عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ڕاستودروستان له‌ناوده‌چن،
كه‌سیش له‌ دڵی خۆیدا بیر له‌مه‌ ناكاته‌وه‌.
خودا خۆشه‌ویستانی بۆ لای خۆی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌،
به‌ڵام كه‌س تێناگات
كه‌ ڕاستودروست بۆ لای خۆی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خراپه‌ ڕزگاریان بكات.
2
ئه‌وه‌ی ڕێگای ڕاستی گرتووه‌ته‌به‌ر
دێته‌ ناو ئاشتییه‌وه‌،
له‌ناو تابووته‌كانیان ده‌حه‌سێنه‌وه‌.
3
«به‌ڵام ئێوه‌، ئه‌ی كوڕانی ژنه‌ به‌خت خوێنه‌ره‌كه‌،
توخمی داوێنپیسه‌ له‌شفرۆشه‌كان، وه‌رنه‌ پێشه‌وه‌!
4
گاڵته‌ به‌ كێ ده‌كه‌ن؟
له‌ كێ ده‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ و
زمان درێژ ده‌كه‌ن؟
ئه‌ی ئێوه‌ كوڕانی یاخیبوون و
توخمی درۆ نین؟
5
ئێوه‌ له‌نێو دار به‌ڕووه‌كان،
له‌ژێر هه‌موو دارێكی سه‌وزدا جۆش ده‌ستێنن،
ئه‌وانه‌ی منداڵان له‌ شیوه‌كان و
له‌ژێر كه‌له‌به‌ره‌كانی تاوێره‌كاندا ده‌كه‌نه‌ قوربانی.
6
به‌شت ئه‌و بتانه‌یه‌ كه‌ له‌نێو به‌رده‌ لووسه‌كانی شیوه‌كانن،
ئه‌وان، ئه‌وان تیروپشكی تۆن.
هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وان شه‌رابی پێشكه‌شكراو و
پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ت پێشكه‌ش كرد.
ئایا له‌به‌ر ئه‌مه‌ پاشگه‌ز ببمه‌وه‌؟
7
جێگای نوستنت له‌سه‌ر كێوێكی به‌رز و بڵند داناوه‌،
بۆ ئه‌وێ سه‌ركه‌وتیت تاوه‌كو قوربانی سه‌رببڕیت.
8
له‌ پشت ده‌رگا و چوارچێوه‌كه‌ی
هێمای بته‌كه‌تت داناوه‌.
پشتت له‌ من كرد و خۆتت ڕووت كرده‌وه‌،
سه‌ركه‌وتیته‌ سه‌ر جێگای خه‌وی خۆت و فراوانت كرد.
په‌یمانت له‌گه‌ڵ بته‌كاندا به‌ست،
حه‌زت به‌ داوێنپیسی له‌گه‌ڵیان كرد،
ناموسی ئه‌وانت بینی.
9
به‌ زه‌یته‌وه‌ چوویته‌ لای مۆله‌خ[a] و
بۆنوبه‌رامی خۆتت زیاد كرد.
نێردراوه‌كانت بۆ دوور نارد،
شۆڕ بوویته‌وه‌ هه‌تا جیهانی مردووان!
10
درێژی گه‌شته‌كانت ماندووی كردیت،
كه‌چی نه‌تگوت: ”ئه‌مه‌ بێ ئومێدییه‌.“
هێزێكی نوێت دۆزییه‌وه‌
له‌به‌ر ئه‌وه‌ شه‌كه‌ت نه‌بوویت.
11
«له‌ كێ ترسایت و تۆقیت
وا ناپاكیت له‌گه‌ڵ كردم،
منت له‌ دڵت نه‌هێشته‌وه‌ و
له‌بیرت كردم؟
ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ماوه‌یه‌كی زۆره‌ بێده‌نگم
له‌ من نه‌ترسایت؟
12
من ڕاستودروستی و كرده‌وه‌كانت ده‌خه‌مه‌ ڕوو،
كه‌ هیچ سوودیان بۆت نییه‌.
13
كاتێك هاوار ده‌كه‌یت،
بته‌ كۆكراوه‌كانت با فریات بكه‌ون!
بای گێژه‌ڵوكه‌ هه‌موویان هه‌ڵده‌گرێت،
ته‌نانه‌ت شنه‌با ده‌یانبات.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌نای داوه‌ته‌ پاڵ من
ده‌بێت به‌ میراتگری خاكه‌كه‌،
كێوی پیرۆزم ده‌بێت به‌ موڵكی.»
ژیاندنه‌وه‌ی دڵشكێنراوه‌كان 
14
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
«ڕێگاكه‌ بنیاد بنێنه‌وه‌، بنیادی بنێنه‌وه‌ و ئاماده‌ی بكه‌ن!
كۆسپ له‌ ڕێگای گه‌له‌كه‌م هه‌ڵبگرن.»
15
چونكه‌ خودای به‌رز و بڵند كه‌ به‌ نه‌مری نیشته‌جێیه‌،
ناوی پیرۆزه‌، ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«له‌ جێی به‌رز و پیرۆز نیشته‌جێم،
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دام
كه‌ دڵشكێنراون و بێفیزن،
بۆ ئه‌وه‌ی بێفیز و دڵشكێنراوه‌كان بژیێنمه‌وه‌.
16
هه‌تاسه‌ر كێشمه‌كێش ناكه‌م و
هه‌تا كۆتایی تووڕه‌ نابم،
چونكه‌ ڕۆح له‌به‌رده‌مم گرژ ده‌بێت،
هه‌ناسه‌ی مرۆڤ كه‌ من دروستم كردووه‌.
17
له‌به‌ر تاوانی چاوچنۆكییه‌كه‌ی تووڕه‌ بووم،
لێم دا، له‌ تووڕه‌ییدا ڕوخساری خۆمم شارده‌وه‌،
به‌ڵام هه‌ر به‌ ڕێگای دڵی خۆی به‌رده‌وام بوو له‌ یاخیبوون.
18
ڕێگاكانی ئه‌وم بینی به‌ڵام چاكی ده‌كه‌مه‌وه‌،
ڕێنمایی ده‌كه‌م و دڵی خۆی و شیوه‌نگێڕه‌كانیشی ده‌ده‌مه‌وه‌،
19
وا ده‌كه‌م به‌رهه‌می لێوه‌كانیان سوپاسگوزاری بێت.
ئاشتی! ئاشتی بۆ دوور و بۆ نزیك،
چاكیشی ده‌كه‌مه‌وه‌،»
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت.
20
به‌ڵام به‌دكاران وه‌ك ده‌ریای هه‌ڵچوون
كه‌ ناتوانێت ئارام بێته‌وه‌،
ئاوه‌كانی لیته‌ و قوڕاو فڕێده‌دات.
21
خودام ده‌فه‌رموێت: «ئاشتی بۆ به‌دكاران نییه‌.»
  1. a. 57‏:9 خوداوه‌ندێكی كه‌نعانییه‌ بتپه‌رسته‌كان بووه‌، بۆ په‌رستنی هه‌ستاون به‌ تێپه‌ڕاندنی منداڵه‌كانیان به‌ناو ئاگردا. بڕوانه‌ \+xt دووه‌م پوخته‌ی مێژوو 28‏:3‏\+xt*.