عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دادوه‌ری و ڕزگاری 
1
«ئاماده‌ بووم وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌، به‌ڵام داوایان لێ نه‌كردم،
ئاماده‌ بووم بدۆزرێمه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی به‌دوامدا نه‌گه‌ڕان.
به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌ ناوی منه‌وه‌ نزا ناكه‌ن،
فه‌رمووم: ”ئه‌وه‌تام! ئه‌وه‌تام!“
2
به‌ درێژایی ڕۆژ ده‌ستم
بۆ گه‌لێكی كه‌لله‌ڕه‌ق ڕاگرت،
به‌ ڕێگایه‌كدا ده‌ڕۆن باش نییه‌
به‌دوای بیركردنه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ون.
3
گه‌لێك به‌رده‌وام
به‌ره‌و ڕووم په‌ستم ده‌كه‌ن،
یه‌كێك له‌ناو باخچه‌كان قوربانی سه‌رده‌بڕێت،
له‌سه‌ر قوربانگا خشته‌كان بخوور ده‌سووتێنێت،
4
ئه‌وه‌ی له‌نێو گۆڕه‌كان داده‌نیشێت،
له‌ گۆڕستانه‌كان شه‌و به‌سه‌رده‌بات،
گۆشتی به‌راز ده‌خوات و
له‌ناو قاپوقاچاغه‌كه‌ی گۆشتاوی گڵاو هه‌یه‌.
5
ده‌ڵێت: ”له‌ شوێنی خۆت ڕابوه‌سته‌، لێم نزیك مه‌كه‌وه‌،
چونكه‌ من له‌ تۆ پیرۆزترم!“
ئه‌وانه‌ دووكه‌ڵن له‌ لووتی مندا،
ئاگرێكن كه‌ به‌ درێژایی ڕۆژ داگیرساوه‌.
6
«ئه‌وه‌تا له‌به‌رده‌مم نووسراوه‌:
بێده‌نگ نابم، به‌ڵكو به‌ ته‌واوی پاداشت ده‌ده‌مه‌وه‌،
سزای خۆیان ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌ستیان،
7
له‌به‌ر تاوانه‌كانتان و تاوانی باوباپیرانتان پێكه‌وه‌،»
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت.
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر چیاكان قوربانییان سووتاند و
له‌سه‌ر گرده‌كان سووكایه‌تییان به‌ من كرد،
كرده‌وه‌كانی پێشوویان ده‌پێومه‌وه‌ و
سزای خۆیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنم.»
8
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هێشوودا شه‌رابی نوێ هه‌یه‌،
جا ده‌گوترێت: ”مه‌یفه‌وتێنه‌،
چونكه‌ خێروبێری تێدایه‌،“
ئاوا ده‌كه‌م له‌ پێناوی به‌نده‌كانم
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان نه‌فه‌وتێنم.
9
به‌ڵكو له‌ یاقوبه‌وه‌ نه‌وه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌م،
له‌ یه‌هوداشه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ میراتگری چیاكانم.
جا چیاكان ده‌بن به‌ میراتی هه‌ڵبژێردراوانم و
به‌نده‌كانم له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن.
10
جا شارۆن ده‌بێت به‌ له‌وه‌ڕگای مێگه‌ل و
دۆڵی عاخۆریش[a] به‌ مۆڵگای مانگا،
بۆ گه‌له‌كه‌م كه‌ داوای منیان كردووه‌.
11
«به‌ڵام ئێوه‌ كه‌ وازتان له‌ یه‌زدان هێناوه‌ و
كێوی پیرۆزی منتان له‌یاد كردووه‌،
خوانتان بۆ بتێك به‌ ناوی ”گه‌د“ خوداوه‌ندی به‌خت ئاماده‌ كردووه‌ و
بۆ ”مه‌نی“ خوداوه‌ندی چاره‌نووس شه‌رابی تێكه‌ڵاوتان پڕكردووه‌،
12
چاره‌نووستان ده‌خه‌مه‌ به‌ر شمشێر و
هه‌موو بۆ سه‌ربڕین به‌ چۆكدا دێن،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بانگم كرد و وه‌ڵامتان نه‌دایه‌وه‌،
قسه‌م كرد و گوێتان نه‌گرت
به‌ڵكو له‌به‌رچاوم خراپه‌كاریتان كرد،
ئه‌وه‌ی من پێم ناخۆش بوو هه‌ڵتانبژارد.»
13
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌وه‌تا به‌نده‌كانم ده‌خۆن،
به‌ڵام ئێوه‌ برسی ده‌بن،
ئه‌وه‌تا به‌نده‌كانم ده‌خۆنه‌وه‌،
به‌ڵام ئێوه‌ تینوو ده‌بن،
ئه‌وه‌تا به‌نده‌كانم دڵخۆش ده‌بن،
به‌ڵام ئێوه‌ شه‌رمه‌زار ده‌بن.
