عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
خۆزگه‌ ئاسمانت شه‌ق ده‌كرد و ده‌هاتیته‌ خواره‌وه‌،
چیاكان له‌به‌رده‌مت ده‌له‌رزین!
2
وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگر گڕ به‌رده‌داته‌ پوشوپه‌ڵاش و
ئاگر وا ده‌كات ئاو بكوڵێت،
وه‌ره‌ خواره‌وه‌، با دوژمنانت ناوت بزانن،
با نه‌ته‌وه‌كان له‌به‌رده‌متدا بله‌رزن.
3
كاتێك ترسناكه‌كانت دروستكرد چاوه‌ڕێمان نه‌كرد،
دابه‌زیت و چیاكان له‌به‌رده‌متدا له‌رزین.
4
له‌ كۆنه‌وه‌ نه‌ گوێیان لێ بووه‌ و
نه‌ بیستوویانه‌،
هیچ چاوێك خودایه‌كی جگه‌ له‌ تۆ نه‌بینیوه‌،
ئه‌وه‌ بكات بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كات.
5
تۆ دێیت بۆ یارمه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ كاری ڕاستودروستی ده‌كه‌ن،
ئه‌وانه‌ی بیر له‌ ڕێگاكانت ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌تا په‌یڕه‌وی بكه‌ن.
به‌ڵام كاتێك ئێمه‌ به‌ به‌رده‌وامی گوناهمان له‌ دژی ئه‌وان كرد،
تۆ تووڕه‌ بوویت.
ئیتر چۆن ڕزگار ده‌بین؟
6
هه‌موو وه‌ك شتی گڵاومان لێ هات،
هه‌موو كاری ڕاستودروستیمان وه‌ك په‌ڕۆی پیسی مانگانه‌ی ئافره‌ت بوو.
هه‌موو وه‌ك گه‌ڵا سیس بووین،
تاوانه‌كانمان وه‌ك با هه‌ڵمانده‌گرێت.
7
كه‌س نییه‌ به‌ ناوی تۆوه‌ نزا بكات
یان وریابێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی به‌ تۆوه‌ بگرێت،
چونكه‌ ڕووی خۆتت لێمان شارده‌وه‌ و
به‌ ده‌ست تاوانه‌كانمان ئێمه‌ت توانده‌وه‌.
8
به‌ڵام ئه‌ی یه‌زدان، تۆ باوكی ئێمه‌یت،
ئێمه‌ قوڕین و تۆ گۆزه‌كه‌ری ئێمه‌یت و
ئێمه‌ هه‌موو ده‌ستكردی تۆین.
9
ئه‌ی یه‌زدان، ته‌واو تووڕه‌ مه‌به‌ و
هه‌تا كۆتایی تاوانمان به‌بیر خۆت مه‌هێنه‌ره‌وه‌،
تكایه‌، ته‌ماشامان بكه‌!
ئێمه‌ هه‌موو گه‌لی تۆین.
10
شاره‌ پیرۆزه‌كانت بوون به‌ چۆڵه‌وانی،
سییۆن بوو به‌ چۆڵه‌وانی و ئۆرشه‌لیم وێران بوو.
11
په‌رستگای پیرۆزی و شانازیمان، كه‌ له‌وێ باوباپیرانمان ستایشی تۆیان كرد،
به‌ ئاگر سووتێنراوه‌ و
هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ بۆ ئێمه‌ گه‌نجینه‌ بوون، به‌ كه‌لاوه‌ بوون.
12
ئه‌ی یه‌زدان، ئایا له‌دوای هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ یارمه‌تیدان خۆت به‌ دوور ده‌گریت؟
ئایا بێده‌نگ ده‌بیت و به‌ ته‌واوی سزامان ده‌ده‌یت؟