‌نگی گۆرانیبێژان له‌لای حه‌وزه‌كان،
له‌وێ به‌ كرداره‌ ڕاستودروسته‌كانی یه‌زدانیان هه‌ڵدا،
كرده‌وه‌ ڕاستودروسته‌كانی جه‌نگاوه‌رانی ئه‌و له‌ ئیسرائیل.
«ئینجا گه‌لی یه‌زدان
به‌ره‌و ده‌روازه‌كان ڕۆیشتن.
12
”هه‌سته‌، هه‌سته‌، ئه‌ی ده‌ڤۆرا!
هه‌سته‌، هه‌سته‌، سروود بڵێ!
هه‌سته‌، ئه‌ی باراك!
ئه‌ی كوڕی ئه‌ڤینۆعه‌م دیله‌كانت بگره‌.“
13
«ئینجا پاشماوه‌ی گه‌ل
هاتنه‌ خواره‌وه‌ بۆ لای به‌گزاده‌كان،
گه‌لی یه‌زدان بۆ لام هاتنه‌ خواره‌وه‌،
له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانه‌كان.
14
هه‌ندێكیان له‌ ئه‌فرایمه‌وه‌ هاتن، ئه‌وانه‌ی باره‌گایان له‌نێو عه‌مالێقه‌،
له‌ دواته‌وه‌ن، نه‌وه‌ی بنیامین له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ت.
له‌ ماكیره‌وه‌ سه‌ركرده‌كان دابه‌زین و
له‌ زه‌بولونه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی دارده‌ستی پێشه‌وایان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.
15
سه‌رۆكه‌كانی یه‌ساخار له‌گه‌ڵ ده‌ڤۆرا هاتن و
نه‌وه‌ی یه‌ساخار له‌گه‌ڵ باراك،
به‌ره‌و دۆڵه‌كه‌ به‌ په‌له‌ به‌دوایدا ده‌ڕۆیشتن.
له‌نێو خێڵه‌كانی ڕه‌ئوبێن
دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆر هه‌بوو.
16
بۆچی له‌نێو په‌رژینه‌كان دانیشتبوون،
بۆ گوێگرتن له‌ ده‌نگی بلوێرلێدان بۆ مێگه‌له‌كان؟
له‌نێو خێڵه‌كانی ڕه‌ئوبێن
دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆر هه‌بوو.
17
گلعاد له‌وبه‌ری ڕووباری ئوردون مایه‌وه‌،
بۆچی دان له‌لای كه‌شتییه‌كان چاوه‌ڕێی ده‌كرد؟
ئاشێریش له‌لای كه‌ناری ده‌ریا دانیشت و
له‌ به‌نده‌ره‌كانی مایه‌وه‌.
18
زه‌بولون گه‌لێكه‌ گیان له‌سه‌ر ده‌ست
له‌گه‌ڵ نه‌فتالی له‌ به‌رزاییه‌كانی گۆڕه‌پانی جه‌نگ.
19
«پاشایان هاتن و جه‌نگان،
ئینجا پاشایانی كه‌نعان جه‌نگان
له‌ ته‌عنه‌ك له‌لای ئاوی مه‌گیدۆ،
هه‌ندێك زیویشیان ده‌ست نه‌كه‌وت.
20
ئه‌ستێره‌كان له‌ ئاسمانه‌وه‌ جه‌نگان،
له‌ خولگه‌كانی خۆیانه‌وه‌ له‌ دژی سیسرا جه‌نگان.
21
ڕووباری قیشۆن ڕایماڵین،
ڕووباری قیشۆن، ڕووبارێكی دێرینه‌.
ئه‌ی گیانی من به‌ ئازایه‌تییه‌وه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆ!
22
ئینجا سمی ئه‌سپه‌كان ده‌نگه‌ده‌نگه‌یان ده‌دا،
له‌ غاره‌غاری ئه‌سپه‌ به‌تاوه‌كانی.
23
فریشته‌ی یه‌زدان فه‌رمووی: ”نه‌فره‌ت له‌ مێرۆز بكه‌ن،
به‌ توندی نه‌فره‌ت له‌ دانیشتووانی بكه‌ن،
چونكه‌ نه‌هاتن بۆ یارمه‌تیدانی یه‌زدان،
یارمه‌تیدانی یه‌زدان له‌ دژی پاڵه‌وانان.“
24
«به‌ره‌كه‌تدار بێت له‌نێو ئافره‌تان،
یاعێلی ژنی حه‌ڤه‌ری قێنی،
به‌ره‌كه‌تدار بێت له‌ناو هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه‌ی چادرنشینن.
25
داوای ئاوی كرد شیری پێدا،
له‌ناو كاسه‌ی شازادان، ده‌ڵه‌مه‌ی[a] بۆ هێنا.
26
ده‌ستی درێژكرد بۆ مێخی چادره‌كه‌ و
ده‌سته‌ ڕاسته‌ی بۆ چه‌كوشی كرێكار.
له‌ سیسرای دا و سه‌ری شكاند،
كاسه‌ سه‌ری وردوخاش كرد و لاجانی كون كرد.
27
له‌به‌ر پێیه‌كانی ڕۆچوو،
كه‌وت، ڕاكشا،
له‌به‌ر پێیه‌كانی ڕۆچوو، كه‌وت،
له‌كوێ ڕۆچوو، له‌وێ كه‌وت و شێوێنرا.
28
«دایكی سیسرا له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ ته‌ماشای كرد و
له‌ كڵاوڕۆژنه‌وه‌[b] ده‌ستی به‌ شیوه‌ن كرد.
”بۆچی گالیسكه‌كانی له‌ هاتن دواكه‌وتن؟
بۆچی ده‌نگی ناڵی وڵاخی گالیسكه‌كانی دواكه‌وتن؟“
29
ئینجا داناترین شازاده‌ی وه‌ڵامی دایه‌وه‌،
به‌ڵكو خۆی بوو وه‌ڵامی خۆی دایه‌وه‌:
30
”ئایا ده‌ستكه‌وتێكیان ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ و به‌شی ناكه‌ن،
كیژێك یان دووان بۆ هه‌ر پیاوێك،
تاڵانكردنی جلی ڕه‌نگكراو بۆ سیسرا،
جلی ڕه‌نگكراو و نه‌خشێنراو،
جلی نه‌خشێنراو له‌ هه‌ردوو ڕوو بۆ گه‌ردنم،
هه‌مووی وه‌ك تاڵانی؟“
31
«ئاوا هه‌موو دوژمنانت له‌ناوده‌چن، ئه‌ی یه‌زدان!
به‌ڵام با ئه‌وانه‌ی كه‌ تۆیان خۆشده‌وێت وه‌ك خۆر بن
كاتێك له‌ به‌هێزیدا هه‌ڵدێت.»
ئینجا خاكه‌كه‌ چل ساڵ له‌ ئاشتیدا بوو.
  1. a. 5‏:25 یان ده‌ره‌مه‌، قۆناغی پێش دروستبوونی په‌نیر.
  2. b. 5‏:28 وه‌ك په‌نجه‌ره‌یه‌، ده‌لاقه‌یه‌كه‌ بۆ هاتوچۆی هه‌وا و گێڕانه‌وه‌ی تیشكی خۆر.