عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - گوناه، دانپێدانان و کڕینەوە
 - 1
 - بێگومان یەزدان بێ دەسەڵات نییە بۆ ڕزگارکردن،
گوێشی گران نییە بۆ بیستن، - 2
 - بەڵکو تاوانەکانتان بوون بە بەربەست
لەنێوان ئێوە و خوداتان،
گوناهەکانتان بەم جۆرەی کرد ڕووی خودای لێ شاردنەوە
تاکو گوێتان لێ نەگرێت. - 3
 - لەبەر ئەوەی لەپی دەستتان بە خوێن گڵاو بوو و
پەنجەکانیشتان بە تاوان،
لێوەکانتان بە درۆ دوان و
زمانیشتان ناڕەوایی دەگوتەوە. - 4
 - کەس نییە بە ڕاستودروستی بچێتە دادگا و
کەس نییە بە ڕاستگۆیی سکاڵا بکات.
پشت بە شتی پووچ دەبەستن و بە درۆ دەدوێن.
بە ئاژاوە دووگیان دەبن و خراپەیان لێ دەبێت. - 5
 - هێلکەی ماریان هەڵهێنا،
تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەچنن.
ئەوەی هێلکەیان دەخوات دەمرێت،
ئەوانەش کە دەشکێن مار هەڵدێنن. - 6
 - تەونەکانیان نابێتە بەرگ و
خۆیان بە کردارەکانیان ناپۆشن،
کردارەکانیان کرداری خراپەن و
کردەوەی دەستیان ستەمە. - 7
 - پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن،
پەلە دەکەن بۆ ڕشتنی خوێنی بێتاوان.
بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەی خراپەیە،
وێرانی و تێکشکاندن لە ڕێگاکانیان هەیە. - 8
 - ڕێگای ئاشتی پێنازانن،
دادپەروەری نییە لە ڕێچکەکانیان.
ڕێڕەوەکانی خۆیان خوار کرد،
هەموو ئەو کەسانەی پێیدا دەڕۆن ئاشتی نازانن. - 9
 - لەبەر ئەمە دادپەروەری لێمان دوور کەوتەوە و
ڕاستودروستی پێمان ناگات.
چاوەڕێی ڕووناکی دەکەین و ئەوەتا تاریکی دێت،
بە هیواین ڕۆشنایی بێت،
بەڵام بە تاریکی ئەنگوستەچاودا دەڕۆین. - 10
 - وەک کوێر دەست لە دیوار دەدەین،
وەک یەکێک دوو چاوی نەبێت دەست دەکوتین.
لە نیوەڕۆدا هەروەک کاتی تاریک و ڕوونی پەل دەکوتین،
لەنێو چالاکەکان وەک مردوو واین. - 11
 - هەموومان وەک ورچ دەبۆڕێنین،
وەک کۆتر دەگمێنین،
چاوەڕێی دادپەروەری دەکەین و نییە،
بە هیوای ڕزگارین،
بەڵام لێمان دوور دەکەوێتەوە. - 12
 - بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون،
گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن.
یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون،
دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین: - 13
 - یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان،
لادان لە ڕێگای خودای خۆمان،
هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە،
دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن. - 14
 - دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و
ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت.
ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتووە و
ڕێگا نادرێت ڕاستگۆیی بێتە ژوورەوە. - 15
 - ڕاستی ون بووە و
ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر.
یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو
کە دادپەروەری نەبوو. - 16
 - بینی کەس نەبوو،
سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو.
بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین،
ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد. - 17
 - ڕاستودروستی وەک زرێ[a]  لەبەرکرد و
کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری،
بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد،
دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا. - 18
 - بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت،
سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات،
بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات. - 19
 - خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن،
خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی،
چونکە یەزدان وەک لافاو دێت،
بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت. - 20
 - «ئەوەی دەمانکڕێتەوە دێت بۆ سییۆن،
بۆ لای ئەوانە لە نەوەی یاقوب کە لە گوناهەکانیان تۆبەیان کرد.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانە. - 21
 - یەزدان دەفەرموێت: «ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان: ڕۆحم لەگەڵتدایە و وتەکانی خۆمم خستووەتە دەمی تۆوە، نە لە دەمی خۆت و نە لە دەمی نەوەت و نە لە دەمی نەوەی دوای نەوەت نابڕێنەوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە،»
یەزدان دەفەرموێت. 
- a. 59:17 جلێکی ئاسنینە بۆ پاراستنی سنگی سەرباز لە کاتی جەنگدا. بڕوانە ئەفەسۆس 6:14.
 