14
ئه‌وه‌تا له‌ دڵخۆشیدا
به‌نده‌كانم گۆرانی ده‌ڵێن،
به‌ڵام ئێوه‌ له‌ دڵته‌نگیدا ده‌قیژێنن و
له‌به‌ر دڵشكاندن شین ده‌گێڕن.
15
له‌ داهاتوودا هه‌ڵبژێردراوانم ناوتان
وه‌ك نه‌فره‌ت به‌كارده‌هێنن و
یه‌زدانی باڵاده‌ست ده‌تانكوژێت،
به‌ڵام ناوێكی دیكه‌ له‌ خزمه‌تكاره‌كانی خۆی ده‌نێت.
16
ئه‌وه‌ی له‌ خاكه‌كه‌دا بۆ خۆی داوای به‌ره‌كه‌ت بكات،
به‌ خودای ڕاسته‌قینه‌وه‌ داوای به‌ره‌كه‌ت ده‌كات و
ئه‌وه‌ی له‌ خاكه‌كه‌دا سوێند بخوات
به‌ خودای ڕاسته‌قینه‌ سوێند ده‌خوات،
چونكه‌ ته‌نگانه‌كانی پێشوو له‌بیر چوون و
له‌به‌رچاوم شاردرانه‌وه‌.
ئاسمانی نوێ و زه‌وی نوێ 
17
«بڕوانن، من له‌ داهاتوودا ئاسمانی نوێ و
زه‌وی نوێ به‌دی ده‌هێنم و
ئه‌وانه‌ی پێشوو نه‌ باس ده‌كرێن و
نه‌ به‌ مێشكدا دێنه‌وه‌.
18
به‌ڵكو ئێوه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ دڵخۆش و شاد بن
له‌وه‌ی من به‌دی ده‌هێنم،
چونكه‌ ئه‌وه‌تا من ئۆرشه‌لیمی شاد به‌دی ده‌هێنم و
دانیشتووانه‌كه‌ی دڵخۆش ده‌بن.
19
به‌ ئۆرشه‌لیم دڵخۆش ده‌بم و
به‌ گه‌لی خۆم شاد ده‌بم،
چیتر له‌ناویدا ده‌نگی گریان و هاوار نابیسترێت.
20
«چیتر له‌وێ نه‌ كۆرپه‌ی تازه‌ له‌دایكبوو ده‌مرێت و
نه‌ پیری له‌ ته‌مه‌ن تێر نه‌خواردوو،
چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ته‌مه‌نی سه‌د ساڵی بمرێت گه‌نجه‌ و
ئه‌وه‌ی نه‌گات به‌ ته‌مه‌نی سه‌د ساڵی نه‌فره‌ت لێكراوه‌.
21
خانوو بنیاد ده‌نێن و نیشته‌جێ ده‌بن،
ڕه‌ز ده‌ڕوێنن و له‌ به‌ره‌كه‌ی ده‌خۆن.
22
خانوو بنیاد نانێن و یه‌كێكی دیكه‌ تێیدا دانیشێت،
ڕه‌ز ناڕوێنن و یه‌كێكی دیكه‌ بیخوات،
چونكه‌ ڕۆژانی گه‌له‌كه‌م
وه‌ك ڕۆژانی دار[b] ده‌بێت و
هه‌ڵبژێردراوانم خۆشی ده‌بینن
له‌ كرداره‌كانی ده‌ستیان.
23
به‌خۆڕایی ماندوو نابن و
بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت،
چونكه‌ ئه‌وان نه‌وه‌ی به‌ره‌كه‌تپێدراوی یه‌زدانن و
وه‌چه‌كانیان له‌گه‌ڵیاندان.
24
جا به‌ر له‌وه‌ی نزا بكه‌ن من وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌ و
هێشتا ئه‌وان قسه‌ ده‌كه‌ن من گوێم لێیان ده‌بێت.
25
گورگ و به‌رخ پێكه‌وه‌ ده‌له‌وه‌ڕێن،
شێریش وه‌ك مانگا گیا ده‌خوات،
به‌ڵام نانی مار خۆڵه‌.
له‌ هه‌موو كێوی پیرۆزم
نه‌ زیان ده‌به‌خشن و نه‌ ده‌فه‌وتێنن،»
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت.
  1. a. 65‏:10 \+tl عاخۆر\+tl* وشه‌یه‌كی عیبرییه‌ به‌ واتای تێكدان. بڕوانه‌ \+xt یه‌شوع 7‏:24‏\+xt*‏.
  2. b. 65‏:22 مه‌به‌ست له‌و دارانه‌یه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان زۆر درێژه‌.