عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
په‌یامی یه‌رمیای كوڕی حیلقیا، یه‌كێك له‌ كاهینانی شارۆچكه‌ی عه‌ناتۆت له‌ خاكی بنیامین.
2
فه‌رمایشتی یه‌زدانی بۆ ده‌هات، له‌ ساڵی سێزده‌یه‌مینی پاشایه‌تی یۆشیای كوڕی ئامۆنی پاشای یه‌هودا،
3
هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ی پاشایه‌تی یه‌هۆیاقیمی كوڕی یۆشیای پاشای یه‌هودا، هه‌تا مانگی پێنجی ساڵی یازده‌یه‌مینی سدقیای كوڕی یۆشیای پاشای یه‌هودا، كاتی ڕاپێچانه‌كه‌ی خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم.
بانگكردنی یه‌رمیا 
4
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات:
5
«پێش ئه‌وه‌ی له‌ناو سكی دایكت شێوه‌ت بكێشم، تۆم ناسی،
پێش ئه‌وه‌ی له‌ منداڵدان بێیته‌ ده‌ره‌وه‌، ته‌رخانم كردیت،
تۆم كرده‌ پێغه‌مبه‌ری نه‌ته‌وه‌كان.»
6
به‌ڵام من گوتم: «ئای، ئه‌ی یه‌زدانی باڵاده‌ست، وته‌بێژی له‌ توانامدا نییه‌، چونكه‌ ته‌مه‌نم بچووكه‌.»
7
ئینجا یه‌زدان پێی فه‌رمووم: «مه‌ڵێ: ”ته‌مه‌نم بچووكه‌.“ بۆ لای هه‌ركه‌سێك بتنێرم ده‌چیت و هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانت پێ بكه‌م ڕایده‌گه‌یه‌نیت.
8
لێیان مه‌ترسه‌، چونكه‌ من له‌گه‌ڵتدام بۆ ئه‌وه‌ی فریات بكه‌وم.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
9
ئینجا یه‌زدان ده‌ستی درێژكرد و ده‌ستی له‌ ده‌مم دا و پێی فه‌رمووم: «دڵنیابه‌، من وته‌كانم ده‌خه‌مه‌ ده‌می تۆوه‌.
10
ببینه‌، ئه‌مڕۆ تۆم كرد به‌ پێغه‌مبه‌ر بۆ نه‌ته‌وه‌ و شانشینه‌كان، بۆ ڕیشه‌كێشكردن و شكاندن، بۆ له‌ناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.»
11
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم: «ئه‌ی یه‌رمیا، چی ده‌بینیت؟»
منیش گوتم: «چڵه‌ باده‌مێك ده‌بینم.»
12
یه‌زدانیش پێی فه‌رمووم: «چاكت بینی، چونكه‌ من له‌سه‌ر فه‌رمایشته‌كه‌م چاودێر[a] ده‌بم بۆ ئه‌نجامدانی.»
13
دووباره‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات: «چی ده‌بینیت؟»
منیش گوتم: «مه‌نجه‌ڵێك ده‌بینم هه‌ڵمی لێ هه‌ڵده‌ستێت و ڕووی به‌ره‌و باشووره‌.»
14
یه‌زدانیش پێی فه‌رمووم: «له‌ باكووره‌وه‌ به‌ڵا بۆ هه‌موو دانیشتووانی خاكه‌كه‌ ده‌بارێت.
15
خه‌ریكم بانگه‌واز ده‌كه‌م بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی شانشینه‌كانی باكوور.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
«جا پاشاكانیان دێن و
هه‌ریه‌كه‌ و ته‌ختی خۆی له‌ داڵانی ده‌روازه‌ی ئۆرشه‌لیم داده‌نێت،
هێرش ده‌به‌ن بۆ سه‌ر هه‌موو شووراكانی چوارده‌وری ئۆرشه‌لیم و
بۆ هه‌موو شارۆچكه‌كانی یه‌هودا.
16
منیش حوكمه‌كانم به‌سه‌ریان ڕاده‌گه‌یه‌نم،
له‌سه‌ر هه‌موو خراپه‌كانیان كه‌ وازیان لێ هێنام و
بۆ خوداكانی دیكه‌ بخووریان سووتاند و
بۆ ده‌ستكرده‌كانی ده‌ستی خۆیان كڕنۆشیان برد.
17
«تۆش بازووی خۆتی لێ هه‌ڵبكه‌! هه‌سته‌ و قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی من فه‌رمانت پێده‌ده‌م. لێیان مه‌تۆقه‌، نه‌وه‌ك له‌به‌رده‌میان بتتۆقێنم.
18
من ئه‌مڕۆ تۆم كردووه‌ته‌ شارێكی قه‌ڵابه‌ند و كۆڵه‌كه‌ی ئاسن و دیواری بڕۆنز، له‌ دژی هه‌موو خاكه‌كه‌، پاشاكانی یه‌هودا، پیاوه‌ گه‌وره‌كانی، كاهینه‌كانی و گه‌لی خاكه‌كه‌.
19
له‌ دژت ده‌جه‌نگن و ده‌ره‌قه‌تت نایێن، چونكه‌ من له‌گه‌ڵتدام بۆ ئه‌وه‌ی فریات بكه‌وم.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
  1. a. 1‏:12 له‌ زمانی عیبری ده‌نگی وشه‌ی چاودێر، \+tl شۆقێد\+tl*، نزیكه‌ له‌ ده‌نگی وشه‌ی داری باده‌م، \+tl شاقێد\+tl*.