عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- پەیامی یەرمیای کوڕی حیلقیا، یەکێک لە کاهینانی شارۆچکەی عەناتۆت لە خاکی بنیامین.
- 2
- فەرمایشتی یەزدانی بۆ دەهات، لە ساڵی سێزدەیەمینی پاشایەتی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا،
- 3
- هەروەها لە ماوەی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، هەتا مانگی پێنجی ساڵی یازدەیەمینی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتی ڕاپێچانەکەی خەڵکی ئۆرشەلیم.
- بانگکردنی یەرمیا
- 4
- فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
- 5
- «پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی،
 پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت،
 تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.»
- 6
- بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.»
- 7
- ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ: ”تەمەنم بچووکە.“ بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت.
- 8
- لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 9
- ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە.
- 10
- ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.»
- 11
- ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی یەرمیا، چی دەبینیت؟»
 منیش گوتم: «چڵە بادەمێک دەبینم.»
- 12
- یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکت بینی، چونکە من لەسەر فەرمایشتەکەم چاودێر[a]  دەبم بۆ ئەنجامدانی.»
- 13
- دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «چی دەبینیت؟»
 منیش گوتم: «مەنجەڵێک دەبینم هەڵمی لێ هەڵدەستێت و ڕووی بەرەو باشوورە.»
- 14
- یەزدانیش پێی فەرمووم: «لە باکوورەوە بەڵا بۆ هەموو دانیشتووانی خاکەکە دەبارێت.
- 15
- خەریکم بانگەواز دەکەم بۆ هەموو نەتەوەکانی شانشینەکانی باکوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
 «جا پاشاکانیان دێن و
 هەریەکە و تەختی خۆی لە داڵانی دەروازەی ئۆرشەلیم دادەنێت،
 هێرش دەبەن بۆ سەر هەموو شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیم و
 بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا.
- 16
- منیش حوکمەکانم بەسەریان ڕادەگەیەنم،
 لەسەر هەموو خراپەکانیان کە وازیان لێ هێنام و
 بۆ خوداکانی دیکە بخووریان سووتاند و
 بۆ دەستکردەکانی دەستی خۆیان کڕنۆشیان برد.
- 17
- «تۆش بازووی خۆتی لێ هەڵبکە! هەستە و قسەیان لەگەڵ بکە سەبارەت بە هەموو ئەوەی من فەرمانت پێدەدەم. لێیان مەتۆقە، نەوەک لەبەردەمیان بتتۆقێنم.
- 18
- من ئەمڕۆ تۆم کردووەتە شارێکی قەڵابەند و کۆڵەکەی ئاسن و دیواری بڕۆنز، لە دژی هەموو خاکەکە، پاشاکانی یەهودا، پیاوە گەورەکانی، کاهینەکانی و گەلی خاکەکە.
- 19
- لە دژت دەجەنگن و دەرەقەتت نایێن، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- a. 1:12 لە زمانی عیبری دەنگی وشەی چاودێر، \+tl شۆقێد\+tl*، نزیکە لە دەنگی وشەی داری بادەم، \+tl شاقێد\+tl*.

