عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بانگهێشتكردنی تینووه‌كان 
1
«هۆ ئه‌ی هه‌موو تینووه‌كان، وه‌رن،
وه‌رن بۆ ئاو[a] ،
ئه‌وانه‌ش كه‌ پاره‌یان نییه‌،
وه‌رن، بكڕن و بخۆن!
وه‌رن ئێوه‌ پاره‌ مه‌ده‌ن، به‌بێ نرخ
شه‌راب و شیر بكڕن.
2
بۆچی پاره‌ به‌ شتێك به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن كه‌ نان نییه‌؟
بۆچی كارێك ده‌كه‌ن له‌ پێناوی شتێك كه‌ تێرتان ناكات؟
به‌ ته‌واوی گوێم لێ بگرن و ئه‌وه‌ بخۆن كه‌ باشه‌،
با گیانتان تام له‌ چه‌وری وه‌ربگرێت.
3
گوێتان شل بكه‌ن و وه‌رنه‌ لام،
گوێ بگرن بۆ ئه‌وه‌ی گیانتان بژیێت.
په‌یمانی هه‌تاهه‌تاییتان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستم،
خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ و چه‌سپاوم بۆ داود.
4
ئه‌وه‌تا كردم به‌ شایه‌ت به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌،
ڕابه‌ر و فه‌رمانده‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كان.
5
ئه‌وه‌تا ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی نایانناسیت بانگیان ده‌كه‌یت و
ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ناتناسن بۆ لات ڕاده‌كه‌ن،
له‌به‌ر یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت،
له‌به‌ر پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل،
چونكه‌ شكۆمه‌ندی كردیت.»
6
ڕووتان له‌ یه‌زدان بكه‌ن هه‌تا كاتی ماوه‌،
لێی بپاڕێنه‌وه‌ كه‌ هێشتا نزیكه‌.
7
با به‌دكار واز له‌ ڕێگای خۆی بهێنێت و
خراپه‌كاریش له‌ بیركردنه‌وه‌كانی،
با بگه‌ڕێته‌وه‌ لای یه‌زدان، ئه‌ویش به‌زه‌یی پێدا بێته‌وه‌،
بۆ لای خودامان چونكه‌ زۆر لێبورده‌یه‌.
8
«بێگومان بیركردنه‌وه‌ی من بیركردنه‌وه‌ی ئێوه‌ نییه‌ و
ڕێگاكانی ئێوه‌ش ڕێگاكانی من نین،»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
9
«به‌ به‌رزی ئاسمان به‌سه‌ر زه‌وییه‌وه‌،
ئاواش به‌رزه‌ ڕێگاكانم به‌سه‌ر ڕێگاكانتان و
بیركردنه‌وه‌م به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌تان.
10
هه‌روه‌ك چۆن باران و به‌فر
له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێنه‌ خواره‌وه‌ و
ناگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌وێ،
به‌ڵكو زه‌وی ئاو ده‌ده‌ن و
وای لێ ده‌كه‌ن به‌رهه‌م بدات و ڕووه‌كی لێ بڕووێت و
تۆو بدات بۆ تۆوكردن و نان بۆ خواردن،
11
فه‌رمایشته‌كه‌م ئاوا ده‌بێت كه‌ له‌ ده‌ممه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌:
به‌ به‌تاڵی ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆم،
به‌ڵكو ئه‌وه‌ی من پێم خۆشه‌ ده‌یكات و
سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌وه‌ی بۆی ده‌نێرم.
12
ئه‌و كاته‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ و
به‌ ئاشتییه‌وه‌ ڕابه‌رایه‌تیتان ده‌كرێت،
چیاكان و گرده‌كان
له‌به‌رده‌متان ده‌كه‌ونه‌ هاواری خۆشییه‌وه‌،
هه‌موو داره‌كانی ده‌شتوده‌ریش
به‌ ده‌ست چه‌پڵه‌ لێ ده‌ده‌ن.
13
له‌ جێی دڕك سنه‌وبه‌ر ده‌ڕوێت و
له‌ جێی چقڵیش مۆرد ده‌ڕوێت،
بۆ یه‌زدان ده‌بێت به‌ ناوێك،
نیشانه‌یه‌كی هه‌تاهه‌تایی
كه‌ له‌ناو ناچێت.»
  1. a. 55‏:1 ئاو: هێمایه‌ بۆ ژیان و به‌زه‌یی خودا.