عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بانگهێشتکردنی تینووەکان
- 1
- «هۆ ئەی هەموو تینووەکان، وەرن،
 وەرن بۆ ئاو[a] ،
 ئەوانەش کە پارەیان نییە،
 وەرن، بکڕن و بخۆن!
 وەرن ئێوە پارە مەدەن، بەبێ نرخ
 شەراب و شیر بکڕن.
- 2
- بۆچی پارە بە شتێک بەهەدەر دەدەن کە نان نییە؟
 بۆچی کارێک دەکەن لە پێناوی شتێک کە تێرتان ناکات؟
 بە تەواوی گوێم لێ بگرن و ئەوە بخۆن کە باشە،
 با گیانتان تام لە چەوری وەربگرێت.
- 3
- گوێتان شل بکەن و وەرنە لام،
 گوێ بگرن بۆ ئەوەی گیانتان بژیێت.
 پەیمانی هەتاهەتاییتان لەگەڵدا دەبەستم،
 خۆشەویستی نەگۆڕ و چەسپاوم بۆ داود.
- 4
- ئەوەتا کردم بە شایەت بەسەر نەتەوەکانەوە،
 ڕابەر و فەرماندە بۆ نەتەوەکان.
- 5
- ئەوەتا ئەو نەتەوانەی نایانناسیت بانگیان دەکەیت و
 ئەو نەتەوانەی ناتناسن بۆ لات ڕادەکەن،
 لەبەر یەزدانی پەروەردگارت،
 لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
 چونکە شکۆمەندی کردیت.»
- 6
- ڕووتان لە یەزدان بکەن هەتا کاتی ماوە،
 لێی بپاڕێنەوە کە هێشتا نزیکە.
- 7
- با بەدکار واز لە ڕێگای خۆی بهێنێت و
 خراپەکاریش لە بیرکردنەوەکانی،
 با بگەڕێتەوە لای یەزدان، ئەویش بەزەیی پێدا بێتەوە،
 بۆ لای خودامان، چونکە زۆر لێبوردەیە.
- 8
- «بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و
 ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 9
- «هەروەک بەرزیی ئاسمان لە زەوییەوە،
 ئاوا بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتاندا و
 بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.
- 10
- هەروەک چۆن باران و بەفر
 لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە و
 ناگەڕێنەوە ئەوێ،
 بەڵکو زەوی ئاو دەدەن و
 وای لێ دەکەن بەرهەم بدات و ڕووەکی لێ بڕووێت و
 تۆو بدات بۆ تۆوکردن و نان بۆ خواردن،
- 11
- فەرمایشتەکەم ئاوا دەبێت کە لە دەممەوە دێتە دەرەوە:
 بە بەتاڵی ناگەڕێتەوە بۆم،
 بەڵکو ئەوەی من پێم خۆشە دەیکات و
 سەرکەوتوو دەبێت لەوەی بۆی دەنێرم.
- 12
- ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و
 بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت،
 چیاکان و گردەکان
 لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە،
 هەموو دارەکانی دەشتودەریش
 بە دەست چەپڵە لێ دەدەن.
- 13
- لە جێی دڕک سنەوبەر دەڕوێت و
 لە جێی چقڵیش مۆرد دەڕوێت،
 بۆ یەزدان دەبێت بە ناوێک،
 نیشانەیەکی هەتاهەتایی
 کە لەناو ناچێت.»
- a. 55:1 ئاو: هێمایە بۆ ژیان و بەزەیی خودا.

