عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دادوه‌ری و هیوا 
1
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئاسمان ته‌ختی منه‌ و
زه‌ویش ته‌خته‌پێمه‌.
كوا ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ ئێوه‌ بۆم بنیاد ده‌نێن و
له‌كوێیه‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌م؟
2
ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌ستی من دروستی نه‌كردن؟
جا هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌هاتنه‌ دی؟»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
«من ڕوو له‌مه‌ ده‌كه‌م:
له‌وه‌ی بێفیز و دڵشكێنراوه‌ و
له‌به‌ر ڕێزی فه‌رمایشته‌كه‌م ده‌له‌رزێت.
3
به‌ڵام ئه‌وه‌ی گا سه‌رده‌بڕێت
بكوژی مرۆڤه‌،
ئه‌وه‌ی به‌رخ ده‌كاته‌ قوربانی سه‌ربڕاو،
وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ ملی سه‌گ بشكێنێت[a] ،
ئه‌وه‌ی پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ پێشكه‌ش ده‌كات،
خوێنی به‌راز پێشكه‌ش ده‌كات و
ئه‌وه‌ی بخوور ده‌سووتێنێت،
بت به‌ره‌كه‌تدار ده‌كات.
هه‌روه‌ها ئه‌وان ڕێگاكانی خۆیان هه‌ڵبژارد و
دڵیان به‌ قێزه‌ونه‌كانیان خۆش بوو،
4
هه‌روه‌ها منیش كاره‌ساته‌كانیان هه‌ڵده‌بژێرم و
ترسه‌كانیان به‌سه‌ریاندا ده‌هێنم،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بانگم كرد و كه‌س نه‌بوو وه‌ڵام بداته‌وه‌،
قسه‌م كرد و گوێیان نه‌گرت،
به‌ڵكو له‌به‌رچاوم خراپه‌كارییان كرد،
ئه‌وه‌ی پێی دڵخۆش نه‌بووم هه‌ڵیانبژارد.»
5
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێزی وشه‌ی یه‌زدان ده‌له‌رزن،
گوێ له‌ فه‌رمایشتی ئه‌و بگرن:
«براكانتان ئه‌وانه‌ی ڕقیان لێتانه‌ و
له‌به‌ر ناوی من ده‌ریانكردن،
به‌ ته‌وسه‌وه‌ گوتیان: ”با یه‌زدان شكۆمه‌ند بێت و
دڵخۆشی ئێوه‌ ببینین!“
به‌ڵام ئه‌وان شه‌رمه‌زار ده‌بن.
6
ده‌نگی هاتوهه‌رایه‌ له‌ شاره‌وه‌،
ده‌نگه‌ له‌ په‌رستگاوه‌!
ئه‌مه‌ ده‌نگی یه‌زدانه‌
سزای شایسته‌ی دوژمنانی ده‌دات.
7
«پێش ئه‌وه‌ی ژان بگرێت، منداڵی بوو،
پێش ئه‌وه‌ی ژانی بۆ بێت، كوڕێكی بوو.
8
كێ وه‌ك ئه‌مه‌ی بیستووه‌؟
كێ وه‌ك ئه‌مه‌ی بینیوه‌؟
ئایا وڵاتێك له‌ یه‌ك ڕۆژدا ژان ده‌یگرێت
یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ یه‌ك جار له‌ دایك ده‌بێت؟
به‌ڵام سییۆن ئه‌و ساته‌ی كه‌ ژان ده‌گرێت
چه‌ندین منداڵی ده‌بێت.»
9
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئایا من كه‌ ژانی منداڵبوون ده‌هێنم،
وا ناكه‌م منداڵ له‌دایك ببێت؟
یان ئه‌گه‌ر من وا ده‌كه‌م منداڵ ببێت،
سكی دایك داده‌خه‌م؟» خودای تۆ ده‌فه‌رموێت.
10
«ئه‌ی هه‌موو خۆشه‌ویستانی ئۆرشه‌لیم،
له‌گه‌ڵی دڵخۆش بن و تێیدا شاد بن،
ئه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن،
به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵی دڵخۆش بن.
11
بۆ ئه‌وه‌ی شیری مه‌مكی بمژن و
تێر و ئارام بن
هه‌تا له‌ پڕی شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی بخۆنه‌وه‌ و
چێژ ببینن.»
12
سه‌باره‌ت به‌مه‌ش یه‌زدان به‌م جۆره‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌وه‌تا من ئاشتی به‌سه‌ردا ده‌شكێنمه‌وه‌ وه‌ك ڕووبار و
شكۆمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كان وه‌ك جۆگه‌یه‌كی ڕاماڵ،
جا ئێوه‌ شیر ده‌درێن و له‌ ئامێز ده‌گیرێن و
له‌سه‌ر ئه‌ژنۆكان ڕاده‌ژه‌نرێن.
