عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دادوەری و هیوا 
1
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئاسمان تەختی منە و
زەویش تەختەپێمە.
کوا ئەو ماڵەی کە ئێوە بۆم بنیاد دەنێن و
لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
2
ئایا هەموو ئەمانەش دەستی من دروستی نەکردن؟
جا هەموو ئەمانە نەهاتنە دی؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«من ڕوو لەمە دەکەم:
لەوەی بێفیز و دڵشکێنراوە و
لەبەر ڕێزی فەرمایشتەکەم دەلەرزێت.
3
بەڵام ئەوەی گا سەردەبڕێت
وەک ئەوەیە مرۆڤ بکوژێت،
ئەوەی بەرخ دەکاتە قوربانی سەربڕاو،
وەک ئەوەیە ملی سەگ بشکێنێت[a] ،
ئەوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش دەکات،
وەک ئەوەیە خوێنی بەراز پێشکەش بکات و
ئەوەی بخوور دەسووتێنێت،
وەک ئەوەیە بت بەرەکەتدار بکات.
ئەوان ڕێگاکانی خۆیان هەڵبژارد و
دڵیان بە قێزەونەکانیان خۆش بوو،
4
هەروەها منیش کارەساتەکانیان هەڵدەبژێرم و
ترسەکانیان بەسەریاندا دەهێنم،
لەبەر ئەوەی بانگم کرد و کەس نەبوو وەڵام بداتەوە،
قسەم کرد و گوێیان نەگرت،
بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکارییان کرد،
ئەوەی پێی دڵخۆش نەبووم هەڵیانبژارد.»
5
ئەی ئەوانەی لە ڕێزی وشەی یەزدان دەلەرزن،
گوێ لە فەرمایشتی ئەو بگرن:
«براکانتان ئەوانەی ڕقیان لێتانە و
لەبەر ناوی من دەریانکردن،
بە تەوسەوە گوتیان: ”با یەزدان شکۆمەند بێت و
دڵخۆشی ئێوە ببینین!“
بەڵام ئەوان شەرمەزار دەبن.
6
دەنگی هاتوهەرایە لە شارەوە،
دەنگە لە پەرستگاوە!
ئەمە دەنگی یەزدانە
سزای شایستەی دوژمنانی دەدات.
7
«پێش ئەوەی ژان بگرێت، منداڵی بوو،
پێش ئەوەی ژانی بۆ بێت، کوڕێکی بوو.
8
کێ شتی وەک ئەمەی بیستووە؟
کێ وەک ئەمەی بینیوە؟
ئایا وڵاتێک لە یەک ڕۆژدا ژان دەیگرێت
یان نەتەوەیەک بە یەک جار لە دایک دەبێت؟
بەڵام ئەو ساتەی کە سییۆن ژان دەیگرێت
چەندین منداڵی دەبێت.»
9
یەزدان دەفەرموێت: «ئایا من کە ژانی منداڵبوون دەهێنم،
وا ناکەم منداڵ لەدایک ببێت؟
یان ئەگەر من وا دەکەم منداڵ ببێت،
سکی دایک دادەخەم؟» خودای تۆ دەفەرموێت.
10
«ئەی هەموو خۆشەویستانی ئۆرشەلیم،
لەگەڵی دڵخۆش بن و تێیدا شاد بن،
ئەی هەموو ئەوانەی شیوەنی بۆ دەگێڕن،
بە تەواوی لەگەڵی دڵخۆش بن.
11
بۆ ئەوەی شیری مەمکی بمژن و
تێر و ئارام بن
هەتا لە پڕی شکۆمەندییەکەی بخۆنەوە و
چێژ ببینن.»
12
سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من ئاشتی بەسەردا دەشکێنمەوە وەک ڕووبار و
شکۆمەندی نەتەوەکان وەک جۆگەیەکی ڕاماڵ،
جا ئێوە شیر دەدرێن و لە ئامێز دەگیرێن و
لەسەر ئەژنۆکان ڕادەژەنرێن.
13
وەک کەسێک دایکی دڵنەوایی بکات،
منیش ئاوا دڵنەواییتان دەکەم،
بە ئۆرشەلیم دڵنەوایی دەکرێن.»
14
جا دەبینن و دڵتان خۆش دەبێت و
جەستەتان وەک گیا نەشونما دەکات.
جا دەزانرێت کە یەزدان لەگەڵ خزمەتکارەکانی دەبێت،
بەڵام لە دوژمنەکانی تووڕە دەبێت.
15
ئەوەتا یەزدان بە ئاگرەوە دێت،
گالیسکەکانی وەک گەردەلوولن،
تاکو تووڕەییەکەی بە گڕەوە بگەڕێنێتەوە،
سەرزەنشتەکەی بە بڵێسەی ئاگرەوە.
16
لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگر و شمشێرەکەی
حوکم بەسەر هەموو مرۆڤدا دەدات،
ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن زۆر دەبن.
17
«پێکەوە دەفەوتێن، ئەوانەی خۆیان تەرخان و پاک دەکەن بۆ چوونە ناو باخچەکان، شوێنی ئەو کەسە دەکەون کە لە ناوەڕاستی ئەوانە کە جرج و گۆشتی بەراز و شتی قێزەون دەخۆن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18
«من کردەوەکانیان و بیروڕایان دەزانم، لەبەر ئەوە خەریکە دێم و هەموو نەتەوەکان و زمانەکان کۆدەکەمەوە، جا دێن و شکۆمەندی من دەبینن.»
19
یەزدان دەفەرموێت: «نیشانەیەکیان لەنێو دادەنێم و دەربازبووانیان لێ دەنێرم بۆ نەتەوەکان، بۆ تەرشیش و بۆ لای لیبییەکان و لوودییەکان، ئەوانەی تیرئەندازن، بۆ توبال، یۆنان و دوورگە دوورەکان، ئەوانەی هەواڵی منیان نەبیستووە و شکۆمەندی منیان نەبینیوە، جا شکۆمەندی من لەنێو نەتەوەکاندا ڕادەگەیەنن.
20
هەموو براکانتان لە هەموو نەتەوەکانەوە وەک پێشکەشکراو بۆ یەزدان لەسەر ئەسپ و بە گالیسکە و بە عەرەبانە و بە هێستر و وشتر بۆ کێوی پیرۆزم بۆ ئۆرشەلیم دەهێننەوە، وەک ئەوەی نەوەی ئیسرائیل پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان لەناو دەفرێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن.
21
هەروەها هەندێک لەوان هەڵدەبژێرم بە کاهین و بە لێڤی.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
22
یەزدان دەفەرموێت: «بێگومان وەک ئەو ئاسمانە نوێیە و ئەو زەوییە نوێیە کە من دروستیان دەکەم لەبەردەممدا دەمێننەوە، ئاواش ناو و نەوەی ئێوە دەمێنێت.
23
لە سەرەمانگێکەوە بۆ سەرەمانگێک و لە شەممەیەکەوە بۆ شەممەیەک هەموو مرۆڤێک دێت بۆ ئەوەی لەبەردەمم کڕنۆش ببات،» یەزدان دەفەرموێت.
24
«دەچنە دەرەوە و لاشەی ئەو خەڵکانە دەبینن کە لە من یاخی بوون، چونکە کرمەکانیان نامرن و ئاگریان ناکوژێتەوە و بۆ هەمووان دەبن بە قێزەون.»

  1. a. 66‏:3 لەوانەیە مەبەستی لە شێوازی قوربانیکردنی کەنعانییەکان بێت.‏