عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ڕزگاری بۆ ئەوانەی دوورن
- 1
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «دادپەروەری بپارێزن و
 ڕاستودروستی ئەنجام بدەن،
 چونکە بەم نزیکانە ڕزگاریم دێت و
 ڕاستودروستیم ئاشکرا دەبێت.
- 2
- خۆزگە بەو مرۆڤەی ئەمە دەکات و
 بەو ئادەمیزادەی توند دەستی پێوە دەگرێت،
 ئەوەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزێت و
 دەستی دەپارێزێت لە کردنی هەموو خراپەیەک.»
- 3
- با ئەو بیانییەی خۆی داوەتە پاڵ یەزدان نەڵێت:
 «یەزدان بە تەواوی جیام دەکاتەوە لە گەلەکەی.»
 با خەساویش نەڵێت:
 «ئەوەتا من تەنها دارێکی وشکم.»
- 4
- لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «ئەو خەساوانەی ڕۆژەکانی شەممەم دەپارێزن،
 ئەوە هەڵدەبژێرن کە دڵم پێی خۆشە و
 دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە،
- 5
- لەناو پەرستگای خۆم و دیوارەکانی
 یادەوەری و ناویان پێدەدەم،
 لە کوڕان و لە کچان باشترن بۆیان.
 ناوێکی هەتاهەتاییان پێدەدەم
 کە نابڕدرێتەوە.
- 6
- ئەو بیانییانەش کە خۆیان داوەتە پاڵ یەزدان
 بۆ پەرستنی و
 بۆ خۆشویستنی ناوی یەزدان
 هەتا بۆی ببن بە بەندە،
 هەموو ئەوانەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزن و
 دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە
- 7
- دەیانهێنمە کێوی پیرۆزم،
 لە ماڵی نوێژم دڵخۆشیان دەکەم.
 قوربانی سووتاندن و سەربڕاویان
 مایەی ڕەزامەندین لەسەر قوربانگاکەم،
 چونکە ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت
 بۆ هەموو گەلان.»
- 8
- یەزدانی باڵادەست،
 ئەوەی دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، دەفەرموێت:
 «زیاتر کۆدەکەمەوە
 لەگەڵ ئەوانەی کە کۆمکردوونەتەوە.»
- خودا بەدکاران تاوانبار دەکات
- 9
- ئەی هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر،
 ئەی هەموو گیانلەبەرانی دارستان، وەرن، بخۆن!
- 10
- ئێشکگرەکانی گەل هەموو کوێرن،
 نەزانن.
 هەموو سەگی لاڵن،
 ناتوانن بوەڕن.
 خەونبین و پاڵکەوتوون،
 حەزیان لە خەوە.
- 11
- سەگەکان چاو برسین،
 تێربوون نازانن.
 ئەوان شوانن و تێناگەن،
 هەموو ملی ڕێی خۆیان گرت،
 هەریەکە و بۆ قازانج لەلای خۆیەوە.
- 12
- دەڵێن: «وەرن شەراب بهێنین!
 با مەی بنۆشین!
 بەیانیش وەک ئەمڕۆ دەبێت،
 بەڵکو زۆر باشتریش.»