13
وه‌ك یه‌كێك كه‌ دایكی دڵنه‌وایی بكات،
منیش ئاوا دڵنه‌واییتان ده‌كه‌م،
به‌ ئۆرشه‌لیم دڵنه‌وایی ده‌كرێن.»
14
جا ده‌بینن و دڵتان خۆش ده‌بێت و
جه‌سته‌تان وه‌ك گیا نه‌شونما ده‌كات.
جا ده‌زانرێت كه‌ یه‌زدان له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانی ده‌بێت،
به‌ڵام له‌ دوژمنه‌كانی تووڕه‌ ده‌بێت،
15
ئه‌وه‌تا یه‌زدان به‌ ئاگره‌وه‌ دێت،
گالیسكه‌كانی وه‌ك گه‌رده‌لوولن،
هه‌تا تووڕه‌ییه‌كه‌ی به‌ گڕه‌وه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌،
سه‌رزه‌نشته‌كه‌ی به‌ بڵێسه‌ی ئاگره‌وه‌.
16
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌زدان به‌ ئاگر و شمشێره‌كه‌ی
حوكم به‌سه‌ر هه‌موو مرۆڤدا ده‌دات،
ئه‌وانه‌ی به‌ ده‌ستی یه‌زدان ده‌كوژرێن زۆر ده‌بن.
17
«پێكه‌وه‌ ده‌فه‌وتێن، ئه‌وانه‌ی خۆیان ته‌رخان و پاك ده‌كه‌ن بۆ چوونه‌ ناو باخچه‌كان، شوێنی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كه‌ون كه‌ له‌ له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌وانه‌، كه‌ جرج و گۆشتی به‌راز و شتی قێزه‌ون ده‌خۆن.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
18
«من كرده‌وه‌كانیان و بیروڕایان ده‌زانم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ خه‌ریكه‌ دێم و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و زمانه‌كان كۆده‌كه‌مه‌وه‌، جا دێن و شكۆمه‌ندی من ده‌بینن.»
19
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «نیشانه‌یه‌كیان له‌نێو داده‌نێم و ده‌ربازبووانیان لێ ده‌نێرم بۆ نه‌ته‌وه‌كان، بۆ ته‌رشیش و بۆ لای لیبییه‌كان و لوودییه‌كان، ئه‌وانه‌ی تیرئه‌ندازن، بۆ توبال، یۆنان و دوورگه‌ دووره‌كان، ئه‌وانه‌ی هه‌واڵی منیان نه‌بیستووه‌ و شكۆمه‌ندی منیان نه‌بینیوه‌، جا شكۆمه‌ندی من له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا ڕاده‌گه‌یه‌نن.
20
هه‌موو براكانتان له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌ وه‌ك پێشكه‌شكراو بۆ یه‌زدان له‌سه‌ر ئه‌سپ و به‌ گالیسكه‌ و به‌ عه‌ره‌بانه‌ و به‌ هێستر و وشتر بۆ كێوی پیرۆزم بۆ ئۆرشه‌لیم ده‌هێننه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌یان له‌ناو ده‌فرێكی پاك به‌پێی ڕێوڕه‌سم بۆ په‌رستگای یه‌زدان بهێنن.
21
هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌وان هه‌ڵده‌بژێرم به‌ كاهین و به‌ لێڤی.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
22
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «بێگومان وه‌ك ئه‌و ئاسمانه‌ نوێیه‌ و ئه‌و زه‌وییه‌ نوێیه‌ كه‌ من دروستیان ده‌كه‌م له‌به‌رده‌ممدا ده‌مێننه‌وه‌، ئاواش ناو و نه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌مێنێت.
23
له‌ سه‌ره‌مانگێكه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌مانگێك و له‌ شه‌ممه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ شه‌ممه‌یه‌ك هه‌موو مرۆڤێك دێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌مم كڕنۆش ببات،» یه‌زدان ده‌فه‌رموێت.
24
«ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ و لاشه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ ده‌بینن كه‌ له‌ من یاخی بوون، چونكه‌ كرمه‌كانیان نامرن و ئاگریان ناكوژێته‌وه‌ و بۆ هه‌مووان ده‌بن به‌ قێزه‌ون.»
  1. a. 66‏:3 له‌وانه‌یه‌ مه‌به‌ستی له‌ شێوازی قوربانیكردنی كه‌نعانییه‌كان بێت.