عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕزگاری بۆ ئه‌وانه‌ی دوورن 
1
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«دادپه‌روه‌ری بپارێزن و
ڕاستودروستی ئه‌نجام بده‌ن،
چونكه‌ به‌م نزیكانه‌ ڕزگاریم دێت و
ڕاستودروستیم ئاشكرا ده‌بێت.
2
خۆزگه‌ به‌و مرۆڤه‌ی ئه‌مه‌ ده‌كات و
به‌و ئاده‌میزاده‌ی توند ده‌ستی پێوه‌ ده‌گرێت،
ئه‌وه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ گڵاوبوون ده‌پارێزێت و
ده‌ستی ده‌پارێزێت له‌ كردنی هه‌موو خراپه‌یه‌ك.»
3
با ئه‌و بیانییه‌ی خۆی داوه‌ته‌ پاڵ یه‌زدان نه‌ڵێت:
«یه‌زدان به‌ ته‌واوی جیام ده‌كاته‌وه‌ له‌ گه‌له‌كه‌ی.»
با خه‌ساویش نه‌ڵێت:
«ئه‌وه‌تا من ته‌نها دارێكی وشكم،»
4
چونكه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌و خه‌ساوانه‌ی ڕۆژه‌كانی شه‌ممه‌م ده‌پارێزن،
ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ دڵم پێی خۆشه‌ و
ده‌ستیان به‌ په‌یمانه‌كه‌مه‌وه‌ گرتووه‌،
5
له‌ناو په‌رستگای خۆم و دیواره‌كانی
یاده‌وه‌ری و ناویان پێده‌ده‌م،
له‌ كوڕان و له‌ كچان باشترن بۆیان.
ناوێكی هه‌تاهه‌تاییان پێده‌ده‌م
كه‌ نابڕدرێته‌وه‌.
6
ئه‌و بیانییانه‌ش كه‌ خۆیان داوه‌ته‌ پاڵ یه‌زدان
بۆ په‌رستنی و
بۆ خۆشویستنی ناوی یه‌زدان
هه‌تا بۆی ببن به‌ به‌نده‌،
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ گڵاوبوون ده‌پارێزن و
ده‌ستیان به‌ په‌یمانه‌كه‌مه‌وه‌ گرتووه‌
7
ده‌یانهێنمه‌ كێوی پیرۆزم،
له‌ ماڵی نوێژم دڵخۆشیان ده‌كه‌م.
قوربانی سووتاندن و سه‌ربڕاویان
مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندین له‌سه‌ر قوربانگاكه‌م،
چونكه‌ ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت
بۆ هه‌موو گه‌لان.»
8
یه‌زدانی باڵاده‌ست،
ئه‌وه‌ی دوورخراوه‌كانی ئیسرائیل كۆده‌كاته‌وه‌، ده‌فه‌رموێت:
«زیاتر كۆده‌كه‌مه‌وه‌
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌ كۆمكردوونه‌ته‌وه‌.»
خودا به‌دكاران تاوانبار ده‌كات 
9
ئه‌ی هه‌موو گیانله‌به‌رانی ده‌شتوده‌ر،
ئه‌ی هه‌موو گیانله‌به‌رانی دارستان، وه‌رن، بخۆن!
10
ئێشكگره‌كانی گه‌ل هه‌موو كوێرن،
نه‌زانن.
هه‌موو سه‌گی لاڵن،
ناتوانن بوه‌ڕن.
خه‌ونبین و پاڵكه‌وتوون،
حه‌زیان له‌ خه‌وه‌.
11
سه‌گه‌كان چاو برسین،
تێربوون نازانن.
ئه‌وان شوانن و تێناگه‌ن،
هه‌موو ملی ڕێی خۆیان گرت،
هه‌ریه‌كه‌ و بۆ قازانج له‌لای خۆیه‌وه‌.
12
ده‌ڵێن: «وه‌رن شه‌راب ده‌هێنم!
با مه‌ی بنۆشین!
به‌یانیش وه‌ك ئه‌مڕۆ ده‌بێت،
به‌ڵكو زۆر باشتریش.»