عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شكۆمه‌ندی سییۆن 
1
«ئه‌ی ئۆرشه‌لیم هه‌سته‌! پڕشنگ بده‌وه‌، چونكه‌ ڕووناكییت هات،
شكۆمه‌ندی یه‌زدانیش به‌سه‌رتدا گزنگی داوه‌.
2
ئه‌وه‌تا تاریكی زه‌وی داپۆشیوه‌ و
هه‌وری تاریش نه‌ته‌وه‌كان.
به‌ڵام یه‌زدان به‌سه‌ر تۆدا گزنگ ده‌دات،
شكۆمه‌ندییه‌كه‌شی به‌سه‌رته‌وه‌ ده‌بینرێت.
3
نه‌ته‌وه‌كان به‌ره‌و ڕووناكی تۆ دێن،
پاشاكانیش به‌ره‌و گزنگی ڕووناكییت.
4
«چاو هه‌ڵبڕه‌ بۆ ده‌وروبه‌ری خۆت و ته‌ماشا بكه‌!
هه‌موو كۆبوونه‌وه‌ و بۆ لای تۆ هاتن،
كوڕه‌كانت له‌ دووره‌وه‌ دێن و
كچه‌كانیشت له‌ ئامێز ده‌گرن.
5
ئینجا ته‌ماشا ده‌كه‌یت و ڕووناكییت لێ ده‌بارێت،
له‌ خۆشیدا دڵت داده‌خورپێت،
چونكه‌ سامانی ده‌ریا بۆ تۆ ده‌گوازرێته‌وه‌،
ده‌وڵه‌مه‌ندی نه‌ته‌وه‌كان بۆ لای تۆ دێت.
6
ڕه‌وه‌ وشتر زه‌ویت داده‌پۆشێت،
وشتره‌كانی میدیان و عێفا.
هه‌موو له‌ شه‌باوه‌ دێن،
زێڕ و بخووریان باركردووه‌،
ستایشی یه‌زدان ڕاده‌گه‌یه‌نن.
7
هه‌موو مه‌ڕی قێدار بۆ تۆ كۆده‌كرێته‌وه‌،
به‌رانه‌كانی نه‌بایۆت له‌ژێر ده‌ستتدان،
به‌ په‌سه‌ندییه‌وه‌ سه‌رده‌خرێنه‌ سه‌ر قوربانگاكه‌م و
په‌رستگای شكۆمه‌ندیم شكۆمه‌ند ده‌كه‌م.
8
«ئه‌وانه‌ كێن وه‌ك هه‌ور ده‌فڕن و
وه‌ك كۆتر به‌ره‌و ماڵه‌كانیان؟
9
بێگومان دوورگه‌كان چاوه‌ڕوانی منن،
هه‌روه‌ها كه‌شتییه‌كانی ته‌رشیش له‌پێشه‌وه‌ن
بۆ هێنانی كوڕه‌كانت له‌ دووره‌وه‌،
زێڕ و زیوه‌كانیشیان له‌گه‌ڵیاندایه‌
بۆ ناوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت،
خودا پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل
كه‌ شكۆداری كردیت.
10
«نه‌وه‌ی بێگانه‌ شووراكانت بنیاد ده‌نێنه‌وه‌،
پاشاكانیان خزمه‌تت ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده‌ له‌ كاتی تووڕه‌ییمدا لێم دایت،
به‌ڵام له‌ كاتی ڕه‌زامه‌ندیمدا به‌زه‌ییم پێتدا هاته‌وه‌.
11
ده‌روازه‌كانت هه‌میشه‌ واڵا ده‌بن،
شه‌و و ڕۆژ داناخرێن
بۆ هێنانی سامانی نه‌ته‌وه‌كان بۆت و
پاشاكانیشیان به‌ پێش ده‌درێن.
12
چونكه‌ ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و شانشینه‌ی خزمه‌تت نه‌كات له‌ناوده‌چێت و
به‌ ته‌واوی وێران ده‌بێت.
13
«شانازی لوبنان بۆ تۆ دێت،
داری سنه‌وبه‌ر، كاژ و سه‌روو پێكه‌وه‌،
بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی جێی پیرۆزگاكه‌م و
شوێنی پێیه‌كانم شكۆدار ده‌كه‌م.
14
كوڕی ئه‌وانه‌ی تۆیان زه‌لیل كرد به‌ كڕنۆشه‌وه‌ دێن بۆ لات،
هه‌موو ئه‌وانه‌ی سووكایه‌تییان پێ ده‌كردیت كڕنۆش بۆ بنی پێت ده‌به‌ن و
پێت ده‌ڵێن: شاری یه‌زدان،
سییۆنی خودا پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل.
15
«له‌ جێی ئه‌وه‌ی به‌جێماو و ڕق لێبوو و
بێ ڕێبوار بیت،
ده‌تكه‌مه‌ شانازی هه‌تاهه‌تایی،
شادی نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌.
16
گه‌نجینه‌ی نه‌ته‌وه‌كان ده‌به‌ن و
سامانی شاهانه‌ ده‌گرن.
جا ده‌زانیت كه‌ منی یه‌زدان، ڕزگاركه‌ری تۆم،
ئه‌وه‌ی تۆ ده‌كڕێته‌وه‌ تواناداره‌كه‌ی یاقوبه‌.
17
له‌ جیاتی بڕۆنز زێڕ و
له‌ جیاتی ئاسنیش زیو ده‌هێنم،
له‌ جیاتی داریش بڕۆنز و
له‌ جیاتی به‌ردیش ئاسن ده‌هێنم.
سه‌لامه‌تی ده‌كه‌مه‌ سه‌رپه‌رشتیارت و
ڕاستودروستی ده‌كه‌مه‌ سه‌ركارت.
18
ئیتر نه‌ سته‌م له‌ خاكه‌كه‌تدا ده‌بیسترێت
نه‌ وێرانی و شكانیش له‌ سنووره‌كانت،
به‌ڵكو شووراكانت ناو لێ ده‌نێیت: ”ڕزگاری“ و
ده‌روازه‌كانیشت ”ستایش“.
19
ئیتر خۆر بۆت نابێته‌ ڕووناكی ڕۆژ،
دره‌وشانه‌وه‌ی مانگیش نابێته‌ سه‌رچاوه‌ی ڕووناكی تۆ،
به‌ڵكو یه‌زدان بۆت ده‌بێت به‌ ڕووناكی هه‌تاهه‌تایی،
خوداشت بۆ شكۆمه‌ندیت.
20
له‌مه‌ودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت،
مانگی تۆ كه‌م ناكات،
چونكه‌ یه‌زدان بۆت ده‌بێت به‌ ڕووناكی هه‌تاهه‌تایی،
ڕۆژانی ماته‌مینیت ته‌واو ده‌بێت.
21
له‌و كاته‌دا گه‌له‌كه‌ت هه‌مووی ڕاستودروست ده‌بن،
زه‌ویش بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ موڵكی خۆیان ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی من ناشتوومن نه‌مامن،
ده‌ستكردی منن بۆ شكۆمه‌ندبوونم.
22
بچووك ده‌بێت به‌ هه‌زار و
بچووكترین به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زن.
من یه‌زدانم،
له‌ كاتی خۆیدا په‌له‌ی پێ ده‌كه‌م.»