عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕۆژووگرتنی ڕاستەقینە 
1
«پڕ بە گەرووت هاوار بکە و مەیگەڕێنەوە،
وەک کەڕەنا دەنگت بەرز بکەوە!
یاخیبوونەکەی گەلەکەم بە خۆیان ڕابگەیەنە،
گوناهەکانی بنەماڵەی یاقوبیش بە خۆیان.
2
ڕۆژ بە ڕۆژ داوای من دەکەن و
خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ زانینی ڕێگاکانم،
وەک نەتەوەیەک ڕاستودروستی ئەنجام دابێت و
حوکمەکانی خودای خۆیان پشتگوێ نەخستبێت.
داوای حوکمەکانی ڕاستودروستیم لێ دەکەن و
خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا.
3
دەڵێن: ”بۆچی بەڕۆژوو بووین و سەیرت نەکردین،
خۆمان زەلیل کرد و پێت نەزانین؟“
«وا لە ڕۆژی بەڕۆژوبوونتان خۆشی دەبینن و
هەموو کرێکارەکانتان دەچەوسێننەوە.
4
وا سەرئەنجامی ڕوژووگرتنتان دەبێتە شەڕ و ناکۆکی،
بە خراپە مست لە یەکتری دەوەشێنن.
ئەمڕۆ ناتوانن بەڕۆژوو بن و
چاوەڕێ دەکەن لە ئاسمان دەنگتان ببیسترێت.
5
ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟
مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات،
وەک زەل سەری دادەنەوێنێت و
لەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟
ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو،
یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟
6
«ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت:
کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە و
گرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە،
چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن و
هەموو نیرێک بشکێنن؟
7
ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت و
هەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە،
کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت و
خۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟
8
ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە،
تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات،
ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات و
شکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە.
9
ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە،
هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام.
«ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت و
واز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنیت،
10
هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت و
پێداویستی زەلیل دابین بکەیت،
ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە و
تاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت.
11
یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات و
لە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات و
جەستەت بەهێز دەکات.
وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت،
کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت.
12
گەلی تۆ کەلاوە داڕووخاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە،
بناغەکان هەڵدەستێننەوە، کە لە نەوەکانی پێشووەوەیە،
ئینجا ناوت لێ دەنێن، ”بنیادنەرەوەی شوورا“ و
”ئاوەدانکەرەوەی کۆڵانەکان“.
13
«ئەگەر بە پێیەکانت ڕۆژی شەممەت نەشکاند،
لە ڕۆژی پیرۆزم بە ئارەزووی خۆت نەکەیت،
ئەگەر ڕۆژی شەممە بە ڕۆژی خۆشی دابنێیت و
ڕۆژی پیرۆزی یەزدان، ڕێزدارە،
ئەگەر ڕێزی لێ بگریت بەوەی ڕێگای خۆت ئەنجام نەدەیت و
بەدوای خۆشی خۆتەوە نەبیت و قسەکانی خۆت نەکەیت،
14
ئەوسا خۆشی لە یەزدان دەبینیت و
سواری بەرزاییەکانی زەویت دەکەم و
میراتەکەی یاقوبی باوکت دەرخوارد دەدەم.»
یەزدان بە دەمی خۆی فەرمووی.