عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - شکۆمەندی سییۆن
- 1
- «ئەی ئۆرشەلیم هەستە! پڕشنگ بدەوە، چونکە ڕووناکییت هات،
 شکۆمەندی یەزدانیش بەسەرتدا گزنگی داوە.
- 2
- ئەوەتا تاریکی زەوی داپۆشیوە و
 هەوری تاریش نەتەوەکان.
 بەڵام یەزدان بەسەر تۆدا گزنگ دەدات،
 شکۆمەندییەکەشی بەسەرتەوە دەبینرێت.
- 3
- نەتەوەکان بەرەو ڕووناکی تۆ دێن،
 پاشاکانیش بەرەو گزنگی ڕووناکییت.
- 4
- «چاو هەڵبڕە بۆ دەوروبەری خۆت و تەماشا بکە!
 هەموو کۆبوونەوە و بۆ لای تۆ هاتن،
 کوڕەکانت لە دوورەوە دێن و
 کچەکانیشت لە ئامێز دەگرن.
- 5
- ئینجا تەماشا دەکەیت و ڕووناکییت لێ دەبارێت،
 لە خۆشیدا دڵت دادەخورپێت،
 چونکە سامانی دەریا بۆ تۆ دەگوازرێتەوە،
 دەوڵەمەندی نەتەوەکان بۆ لای تۆ دێت.
- 6
- ڕەوە وشتر زەویت دادەپۆشێت،
 وشترەکانی میدیان و عێفا.
 هەموو لە شەباوە دێن،
 زێڕ و بخووریان بارکردووە،
 ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنن.
- 7
- هەموو مەڕی قێدار بۆ تۆ کۆدەکرێتەوە،
 بەرانەکانی نەبایۆت لەژێر دەستتدان،
 بە پەسەندییەوە سەردەخرێنە سەر قوربانگاکەم و
 پەرستگای شکۆمەندیم شکۆمەند دەکەم.
- 8
- «ئەوانە کێن وەک هەور دەفڕن و
 وەک کۆتر بەرەو ماڵەکانیان؟
- 9
- بێگومان دوورگەکان چاوەڕوانی منن،
 هەروەها کەشتییەکانی تەرشیش لەپێشەوەن
 بۆ هێنانی کوڕەکانت لە دوورەوە،
 زێڕ و زیوەکانیشیان لەگەڵیاندایە
 بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارت،
 خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل
 کە شکۆداری کردیت.
- 10
- «نەوەی بێگانە شووراکانت بنیاد دەنێنەوە،
 پاشاکانیان خزمەتت دەکەن.
 هەرچەندە لە کاتی تووڕەییمدا لێم دایت،
 بەڵام لە کاتی ڕەزامەندیمدا بەزەییم پێتدا دێتەوە.
- 11
- دەروازەکانت هەمیشە واڵا دەبن،
 شەو و ڕۆژ داناخرێن
 بۆ هێنانی سامانی نەتەوەکان بۆت و
 پاشاکانیشیان بە پێش دەدرێن،
- 12
- چونکە ئەو نەتەوە و شانشینەی خزمەتت نەکات لەناودەچێت و
 بە تەواوی وێران دەبێت.
- 13
- «شانازی لوبنان بۆ تۆ دێت،
 داری سنەوبەر، کاژ و سەروو پێکەوە،
 بۆ ڕازاندنەوەی جێی پیرۆزگاکەم و
 شوێنی پێیەکانم شکۆدار دەکەم.
- 14
- کوڕی ئەوانەی تۆیان زەلیل کرد بە کڕنۆشەوە دێن بۆ لات،
 هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکردیت کڕنۆش بۆ بنی پێت دەبەن و
 پێت دەڵێن: شاری یەزدان،
 سییۆنی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
- 15
- «لە جێی ئەوەی بەجێماو و ڕق لێبوو و
 بێ ڕێبوار بیت،
 دەتکەمە شانازی هەتاهەتایی،
 شادی نەوە دوای نەوە.
- 16
- لە شیری نەتەوەکان دەخۆیت،
 لە مەمکی شاهانە شیر دەخۆیت.
 جا دەزانیت کە منی یەزدان، ڕزگارکەری تۆم،
 ئەوەی تۆ دەکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.
- 17
- لە جیاتی بڕۆنز زێڕ و
 لە جیاتی ئاسنیش زیو دەهێنم،
 لە جیاتی داریش بڕۆنز و
 لە جیاتی بەردیش ئاسن دەهێنم.
 سەلامەتی دەکەمە سەرپەرشتیارت و
 ڕاستودروستی دەکەمە سەرکارت.
- 18
- ئیتر نە ستەم لە خاکەکەتدا دەبیسترێت
 نە وێرانی و شکانیش لە سنوورەکانت،
 بەڵکو شووراکانت ناو لێ دەنێیت: ”ڕزگاری“ و
 دەروازەکانیشت ”ستایش“.
- 19
- ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ،
 درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ،
 بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،
 خوداشت دەبێتە شکۆمەندیت.
- 20
- لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت،
 مانگی تۆ کەم ناکات،
 چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،
 ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت.
- 21
- لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن،
 زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت.
 ئەوەی من ناشتوومن نەمامن،
 دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم.
- 22
- بچووک دەبێت بە هەزار و
 بچووکترین بە نەتەوەیەکی مەزن.
 من یەزدانم،
 لە کاتی خۆیدا پەلەی لێ دەکەم.»

