عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گوناه، دانپێدانان و كڕینه‌وه‌ 
1
بێگومان یه‌زدان بێ ده‌سه‌ڵات نییه‌ بۆ ڕزگاركردن،
گوێشی گران نییه‌ بۆ بیستن،
2
به‌ڵكو تاوانه‌كانتان بوون به‌ به‌ربه‌ست
له‌نێوان ئێوه‌ و خوداتان،
گوناهه‌كانتان به‌م جۆره‌ی كرد ڕووی خودای لێ شاردنه‌وه‌
تاكو گوێتان لێ نه‌گرێت.
3
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌پی ده‌ستتان به‌ خوێن گڵاو بوو و
په‌نجه‌كانیشتان به‌ تاوان،
لێوه‌كانتان به‌ درۆ دوان و
زمانیشتان ناڕه‌وایی ده‌گوته‌وه‌.
4
كه‌س نییه‌ به‌ ڕاستودروستی بچێته‌ دادگا و
كه‌س نییه‌ به‌ ڕاستگۆیی سكاڵا بكات.
پشت به‌ شتی پووچ ده‌به‌ستن و به‌ درۆ ده‌دوێن.
به‌ ئاژاوه‌ دووگیان ده‌بن و خراپه‌یان لێ ده‌بێت.
5
هێلكه‌ی ماریان هه‌ڵهێنا،
تۆڕی جاڵجاڵۆكه‌ ده‌چنن.
ئه‌وه‌ی هێلكه‌یان ده‌خوات ده‌مرێت،
ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌شكێن مار هه‌ڵدێنن.
6
ته‌ونه‌كانیان نابێته‌ به‌رگ و
خۆیان به‌ كرداره‌كانیان ناپۆشن،
كرداره‌كانیان كرداری خراپه‌ن و
كرده‌وه‌ی ده‌ستیان سته‌مه‌.
7
پێیه‌كانیان به‌ره‌و خراپه‌ ڕاده‌كه‌ن،
په‌له‌ ده‌كه‌ن بۆ ڕشتنی خوێنی بێتاوان.
بیركردنه‌وه‌یان بیركردنه‌وه‌ی خراپه‌یه‌،
وێرانی و تێكشكاندن له‌ ڕێگاكانیان هه‌یه‌.
8
ڕێگای ئاشتی پێنازانن،
دادپه‌روه‌ری نییه‌ له‌ ڕێچكه‌كانیان.
ڕێڕه‌وه‌كانی خۆیان خوار كرد،
هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی پێیدا ده‌ڕۆن ئاشتی نازانن.
9
له‌به‌ر ئه‌مه‌ دادپه‌روه‌ری لێمان دووركه‌وته‌وه‌ و
ڕاستودروستی پێمان ناگات.
چاوه‌ڕێی ڕووناكی ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌تا تاریكی دێت،
به‌ هیواین ڕۆشنایی بێت،
به‌ڵام به‌ تاریكی ئه‌نگوسته‌چاودا ده‌ڕۆین.
10
وه‌ك كوێر ده‌ست له‌ دیوار ده‌ده‌ین،
وه‌ك یه‌كێك دوو چاوی نه‌بێت ده‌ست ده‌كوتین.
له‌ نیوه‌ڕۆدا هه‌روه‌ك كاتی تاریك و ڕوونی په‌ل ده‌كوتین،
له‌نێو چالاكه‌كان وه‌ك مردوو واین.
11
هه‌موومان وه‌ك ورچ ده‌باڕێنین،
وه‌ك كۆتر ده‌گمێنین،
چاوه‌ڕێی دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ین و نییه‌،
به‌ هیوای ڕزگارین،
به‌ڵام لێمان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌.
12
بێگومان یاخیبوونه‌كانمان له‌ به‌رامبه‌ر تۆدا زۆر بوون،
گوناهه‌كانمان شایه‌تیمان له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.
یاخیبوونه‌كانمان پێمانه‌وه‌ لكاون،
دان به‌ تاوانه‌كانی خۆماندا ده‌نێین:
13
یاخیبوون و ناپاكی له‌ دژی یه‌زدان،
لادان له‌ ڕێگای خودای خۆمان،
هاندان بۆ سته‌م و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌،
دروستكردنی درۆ له‌ دڵه‌وه‌ و به‌ ساخته‌ قسه‌كردن.
14
دادپه‌روه‌ری هه‌ڵده‌درێته‌ دواوه‌ و
ڕاستودروستی پشتگوێ ده‌خرێت.
ڕاستی له‌ گۆڕه‌پانی شاردا كه‌وتوو و
ڕاستگۆیی ڕێگا نادرێت بێته‌ ژووره‌وه‌.
15
ڕاستی ون بووه‌ و
ئه‌وه‌ی له‌ خراپه‌ لاده‌دات ده‌بێت به‌ نێچیر.
یه‌زدان بینی و له‌به‌رچاوی خراپ بوو
كه‌ دادپه‌روه‌ری نه‌بوو.
16
بینی كه‌س نه‌بوو،
سه‌رسام بوو كه‌ ناوبژیوان نه‌بوو.
به‌ هێزی بازووی خۆی ڕزگاری كردین،
ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی كرد.
17
ڕاستودروستی وه‌ك سپه‌ر[a] له‌به‌ركرد و
كڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش له‌سه‌ری،
به‌رگی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی له‌به‌ركرد،
دڵگه‌رمیشی وه‌ك كه‌وا له‌ خۆی پێچا.
18
به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌كان له‌ ناحه‌زانی تووڕه‌ ده‌بێت،
سزای ڕه‌وای دوژمنانی ده‌دات،
به‌ ته‌واوی سزای دوورگه‌كانیش ده‌دات.
19
خه‌ڵكی ڕۆژئاوا له‌ ناوی یه‌زدان ده‌ترسن،
خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات له‌ شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی،
چونكه‌ یه‌زدان وه‌ك لافاو دێت،
به‌ هه‌ناسه‌ی خۆی پاڵی پێوه‌ ده‌نێت.
20
«ئه‌وه‌ی ده‌مانكڕێته‌وه‌ دێت بۆ سییۆن،
بۆ لای ئه‌وانه‌ی نه‌وه‌ی یاقوب كه‌ له‌ گوناهه‌كانیان تۆبه‌یان كرد.»
ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
21
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئه‌مه‌ش په‌یمانی منه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان: ڕۆحم له‌گه‌ڵتدایه‌ و وته‌كانی خۆمم خستووه‌ته‌ ده‌می تۆوه‌، نه‌ له‌ ده‌می خۆت و نه‌ له‌ ده‌می نه‌وه‌ت و نه‌ له‌ ده‌می نه‌وه‌ی دوای نه‌وه‌ت نابڕێنه‌وه‌، له‌ ئێستاوه‌ و هه‌تاهه‌تایه‌،»
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت.
  1. a. 59‏:17 جلێكی ئاسنینه‌ بۆ پاراستنی سنگی سه‌رباز له‌ كاتی جه‌نگدا. بڕوانه‌ \+xt ئه‌فه‌سۆس 6‏:14‏\+xt*‏.