عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دانانی ئیشایا له‌سه‌ر ئه‌رك 
1
له‌ ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، په‌روه‌ردگارم بینی له‌سه‌ر ته‌ختێكی به‌رز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی په‌رستگاكه‌ی پڕكردبوو.
2
سه‌رافیمه‌كان[a] له‌به‌رده‌ستی بوون، هه‌ریه‌كه‌ شه‌ش باڵیان هه‌بوو، به‌ دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، به‌ دووانی دیكه‌یان پێیه‌كانی داپۆشی بوو، به‌ دووانیش ده‌فڕی.
3
ئه‌میان بانگی ئه‌وه‌ی دیكه‌ی كرد و گوتی:
«یه‌زدانی سوپاسالار پیرۆزه‌، پیرۆزه‌، پیرۆزه‌!
شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی هه‌موو زه‌ویی پڕكردووه‌.»
4
چوارچێوه‌ و سه‌كۆی ده‌روازه‌كان له‌ ده‌نگی بانگده‌ر له‌رینه‌وه‌ و په‌رستگاكه‌ پڕبوو له‌ دووكه‌ڵ.
5
گوتم: «قوڕبه‌سه‌رم، فه‌وتام! چونكه‌ من كابرایه‌كی لێو گڵاوم و له‌نێو گه‌لێكی لێو گڵاودا نیشته‌جێم و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاوه‌كانم پاشا یه‌زدانی سوپاسالاریان بینی.»
6
ئینجا یه‌كێك له‌ سه‌رافیمه‌كان بۆ لای من فڕی و پشكۆیه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو به‌ مه‌قاش له‌سه‌ر قوربانگاكه‌وه‌ هه‌ڵیگرت و
7
له‌ ده‌می منی سووی و گوتی: «ئه‌وه‌تا ئه‌مه‌ له‌ لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت كه‌فاره‌تی بۆ كرا.»
8
ئینجا گوێم له‌ ده‌نگی په‌روه‌ردگار بوو، ده‌یفه‌رموو: «كێ بنێرم و كێ بۆمان ده‌ڕوات؟»
منیش گوتم: «ئه‌وه‌تام، من بنێره‌.»
9
ئه‌ویش فه‌رمووی: «بڕۆ و به‌م گه‌له‌ بڵێ:
«”هه‌میشه‌ ببیستن به‌ڵام تێمه‌گه‌ن،
هه‌میشه‌ سه‌یر بكه‌ن، به‌ڵام مه‌بینن.“
10
دڵی ئه‌م گه‌له‌ ڕه‌ق بكه‌،
گوێی گران بكه‌ و
چاوی بنوقێنه‌،
نه‌وه‌ك به‌ چاوی ببینێت و
به‌ گوێی ببیستێت،
به‌ دڵی تێبگات و
بگه‌ڕێته‌وه‌ و چاك ببێته‌وه‌.»
11
منیش گوتم: «ئه‌ی په‌روه‌ردگار، هه‌تا كه‌ی؟»
ئه‌ویش فه‌رمووی:
«هه‌تا شاره‌كان ده‌بن به‌ وێرانه‌ی
بێ ئاوه‌دانی و
ماڵه‌كانیش بێ خه‌ڵك و
كێڵگه‌كانیش وێران و چۆڵه‌وانی،
12
با وای لێ بێت یه‌زدانیش مرۆڤ دووربخاته‌وه‌ و
شوێنی به‌جێهێڵراو له‌ناو خاكه‌كه‌ زۆر ده‌بێت.
13
ئه‌گه‌ر ده‌یه‌كی تێدا مایه‌وه‌،
جارێكی دیكه‌ بۆ سووتان ده‌بێت.
به‌ڵام وه‌ك داره‌به‌ن و دار به‌ڕوو،
كه‌ كاتێك ده‌بڕێنه‌وه‌ بنه‌داره‌كه‌یان هه‌ر ده‌مێنێت،
پاشماوه‌ی ئه‌و گه‌له‌ش وه‌ك بنه‌دارێكه‌ و زیندوو ده‌بێته‌وه‌.»
  1. a. 6‏:2 سه‌رافیمه‌كان: جۆره‌ بوونه‌وه‌رێكی ئاسمانین كه‌ ده‌كرێت جۆرێكی تایبه‌تی فریشته‌ بن.